پەرلەمانتارێك: خاوبوونەوە لە هەوڵی لێپرسینەوە لە مالیكیدا نییە

پەرلەمانتارێك: خاوبوونەوە لە هەوڵی لێپرسینەوە لە مالیكیدا نییە
ئەندامێكی ئەو لێژنە یاسایییەی لەلایەن هاوپەیمانیەتیی هەولێر بۆ ئامادەكردنی فایلی لێپرسینەوە لە نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق راسپێردراوە، ئەمڕۆ سێشەم رای گەیاند كە لێژنەكە لە كارەكانی بەردەوامە و خاوبوونەوە لە هەوڵی لێپرسینەوە رووی نەداوە.

فەرهاد ئەترووشی بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، خاوبوونەوە لە پرسی لێپرسینەوە لە سەرۆك وەزیرانی عێراقدا نییە، بگرە بابەتەكە تەكنیكییە و ئێستە فایلەكان ئامادەن و دەتوانرێ لە هەر كاتێكدا داوای لێپرسینەوە پێشكێشی پەرلەمان بكرێ.

زیاتر گوتی، لێژنەی یاسایی راسپێردراو بۆ ئامادەكردنی فایلی لێپرسینەوە بە وتوێژە سیاسییەكان كاریگەر نییە و ئەركی تەنیا بەلایەنە شكلی و تەكنیكییەكانی لێپرسینەوە و لایەنە دەستوورییەكانی پێوەستە.

ئەترووشی روونی كردەوە، ئەم حەوتووە یان حەوتووی داهاتوو بەڕەسمی داوا لە سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەكەن نامەی بانگكردنی مالیكی بۆ بەردەم پەرلەمان، رەوانەی سەرۆكایەتیی وەزیرانی عێراق بكا.

ئاشكرای كرد بەڵگەی پێویست لەسەر مالیكی كۆ كراوەتەوە، بەڵام هێشتا كارەكان ماوە و ئاماژەی كرد، دەمانەوێ ئەو تۆمەتانەی رووبەڕووی مالیكیان دەكەینەوە بەهێز بن.

ئێستە هەریەك لە لیستی عێراقییە و هاوپەیمانیی كوردستان لە هەوڵی ئەوەدان لە رێگەی پرۆسەی لێپرسینەوە متمانە لە نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق وەربگرنەوە.
Top