سەرۆککۆماری عێراق: باسكردنی ناوی جێگرەوەکانی مالیکی سەرپێچیی دەستوورە
نووسینگەی سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق ئەوەیشی خستووەتە ڕوو، دوای وردبینیكردن لە 160 ئیمزا، لە فراكسیۆنەكانی (عێراقییە و هاوپەیمانیی كوردستانی و كوتلەی ئەحرار و ژمارەیەك پەرلەمانتاری سەربەخۆ)، پاش ئەوەی ژمارەیەك پەرلەمانتاری یەکێتییش ئیمزاكانیان نارد، 11 پەرلەمانتار لە ئیمزاكانیان پەشیمان بوونەتەوە و هاوكات دوو پەرلەمانتاری تر ئیمزاكانیان هەڵپەساردووە.
هاوکات لە راگەیەنراوەكەدا کە دوێنێ ئێوارە بڵاو کراوەتەوە هاتووە، وەك پەرۆشییەك بۆ بەرچاوڕوونیكردنی خەڵكی عێراق، لەسەر راستییەكان و بۆ خستنە ڕووی رووی راستەقینەی تەنگژەی سیاسی ئەمڕۆ، بۆ ئەوەی راگەیاندنەكان ناو و هەڵوێستی مام جەلال بە خراپ باس نەكەن، ئەم راگەیەندراوەیان بڵاو کردووەتەوە:
\"لە روانگەی پەرۆشییەوە بۆ ئاگادار بونی گەلی عێراقی بەڕێز لە دیوی راستیی روداوەكانی پەیوەست بە قەیرانی توندبونی ناكۆكییە سیاسییەكان و، بۆ تەواو رۆشنكردنەوە و خستنە روی هەڵوێستی فەخامەتی سەرۆك كۆمار و پابەند بونی تەواوی بە ئەحكامەكانی دەستور و، بە مەبەستی بەرپەرچدانەوەی ئەوەی لە میدیاكان و ناوەندە سیاسییەكان لە بارەی سستیی سەرۆكی دەوڵەت باسی لێوە دەكرێت لە ئاست بەجێهێنانی ئەركە دەستورییەكانی ،دەمانەوێت ئەم رونكردنەوەیە بدەین :-
فەخامەتی سەرۆك كۆمار بەڵێنی دا بە سەركردەی ژمارەیەك كوتلەی سیاسیی ، ، ناوی ئەو پارلەمانتارانە بەرز دەكاتەوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی بەڕێز كە داوای سەندنەوەی متمانە دەكەن لە دەوڵەتی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ، لە دوای دڵنیابون لە سەلامەتیی ئیمزاكانیان و تەواو بونی نیسابی قانونیی. هەرچەندە ئەم هەنگاوە لەسەر سەرۆك كۆمار ئیلزامی نییە بەڵام وەك رێگە چارەیەكی مام ناوەنجیی بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكە رازی بو بیكات.
ئەو كۆمیتەیەش كە سەرۆك رایسپارد بۆ وردبینیی ،ئیمزای 160پارلەمانتاری ئیتلافی العراقیە و هاوپەیمانیی كوردستان و كوتلەی ئەحرار و ژمارەیەك پارلەمانتاری سەربەخۆی وەرگرت،دواتریش لیستێكی چەند پارلەمنتارێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیشی خرایە سەر،پاشان 11پارلەمانتار كە پێشتر ئیمزایان كردبو، بە نوسینگەی سەرۆك كۆماریان راگەیاند كە پاشەكشێ دەكەن بە ئیمزاكانیان دو پارلەمانتاری تریش ئیمزاكردنەكەیان هەڵپەسارد .
لەبەر رۆشنایی ئەوە و بەهۆی تەواو نەبونی نیسابەوە نامەكەی فەخامەتی سەرۆك كۆمار سەرباری ئەوەی كە دەقەكەی ئامادەیە، بەرز ناكرێتەوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی بەڕێز و لای بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەمێنێتەوە .
بە باشمان زانی ئەم وردەكارییانە بخەینە بەرچاو . بۆ رێگرتن لە هەر قسەو قسەڵۆكێك لە ئاست هەڵوێستی سەرۆك كۆمار و بۆ دوپاتكردنەوەی پابەند بونییەتی بە دەستور.
لێرەدا دەبێت ئاماژەش بەوە بدەین كە باسكردن و هێنانە پێشەوەی هەندێك ناو گوایە ئەوانە كاندیدای سەرۆكایەتی وەزیرانن سەرپێچییەكی ئاشكرای ئەحكامی برگەی (دال)ی بەندی هەشتی مادەی61ی دەستورە كە سەرۆك كۆمار سەرپشك دەكات بۆ ئەو مافە وەك لە مادەی 76ی دەستوردا هاتوە .
سەرۆك تاڵەبانی سەرەتای ئەم مانگە بە نیازی گەشتێكی چارەسەر بو ،بەڵام دوای خست تا ئەو كاتەی كە وردبینیی و لێكۆلینەوە تەواو دەبێت لە مەسەلەی ئیمزاكان و نیساب ،دوای یەكلایی بونەوەی ئەو مەسەلەیە گەشتەكەی لە هەفتەی ئایندەدا دەكات .
فەخامەتیان مەبەستیەتی دوپاتی بكاتەوە قەیرانی سیاسیی ئێستا كە گرژیی و ئاڵۆزیی پەنگ خواردنەوەیەكی كۆمەلایەتیی و ئەمنیی لێدەكەوێتەوە و كاروانی بنیاتنانی ئابوریی پەك دەخات ،دەبێت لە چوارچێوەی ئەحكامی دەستوریی و قانونیی چاودێریی و ئاڕاستە بكرێت بەرەو باش بون و كرانەوە ،داواش دەكات لە هەمو هێزە سیاسییەكان ناكۆكییەكانیان لەو چوارچێوەیەدا یەكلایی بكەنەوە و خۆ بپارێزن لە هەر شتێك كە تاو دەدات بە گرژیی پەنگ خواردنەوە لە یەكتر و هەوڵەكانی دیالۆگ پەك دەخات، داواشیان لێ دەكات پێشنیازەكانی و بانگهێشتەكەی بۆ كۆبونەوەی نیشتمانیی دیراسە بكەن، كە دەبێت ئەو كۆبونەوەیە لە هەمو حاڵەتەكاندا هەرببەسترێـت گەر سەندنەوەی متمانەكەش سەربگرێت یان نا ."
