دەوڵەتی یاسا چەند لایەنێكی سیاسی بە كۆسپ خستنە بەردەم پێكهێنانى كۆمسیۆنى تازە تۆمەتبار دەكا

دەوڵەتی یاسا چەند لایەنێكی سیاسی بە كۆسپ خستنە بەردەم پێكهێنانى كۆمسیۆنى تازە تۆمەتبار دەكا
ئەمڕۆ تەبایی دەوڵەتی یاسا كە نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانى عێراق سەرۆكایەتیی دەكا چەند لایەنێكی سیاسی بەكۆسپ خستنە بەردەم پێكهێنانى كۆمسیۆنى تازەى هەڵبژاردنەكان تۆمەتبار كرد تا كۆمسیۆنەكە بەو شێوەیەی ئێستە بمێتێتەوە.
سبەى شەموو وادەى كۆمسیۆنى سەربەخۆى هەڵبژاردنەكانى عێراق كۆتا دێ، دەوڵەتی یاسا دەیەوێ ژمارەی ئەندامانى كۆمسیۆنەكەى ئێستە كە 9 ئەندامە بۆ 15 زیاد بكا تا هەموو پێكهاتەكانى تێدا بێ، بەڵام تەباییی عێراقییە ئەم داوایە وەپاش دەداتەوە.

محەمەد سەهیوود بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند، چەند بۆچوونێك هەیە بۆ ئەوەى هەڵبژاردنەكانى داهاتوو لەژێر سەرپەرشتی ئەو كۆمسیۆنەى ئێستەدا بێ، روونى كردەوە هەر ئەوانەشن كە رێگری لە دروستبوونى كۆمیسۆنى تازە دەگرن.

ئاماژەى كرد ناكۆكی ئێستە زۆر سادەیە و دەكرێ چارەسەر بكرێ، عێراقییە دەڵێ پشكی من لە كۆمسیۆن 4 كورسییە، لەلایەكی تریش هاوپەیمانیی نشتیمانی دەڵێ پشكی من 5 كورسییە.

پتر گوتى، ئەو ناكۆكییە هیچ بیانوویەكی رژدی نییە، بەڵام ئەوانە دەیانەوێ درێژە بەكارى كۆمسیۆنى ئێستە بدەن و كۆمسیۆنى تازە نێتە هەڵبژاردن، ئەمەش جێگەی قبووڵكردن نییە.















ئاكانیوز
Top