عێراقییە: بەم نێزیكانە پرسی گەڕانەوەی وەزیرەكان بۆ دانیشتەكانی ئەنجوومەنی وەزیران یەكلا دەكەینەوە

عێراقییە: بەم نێزیكانە پرسی گەڕانەوەی وەزیرەكان بۆ دانیشتەكانی ئەنجوومەنی وەزیران یەكلا دەكەینەوە
ئەمڕۆ دووشەم لیستی عێراقییە رای گەیاند، بەم نێزیكانە پرسی بایكۆتكردنی دانیشتنەكانی ئەنجوومەنی وەزیران لەلایەن وەزیرەكانی لیستەكەیەوە یەكلا دەكاتەوە، هاوكات رەتی كردەوە لیستەكەی بڕیاری دابێ ببێتە ئۆپۆزسیۆن.

حامید موتڵەگ سەركردە لە لیستی عێراقییە بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، بەم نێزیكانە لیستی عێراقییە بڕیار لەبارەی گەڕانەوە یان نەگەڕانەوە وەزیرەكانی بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیران دەدا و لە ئێستەدا پێكهاتەكانی ناو لیستەكە تاوتوێی ئەو پرسە دەكەن.

موتڵەگ زیاتر گوتی، بەردەوامبوونی لیستی عێراقییە لە بایكۆتكردنی حكوومەت مانای ئەوە نییە لیستەكە بووەتە ئۆپۆزسیۆن، هەرچەندە كشانەوەی یەكجاری لە پرسەی سیاسی و بوون بە لایەنی ئۆپۆزسین یەكێك بوو لە بژارەكانی كۆبوونەوەكەی دوێنێ پێكهاتەكانی عێراقییە.

دوێنێ یەكشەم پێكهاتەكانی لیستی عێراقییە لە كۆبوونەوەیەكی فرەواندا بڕیاری گەڕانەوەی ئەندامانی لیستەكەیان بۆ پەرلەمان و بەردەوامبوونی لە بایكۆتكردنی حكوومەتی عێراق كە خاوەنی 8 پۆستی وەزارەتییە دا.

مانگی رابردوو (كانوونی یەكەم/دیسێمبەر) دوای سەرهەڵدانی تەنگژەی سیاسی لە عێراق بەهۆی دەركردنی فەرمانی گرتنی تاریق هاشمی جێگری سەركۆماری عێراق بەتۆمەتی \"تیرۆر\""، لیستی عێراقییە بڕیاری بایكۆتكردنی پەرلەمان و حكوومەتی دا.

عێراقییە 91 كورسی لە كۆی 320 كورسیی پەرلەمانی عێراق هەیە و لەلایەن ئەیاد عەلاوی سەرۆك وەزیرانی پێشتری عێراقەوە سەرۆكایەتی دەكرێ و یەكەم لیستی براوەی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عێراق بوو لە ئادار/مارسی 2010."
Top