دەوڵەتی یاسا: پێوەندییە تەلەفۆنییەكەی مالیكی و سەدر رێگە بۆ گفتوگۆكردن لە ئاستێكی باڵادا خۆش دەكا
ئیحسان عەوادی بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، پێوەندییە تەلەفۆنییەكەی نێوان نووری مالیكی سەرۆك وەزیران و موقتەدا سەدری سەرۆكی رەوتی سەدر ڕۆڵی هەیە لە دەست پێكردنی گفتوگۆی نێوان هەردوولا لە ئاستێكی باڵادا.
زیاتر گوتی، ئەو پێوەندییە تەلەفۆنییە رێگەخۆشكەرە بۆ كۆتاهێنان بە ناكۆكییەكان و دۆزینەوەی خاڵە هاوبەشەكان، لە كاتێكدا كە هەموو كەس تێبینی هەیە لەسەر ئەدای حكوومەت و پێشكێشكردنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییان.
بەرپرسێكی نووسینگەی رەوتی سەدر دوێنێ هەینی رای گەیاندبوو، موقتەدا سەدر سەركردەی رەوتەكە و نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق پێوەندییەكی تەلەفۆنیان لەبارەی تەنگژەی ئێستەی وڵات ئەنجام داوە.
ئەمە یەكەمین پێوەندیی نێوان ئەو دوو لایەنەیە لە پاش كۆبوونەوەیان لە ئێران لە ئادار/مارسی رابردوودا.
