ئاستی وەرزشی کوردستان بە باشی نابینم

ئاستی وەرزشی کوردستان  بە باشی نابینم
یحیا محەمەد میسیەکەی ھەولێر
ئاستی وەرزشی کوردستان بە باشی نابینم
یەحیایەکێک لە یاریزانە بەتواناکانی تازەپێگەیشتوانی قوتابخانەی یانەی وەرزشیی ھەولێرە ئەو بە جولە سەڕەنج ڕاکێشەکانی ھەموو چاوەکانی لە دەوری خۆی کۆدەکاتەوە یحیا ھەر چەندە منداڵە بەڵام خەون و ئارەزووی زۆری ھەیە لە وەرزش کردن و بە ھیوای ئەوەیە رۆژێک بتوانێ بگاتە ئاستێکی بەرز ، یحیا کوڕی کەسایەتێکی دیاری کوردستانە کە ئەویش دکتۆر محەمەد بازیانیە ، ناوبراو لەگەڵ باوکی تەواو لە دونیایەکی جیاوازترە بەڵام خولیا و ئاستە بەرزەکەی وای لێ کردوە باوکی بەردەوام گرنگیی بە تواناکانی بدات وەکو یاریزان، ئەو لە تازەپێگەیشتوانی یانەی ھەولێرە و نیازی ئەوەی ھەیە لە ئەکادیمیای ئەنقەراوە لە دەرگای ئەوروپا یانە گەورەکان بدات، ناوبراو لەدایک بووی ساڵی ٢٠٠٣ی شاری ھەولێرە ئێمەش بۆ لەنزیکەوە ئاشنا بوون بەم یاریزانە چەند پرسیارێکمان ئاراستەی کرد ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیمانە: کارزان کانەبی
* بۆچی لە ناو ئەم ھەموو وەرزشە یاری تۆپی پێت ھەڵبژارد؟
-ئەم یارییە خەونێک بووە بۆ من ھەرلە مندالێەوە خەونی پێوە دەبینم برا کەشم یاریزان بووە ، لە رێگەی بەرێزو ئیبراھیمی برام منیش خولیام بۆ ئەم یارییە ھەبووە دەمەوێ لە رێگەی ئەم یارییەوە سەری کوردستان بەرز بکەمەوە؟
* لە ھیچ ئەکادیمایەکی شاری ھەولێر یاریت کردوە؟
-بەلێ لە ئەکادیمایی یانەی ھەولێرو ئیتالیەکانیش یاریم کردوە ، ئێستا یاریزانی تازەپێگەیشتوانی یانەی ھەولێرم.
* چۆن بوو پەیوەندین بە ئەکادیمیای ئەنقەرای وڵاتی تورکیاوە کرد؟
- لە رێگەی تۆری کۆمەلایەتی فیسبووکەوە کە چەند ڤیدیۆیەکی منیان بینی بوو ئاستی یاری کردنی منیان بەدڵ بوو ،بۆیە دواتر بەمنیان گوت دەتوانی سەردانی وڵاتی تورکیا بکەیت بۆ ئەوەی تاقیت بکەینەوە منیش سەردانی ئەو ئەکادیمایەم کردو کە زیاتر لە ٣٠یاریزانی جیھانیان تاقیی کردوە منیش یەکێک بووم لەم یاریزانە خۆشبەختانە توانیم سەرکەوتبووم و ئامانجەکەم بدی بھێنم بە وەرگرتنم لەم ئەکادیمیایە.
* ئاستی وەرزشی کوردستان چۆن دەبینی وەکو یاریزانێک کەتازە دەتەوێت بەرەوو قۆناغی گەورە ھەنگاو بنێ؟
-ئاستی وەرزشی کوردستان من بە باشی نابینم، چەندین یاریزانی تر ھەیە دەیانەوێ بگەنە ئاستی بەرز ، بەڵام ئەم ھەلەیان بۆ نارەخسێ بۆ ئەوەی بتوانن خۆیان درووست بکەن، چونکە پێویستی بە خۆ ماندوو کردنە بەڵام گرنگی دان بەیاریزانان کەمە، برایەکی خۆشم کە یاریزانێکی زۆر بەتوانا بوو بەھۆی گرنگی پێنەدانی ئەویش واز ھێنا.
* جارێک تەمەن بچووکی بۆچی وا ڕەشبینی؟
-لە کوردستان ھەر لە مێژە بەم شێوەیە یاریزان ناتوانێ ببێتە ھیچ ئامانجێک تەنیا خۆ ماندوو کردنە، تەنیا منیش رەش بین نیم سەدان کەس ڕەشبینە.
* پێت باشە قوتابخانە و ئاکادیمیای زیاتر بکرێتەوە لە کوردستان؟
-بە دڵنیایەوە چەند قوتابخانەی تۆپی پێی بکرێتەوە یاریزانی زیاتر دروست دەبێت وەرزش زیاتر بە پێش دەکەوێت.
* سوود زیاتر لە کام ئەکادیمیا بینووە وەکو یاریزان؟
- ئەوەی ئیتالیەکە کە ماوەی چوار مانگ بوو زۆریش سوودم لی بینی.
*ھیواو ئاواتت چیە لە وەرزش کردن؟
- بەھیوای ئەوەم لەرێگەی ئەم وەرزشەوە سەری منداڵانی کوردستان و کورد بەرز بکەمەوە لە جیھاندا بتوانم یارمەتی منداڵانی کورد بدەم بۆ ئەوەی بگەنە ئاستی خۆیان، یاری تۆپی پێی لە کوردستان بەرەوو پێش بچێت یاریزانی زۆر باشمان ھەیە .
* بیستومانە لە چەند ئەکادیمایەکی ئەوروپی چاودێری تۆ دەکەن تا چەند ڕاستە؟
-بەلێ راستە بە تایبەت لە وڵاتـی ئیتالیا بەرێز رۆجیریۆ ئەوەی میسیەکەی کەرکووکی بردە ئەوروپا زۆرجار لە رێگەی پەیوەندی تەلەفۆنی و تۆری کۆمەلایەتی فیسبووکەوە پەیوەندیان بە باوکمەوە کردوە بۆ ئەوەی بمبەنە ئەو ئەکادیماییە لە وڵاتی ئیتالیا ، بەلام مەرجی ئەوان ئەوە بوو لەسەر مەسروفاتی خۆمان سەردانی ئەم وڵاتە بکەین بەڵام ئەوە بۆ ئێمە کارێکی قورسە ، بەڵام ھەر کاتێک ئەوان ڕازی بوون بە ئەوەی مەسروفاتی ئێمە بکەن ئێمەش ئامادەین بچینە ئەو وڵاتە.
* ئەکادیمیایی کەتالۆنیا پەیوەندیان پێوە نەکردووی؟
-تاکو ئێستا نەخێر ، تەنیا لە مانچسیتەر لە رێگەی برادەرێک پێم گوتراوە ، بەڵام باوەرم بەوە نەکرد چونکە پارەیەکی زۆری دەوێ ، بەلام بۆ من وڵاتی تورکیا لە ھەمووی باشترە.
* بەرنامەت چییە بۆ داھاتوو؟
-لە بەرنامەمە لەم ماوەیە بەیەکجاری دەچمە وڵاتی تورکیا بۆ پەیوەندی کردنی یەکجاریم بە ئەکادیمیایی ئەنقەرای نێودەوڵەتی.
*بەچ یاریزانێک سەرسامی لە جیھان و کوردستانیش؟
- لە جیھان بە میسی چونکە یاریزانێکی سەرسورھێنەرە و دەمەوێ لاسایی ئەو بکەمەوە و لە کوردستانیش بە سەرھەنگ موحسین .
*حەزت لییە بە کێ بانگت بکەن لە ناو وەرزش؟
- ھەر بە ناوی خۆم یحیا محەمەد جولەی یاری کردنیشم وەکو میسیە.
*کێ زۆر پشتگیریت دەکات لە وەرزش کردنت؟
-بە پلەی یەکەم باوکی خۆشەویستم و براکانم وکاک ئاڵا و چەند ھاورییەکی تریشم.
*خوێندن گرفتی بۆ دروست نەکردووی؟
- نەخێر چونکە لە خوێندنیش ئاستم زۆر باشە .
*دوای وەرگیرانت لەم ئەکادیمیایە ھیچ بەرپرسێکی وەرزشی پەیوەندیان پێوە کردووی؟
-بەلێ چەندین ھاورێ و خۆشەویستان پەیوەندیان پێوە کردوومە ، یاریزانانی یانەی ھەولێر زۆر ھاوکاریان کردوە بەتایبەت سەرھەنگ موحسین و ھەردی سیامەند، کەناڵە راگەیاندنەکانیش ھاوکارم بووینە.
*چۆنە پەیوەندیت بە ئەکادیمایەکی شاری بەغداد نەکردوە؟
- چونکە یاریزان چەند بەتوانا بێت لە ئاستی عێراق ، بەڵام ناگاتە ئامانجی خۆی بۆیە رەشبینم بە ئاستی وەرزشی عێراق ، کوردستان باشە ، بەڵام عێراق باشترە لە کوردستان چونکە یاریزانی باشتری تێدایە.
* نیازی ئەوەت ھەیە لە دەرگای تورکیا ھەنگاو بۆ ئەوروپا بھاوێ؟
- بەھیوای ئەوەم بتوانم ئەم کارە بکە لە یانەیەکی گەورەی ئەوروپا یاری بکەم.
*یانەی ھەولێر داوای گریبَەستی لێ کردووی؟
- بەلێ بەڵام گرێبەستم نەکردوە بەھۆی ئەوەی کە گرێبەست بکەم ناتوانم بۆ ھیچ شوێنیکی تر یاری بکەم.
*ئەگەر شتێکت ماوە لە کۆتایدا؟
- زۆر سوباس بۆ گۆڤاری گوڵان بەردەوام ھاوکاری وەرزشکارانی شارەکانی کوردستانە بەبێ جیاوازی خزمەتی بەرچاوتان بە بواری وەرزشی کردووە لە رێگەی وەرزشی.
Top