ماوه‌ی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن 10 رۆژی تر درێژده‌كرێته‌وه
عادل عه‌بدوڵڵا ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له فراكسیۆنی هاوپه‌یمانی كوردستان به PUKmedia ی راگه‌یاند: له دانیشتنی دوێنێی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراقدا خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ چه‌ند پڕۆژه یاسایه‌ك كرا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگ بوو درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق بوو بۆ ماوه‌ی 10 رۆژی تر.
وتیشی: هۆكاری درێژكردنه‌وه‌ی ئه‌و ماوه‌یه بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن له 28-4-2012 دا واده‌كه‌ی ته‌واوبوو، به‌ڵام پێش به‌سه‌رچوونی واده‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بۆ ماوه‌ی سێ مانگ ماوه‌كه‌ی درێژكرده‌وه، بۆ ئه‌مه‌ش لیژنه‌یه‌ك به نوێنه‌رایه‌تی سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كان پێكهێندرا تا له‌و ماوه‌یه‌دا كۆمسیۆنێكی نوێ هه‌ڵبژێردرێت.
عادل عه‌بدوڵڵا ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له فراكسیۆنی هاوپه‌یمانی كوردستان روونیشكرده‌وه كه له ماوه‌ی ئه‌و سێ مانگه‌دا لیژنه‌كه ناوی 3 هه‌زار كه‌سی وه‌رگرت تا ببن به ئه‌ندامی كۆمسیۆن، دواتر له كۆی ئه‌و ژماره‌یه 60 كه‌س مانه‌وه، به‌ڵام له دواجاردا نه‌یانتوانی له ماوه‌ی ئه‌و سێ مانگه كۆمسیۆنه نوێیه‌كه هه‌ڵبژێرن و فراكسیۆنه‌كان نه‌یانتوانی له‌سه‌ر كاندیده‌ی ئه‌و كۆمسیۆنه رێكبكه‌ون، بۆیه ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران 10 رۆژی تری درێژكرده‌وه، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه درێژكردنه‌وه‌ی ئه‌و 10 رۆژه بۆ لیژنه‌كه‌ی پێشووتر نابێت، به‌ڵكو بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی كاندیده‌ی توركمانه كه جیاوازی له‌سه‌ره.
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه سه‌رجه‌م فراكسیۆنه جیاوازه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن چیتر ماوه‌ی كۆمسیۆن درێژنه‌كرێته‌وه تا بتوانێت ئاماده‌باشییه‌كانی بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عیراق ده‌ستپێبكات و له كاتی خۆی به‌ڕێوه‌بچێت.
هه‌ر سه‌باره‌ت به كۆبونه‌وه‌كه‌ی دوێنێی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران وتی: هه‌مواركردنی یاسای ئه‌و پارێزگایه‌نه‌ی نه‌بوون به هه‌رێم یان له چوارچێوه‌ی هه‌رێم رێكنه‌خراوان، بڕگه‌یه‌كی تری به‌رنامه‌ی كاری ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بوو، له‌گه‌ڵ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پڕۆژه یاسای حزبه سیاسییه‌كان، هه‌روه‌ها دانیشتنه‌كه‌ش بۆ رۆژی دووشه‌ممه 30-7 دواخرا كه پڕۆژه یاسای ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عیراق خاڵێكی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه ده‌بێت.
