حكومەتی عێراق پشتگیری رووخانی ئەسەد دەكات

حكومەتی عێراق پشتگیری رووخانی ئەسەد دەكات
حكومەتی عێراق رایگەیاند كە لەگەڵ گۆڕانی رژێمی سووریایە، بەڵام ئەوە تەنها پەیوەستە بەو گەلە و عێراق پێشوازی هەر گۆڕانكاریەك دەكات.

دوێنێ چوارشەممە، عەلی دەباغ، گوتەبێژی فەرمی حكومەتی عێراق رایگەیاند \"عێراق لەگەڵ رژێمی ئێستای سووریا نییە، بەڵكو دەبێ ئەو رژێمە لە بناغەوە بگۆڕدرێ، بەڵام ئەوە پەیوەندی بە خەڵكی سووریاوە هەیە، عێراقیش بەپێی توانا هاوكاری گەلی سووریا دەكات\"".

دەباغ راشیگەیاند \""هەڵوێستی حكومەتی عێراق وەك خۆیەتی و نەگۆڕاوە، ئێمە لەگەڵ ئازادی گەلی هاوڕێمانین لە سووریا، پێویستە خۆیان ئەو سیستەمە هەڵبژێرن كە باشترینە بۆ خۆیان و ئەو سەرۆكە هەڵبژێرن كە دەیانەوێ\"".

کەچی رۆژی دووشەممە، عەلی دەباغ لە لێدوانێكی جیاوازدا، بڕیاری كۆمكاری عەرەبی رەتكردەوە، كە داوای كردبوو بەشار ئەسەدی سەرۆكی سووریا واز لە پۆستەكەی بێنێت. هەر بۆیە ئەم لێدوانە نوێیەی حكومەتی عێراق، بە گۆڕان لەهەڵوێستەكەیان تەماشا دەكرێت.

دەباغ لە لێدوانە نوێیەكەیدا دەڵێت \""ئێمە سێبەری هیچ وڵاتێكی دیكە نین –ئاماژەیە بۆ ئەو رەخنانەی كە عێراق لەژێر پەستانی ئێران هەڵوێستی روون نییە بەرامبەر بەشار ئەسەد- ئێمە لەعێراق دەمانەوێ رووداوەكان وەك خۆی سەیر بكەین\"".

لەلای خۆیەوە عیزەت شابەندەر، پەرلەمانتاری دەوڵەتی قانون رایگەیاند \""حكومەتی عێراق پشتیوانی رژێمی ئەسەد ناكات، بەڵام نایەوێ بەگوێرەی ئەو دەستپێشخەریەی قەتەر كار بكات كە دواتر سعودیەش پشگیری كرد و بەهەردووكیان بەرتیل دەدەنە وڵاتانی دیكە بۆ پشگیری كردنی\"".

22/7/2012 وڵاتانی كۆمكاری عەرەبی لە كۆنگرەیەكدا كە لە دەوحەی پایتەختی قەتەر سازكرا، دوایان لە بەشار ئەسەد، سەرۆكی سووریا كرد واز لە پۆستەكەی بێنێت، بەمەش كۆمكاری عەرەبی دەتوانێ رێوشوێنی گونجاو بگرێتە بەر بۆ ئەوەی خۆی و بنەماڵەکەی بە سەلامەتی لە سووریا بێننە دەر. ئەم داواكاریەش بۆ راگرتنی خوێنڕێژی و كوشتنە كە لەو وڵاتەدا روودەدات و بەشێوەیەكی ئاشتیانە دەسەڵات بگوازرێتەوە.



















رووداو"
Top