سلێمانی خاوەنداریەتی گۆڕەپان و مەیدان دەکات لەسەر ئاستی کوردستان

سلێمانی خاوەنداریەتی گۆڕەپان و مەیدان دەکات لەسەر ئاستی کوردستان
نەبەرد محەمەد یاریزانی تیپی گۆڕەپان و مەیدانی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی
سلێمانی خاوەنداریەتی گۆڕەپان و مەیدان دەکات لەسەر ئاستی کوردستان
قەزاو ناحیەکانی ھەرێمی کوردستان لە یارییەکانی گۆرەپان و مەیدان خاوەن کۆمەلێک یاریزانانی بەتوانان لە ھەردوو ئاستی کوڕان و کچان، قەزای کفریش لە دەڤەری گەرمیان یەکێک لەو شارانەی کەوا گرنگی زۆر بە یارییەکانی گۆڕەپان و مەیدان دەدەن لەسەر ئاستی کوردستان و چەندین یاریزانی بەتوانا لەم شارە پێشەنگی یاریزانانی کوردستانیان گرتووە، یەکێک لە یاریزانە بەتواناکانیش نەبەرد محەمەدە ئەو لە دایکبووی ساڵی ١٩٨٦ی کفرییە لە گەرمیان خاوەنی بڕوانامەی ماجستێرە لە پەروەردەی وەرزشیی و ماوەیەکی زۆریشە لە ریزی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی یاری دەکات و پێشووتریش بۆ ھەریەک لە یانەکانی کفری و عانە و شورتە یاری کردووە و چەندین ئەنجامی بەرچاویشی لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق بەدەستھێناوە، ئێمەلە نزیکەوە ئاگاداربوون لە ژیانی وەرزشی چەند پرسیارێکمان ئاڕاستەی کرد ئەوەیش لەلایەن خۆیەوە وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دبمانە: کارزان کانەبی
*لە نێوان ئەم ھەموو یارییە چۆن بوو بە یاری گۆڕەپان و مەیدان ئاشنا بوویت؟
-سەرەتای ئاشنابووم بە وەرزش لە یاری تۆپی پێیەوە دەستم پێکرد و لە یانەی کفریش یاریم کرد ، دواتریش رووم لە یارییەکانی گۆڕەپان و مەیدان کرد بەڵام ھیچ یانەیەک نەبوو لە شارەکەی من دواتر لە کۆلێژی پەروەردەی وەرزشیی وەرگیرام لە شاری سلێمانی وەکو یاریزانی گۆڕەپان و مەیدانی کۆلێژی پەروەردەی وەرزشیی یاریم کردوە دواتریش لەرێگای مامۆستایەکی خۆمەوە لە کۆلێژی پەروەردەی وەرزشیی مامۆستا ئەحمەد بەھادین بانگەشتکراوم بۆ ریزی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی.
* ئاستی یاری گۆڕەپان ومەیدان چۆن دەبینی لەسەرئاستی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی ؟
-لەسەرئاستی کوردستان بۆ خۆی لە ئاستێکی لاوازە بەھۆی نەبوونی چەند یانەیەکی زۆر کەم کە زۆربەیان تەنیا بەشداری پاڵەوانیەتیەکان دەکەن بەبێ ئامادەکاری ، جگە لەوەش ھەبوونی یاریزانی ئاست بەرز بەڵام لە ئاستی تاک کە جێگای شانازین بۆ ئێمەی کورد کە بەردەوام لە پێشەنگی عێراقن.
*ئەی لە شار سلێمانی لە چ ئاستێکەدا دەیبینی کە سلێمانی ھەموو کات خاوەن یاریزانانی بەتوانا بووە کێبرکیان لەسەر بەدەستھێنانی ئەنجامی گەورە کردوە ؟
-سلێمانی خاوەنداریەتی گۆڕەپان و مەیدان دەکات لەسەر ئاستی کوردستان و ھەمیشە لە ریزی پێشەوەی عێراقیشە بەڵگەی قسەکانیشم ئەنجامی چەند ساڵەی ڕابردوو و بە ئێستاشەوە پێمان دەلێت کە سلێمانی شاسواری یارییە تاکەکانە و لە ناویاندا پشکی شێریش بەربوکی یارییەکان کەوتووە.
*پێت باشە چی بکرێت ، بۆبەرەووپێشبردنی ئەم یارییە لە کوردستان بۆ ئەوەی بگاتە ئاستێکی بەرز؟
-بوونی یاریگای تایبەت و پشتگیری مادی و ھێنانی ڕاھێنەری تایبەت بە ھەر یارییەک ھۆکاری بەرەوپیشبردنی یارییەکەیە، چونکە ئێمە توانای باشمان ھەیە لە کوردستان، بەڵام پشت گوێ خراون نیوەی یاری تۆپی گرنگی پێ بدرایە ئێستا لە ئاستێکی زۆر جیاواز بوو.
* باشترین ئەنجامە باشەکانت چین وەکو یاریزانێک ؟
-خاوەنی چەندین ئەنجامی شایستەم لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق و ژمارەی پێوانیش ھەر بەناوی خۆمە بەتایبەتی لە ٤٠٠م و ٢٠٠م بەڵام یەکێتی گۆڕەپان و مەیدان کوردستان بۆیان ھەژمارنەکردوومە بەھۆی بێ ئاگابوونیان لە چاڵاکی یاریزانە کوردەکان لەسەر ئاستی عێراق ، لە وڵاتی قەتەریش ئەم ریکۆدرەم شکاندووە تەنیا لە کوردستان حسیابی بۆ ناکرێت لە پاڵەوانیەتی عەرەبیش ئەنجامم ھەبووە .
*لەئێستادا بەرنامەت چیە وەکو یاریزانێک ؟
-بەردەوام لە ئامادەباشیدان بۆ بوونی ھەر پاڵەوانیەتێک و خولێک.
*کێشەو گرفتان چیە لەم یارییە ؟
- کێشەکان زۆرن بەتایبەت نەبوونی یاریگای تایبەتی بەخۆمان ، جگە لە نەبوونی بەشێکی زۆری پێداویستی ناو یاریگا لەگەڵ ھەبوونی یاریزانێکی زۆر و نەبووونی ڕاھێنەری تایبەت یاخود کە ھەشبێت زۆر کەمن لە وەرزی زستان زۆرترین کیشەکان توش دەبێت لە کاتی باران بارین و بەفربارین بەھۆی نەبوونی ھۆڵی داخراو ، یارییەکەی ئێمە پێویستی زۆری دەوێت ئەویش بە پارە دەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا یاریزانانی ئێمە کەمترین مووچە وەردەگرن.
* لە خێزانەکەت ھیچ کەسێکتان وەرزشوانە ؟
-نەخێر تەنیا خۆم وەرزشکارم ، بەڵام ئەوان بەردەوام ھاوکارم بووینە لە وەرزش کردن.
* ھیواو ئاواتت وەکو وەرزشکارێک ؟
-بەشداری کردنم لە ئۆڵۆمپیادی جیھانی.
*یانەکەتان ھاوکاریتان دەکەن وەکو پێویست ؟
-بەلێ ئەوەی وای کردووە کە تاکو ئێستا یاری گۆرەپان و مەیدان بەردەوام بێ لە سلێمانی بەتایبەت بۆ ئاستی کوڕان بەشێکی زۆری یانەی وەرزشیی پێشمەرگەی سلێمانی دەزانم ئەوان ھۆکارن بۆ بەردەوامی دان بەم یارییە.
* بەچ یاریزانێک سەرسامی؟
-یوھان بلەیک ڕاکەری جامایکی لە ڕاکردنی ١٠٠م.
*ئەگەر شتێکت ماوە لە کۆتایدا؟
-تەنیا دەست خۆشی بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ بەسەرکردنەوەی یاریزانانی شارەکانی کوردستان بەبێ جیاوازی بەھیوای بەردەوامی بۆ کارەجوانەکانتان.

Top