کۆشکی سپی: بێلایەنیی خۆمان دەپارێزین

 کۆشکی سپی: بێلایەنیی خۆمان دەپارێزین
چەند ڕۆژ پێش ئێستا ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی جێگری سەرۆكی ئەمەریكا سەردانی عێراقی كرد و لەگەڵ چەند بەرپرسێكی سیاسی ئەم وڵاتە كۆ بووەوە.

لە كۆبوونەوەكانیدا جەختی كردەوە وڵاتەكەی لەم تەنگژە سیاسییەی ئێستای وڵاتدا پشتیوانی لە هیچ لایەنێك ناكات و ڕێزیش لە هەر بڕیارێك دەگرێت، كە عێراقییەكان دەیدەن.

هەوڵەكانی هەرسێ لایەنی ڕەوتی سەرد و ئەلعیراقییە و لایەنی كوردی بۆ لادانی سەرۆكوەزیرانی عێراق (نووری مالیكی) بەردەوامە و گوتەبیژی هاوپەیمانی كوردستان (موئەیەد تەیب)ـیش ئاماژەی دا، كە چەند لیژنەیەك تەرخان كراوە بۆ ئەوە دوای تەواوبوونی پشووی پەرلەمان كە 21 ئەم مانگە دەبێت پرۆسەی لێپرسینەوە لە (مالیكی) دەست پێ دەكەن.”

مەسەلەی لێپرسینەوەی لە (نووری مالیكی) و بانگهێشتكردنی بۆ پەرلەمان دوای ئەوە هات، كە سەركۆماری عێراق (جەلال تاڵەبانی) ئەو نامەیەی، كە پێویست بوو بیداتە پەرلەمان بۆ سەندنەوە لە (نووری مالیكی) نەیدایە و بۆ ئەوەیش هەرسێ لایەنی كوردی و ڕەوتی سەدر و عێراقیە بڕیاریان دا لەم ڕێگەیەوە متمانە لە (مالیكی) وەرگرنەوە.

دەستێوەردانی دەرەكی
لە گەڵ بەردەوامیی تێكچوونی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا، چەند جارێك وڵاتانی دراوسێ و نێودەوڵەتییەكان تۆمەتبار كراون بە دەستێوەردانی ناوخۆی عێراق.

لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ‌ كەناڵی “ئەلمەیادین” (نووری مالیكی) هەریەك لە وڵاتانی (سعوودیە و قەتەر) بە دەستێوەردانی ناوخۆی عێراق تۆمەتبار كرد و ئاماژەی دا، كە “ئامانجی‌ ئەوان بە تەنیا لابردنی‌ من نییە، بەڵكو پەكخستنی‌ تەواوی‌ پرۆسەی‌ سیاسییە لە عیراق”.

رۆژانی 13 و 14ی ئەم مانگە (تۆنی بلینكین)ـی ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی جێگری سەرۆكی ئەمەریكا (جۆ بایدن) سەردانی عێراقی كردووە و لەگەڵ هەریەك لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی) و سەرۆكوەزیرانی عێراق (نووری مالیكی) و جێگری سەرۆكوەزیران (حوسێن شەهرستانی) كۆ بوەەوە و، لە ڕێی تەلەفۆنیشەوە لەگەڵ سەركۆماری عێراق (جەلال تاڵەبانی) و سەرۆكی پەرلەمانی عێراق (ئوسامە نوجێفی) قسەی كردووە.

ماڵپەری فەرمیی كۆشكی سپی ئاماژەی دا، كە (بلینكین) لەو سەردانەیدا بە بەرپرسانی عێراقی ڕاگەیاندووە، كە خەڵكی ئەمەریكا و عێراق قوربانییەكی زۆری داوە بۆ ئەوەی بتوانن ستوونەكانی دیموكراسییەكی دەستووری لە عێراقدا دابنێن و جەختیشی لە سەر ئەوە كردووەتەوە، كە ئەمەریكا لە سەر یارمەتیدان و پشتیوانیكردنی عێراق بەردەوام دەبێت،

بەڵام ئەمەریكا لەم تەنگژە سیاسییەی ئێستادا پشتیوانیی هیچ لایەنێك ناكات و ڕێزیش لە هەر بڕیارێك دەگرێت، كە عێراقییەكان دەیدەن، بە مەرجێك ئەو بڕیارە بە گوێرەی دەستوور و یاسا بێت و نەبێتە هۆكارێك بۆ هەڵگیرسانەوەی توندوتیژی لە وڵاتدا.

ئەندامی ئیئتلافی فراكسیۆنە كوردستانییەكان (بەكر حەمە سدیق) پێیوایە، كە چ وڵاتە هەرێمییەكان و چ وڵاتە نێودەوڵەتییەكانی وەك ئەمەریكا، نەك بێلایەنیی خۆیان نەپاراستووە بەڵكو بە ئاشكرا هەموو كارێك دەكەن بۆ مانەوەی مالیكی لە پۆستەكەیدا و پیشتیوانیی ئەو لایەنانەیش دەكەن، كە هەوڵی مانەوەی مالیكی دەدەن.

(موئەیەد تەیب)ـیش ئاماژەی دا، كە ئەوان بێئاگان لەوەی، كە \'\'ئەمەریكا بەشێوەیەكی نهێنی فشاری خستێبێتە سەر لایەنێك، بەڵام تا ئیستا بەشێوەیەكی فەرمی پشتگیریی هیچ لایەنێك ناكات و لەگەڵ بڕیاری عێراقیەكاندایە بەمەرجێك پێچەوانەی دەستوور نەبێت.\'\'
Top