كێشەی تۆپی بالە لەوەدایە كە ئەوانەی بەڕێوەی دەبەن بۆ ناوبانگ و پارە كار دەكەن
نەوزاد شێرزاد یاریزانی كوردی ریزی هەڵبژاردەی بالەی نیشتمانیی عێراقیە و یەكێكە لە یاریزانە هەرە بەتواناكان لە سەر ئاستی كوردستان و عێراق كە خاوەنی چەندین ئەنجامی شایستەیە لەگەڵ یانەكانی هەولێر و پێشمەرگەی سلێمانی و یانەی گازی باشوور و هەڵبژاردەی عێراق، ماوەیەكیشە هاتۆتەوە ریزی یانەی وەرزشیی هەولێر كە وەرزی ڕابردوو ریزی یانەكەی بۆ باشوری عێراقی عێراق جێهێشتبوو. نەوزاد لەدایكبووی ساڵی 1991ی شاری هەولێرە و بۆ هەڵبژاردەكانی تازەپێگەیشتووان و لاوان و یەكەمی عێراقیش یاری كردووە، ئەمساڵیش رۆڵی كارای بینی لە بەدەستهێنانی نازناوی بالەی كوردستان لەگەڵ یانەی هەولێر ئێمەش بۆ لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە ژیانی وەرزشی چەند پرسیارێكمان ئاڕاستەی كرد، ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵان-ی دایەوە.
دیمانە: كارزان كانەبی
* ئاستی یاریی بالە لە كوردستاندا چۆن دەبینی؟
- ئاستی یاریی بالە لە كوردستاندا چەند ساڵێك بوو وەكو پێویست نەبوو، بەڵام ئەمساڵ ئاستی باشتر بووە، چونكە یانەكانیش گرنگی زیاتریان بە یارییەكە داوە.
* ئەی لەسەر ئاستی عێراق چۆنی دەبینی كە تۆ لە هەردوو خول بەشداریت؟
-لە ئاستی عێراق باشترە، چونكە یانەكان ژمارەیان زیاترە و خولەكانیشیان زۆرە و یانەكانیش بەشداردەبن ڕكابەری دەكەن بۆ گەیشتن بە خولەكانی ئاسیا و عەرەبی كە نێودەوڵەتییە بۆیە ئاستی عێراق باشترە.
* بە بۆچوونی تۆ چی بكرێت باشە بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە پێشبكەوێت؟
-یاریكردن پیشە بێت، نەوەك كات بەسەربردن و خولی زیاتر بكرێتەوە و گرنگی زیاتر بە تواناكانی یاریزانانی لاو بدرێت بۆ ئەوەی زیاتر ئاستی ئەم یارییە پێشبكەوێت، هەروەها پێویستە باری دارایی باشتر بكرێت.
* بۆچی لە ناو ئەو هەموو یانە كوردییە رووت لە یانەیەكی باشووری عێراق كرد؟
-چونكە هیچ یانەیەكی كوردستان توانای ڕكابەری خولی عێراقیان نەبوو، بەڵكو هەندێكیان هەر بەشدار نەبوون، بۆیە منیش دەمویست ئاستی خۆم پێشان بدەم.
* ئامانجی چوونت بۆ باشوور تەنیا بۆ پارە بوو، یان هۆكاری دیكەی بوو؟
-كە یاری بكەین بۆ تیپێكی دەرەوەی شارەكەمان، دواتر پارە وەربگرین وەكو گرێبەستی خۆمان، شتێكی ئاساییە، هەروەها پێموابوو لەم یانەیە دەتوانم زیاتر ئاستی خۆم دەربخەم.
* چۆن بڕیارت دا بۆ یانەی وەرزشیی هەولێر بگەڕێیتەوە؟
- دوای ئەوەی یانەی گازی باشوور بڕی گرێبەستەی یاریزانانی یانەكەی كەم كردووە، من ڕازی نەبووم بە گرێبەستەكەی ئەوان و گەڕامەوە ریزی یانەی وەرزشیی هەولێر بۆ ئەوەی زیاتر خزمەتی یانەی شارەكەی خۆم بكەم.
* كێشەو گرفتی بەردەم یاریی تۆپی بالە لە كوردستان چییە؟
- كێشەی تۆپی بالە لەوەدا دەبینم كە ئەوانەی بەڕێوەی دەبەن بۆ ناوبانگ و پارە كار دەكەن.
* بۆچی لە كوردستان ئاستی ئەم یارییە لە بەرەوپاش چووندایە؟
- لە كوردستان خول زۆر كەم دەكرێتەوە، بۆیە ئەم یارییە پێشوەچوونی باش بە خۆیەوە نابینێ، تەنیا بۆ كاتی خولەكانە.
* بەدەستهێنانی نازناوی كوردستان لەگەڵ یانەی هەولێر بەبێ پارەش بۆچی دەگەڕینێتەوە؟
-بوونمان بە پاڵەوانی كوردستان گرێیەكی ناخمان بوو، ئەمساڵ بە تواناییەكی زۆر دەرمان هێنا.
* هیواو ئاواتت وەكو یاریزانێك لەم یارییەدا چییە؟
- چۆن یاریم بۆ هەڵبژاردەی عێراق كردووە، حەز دەكەم لە تەمەنی وەرزشیم یاری بۆ هەڵبژاردەی كوردستان بكەم، دوای ئەوەش بتوانم خزمەتی شارەكەم بكەم و چەند یاریزانێك درووست بكەم.
* باشترین ئەنجامەكانت وەكو یاریزان چی بوون؟
-لەگەڵ هەڵبژاردەی تازەپێگەیشتووانی عێراق توانیمان پلەی چوارەم لە پاڵەوانێتیی عەرەب بەدەست بهێنم، لەگەڵ هەڵبژاردەی لاوانی عێراق بەشداری پاڵەوانێتیی ئاسیام كرد و توانیم بڕوانامەی یاریزانی ئاسیا بەدەستبهێنم، لەگەڵ یانەی هەولێر پلەی دووەم و یەكەمی كوردستانمان بەدەستهێناوە، لەگەڵ پێشمەرگەی سلێمانیش چوارەمی عێراق بووین.
* بەرنامەت بۆ داهاتووی خۆت چییە؟
- هیوام ئەوەیە ئەو ماوەیەی كە وەرزش دەكەم بەرەوپێش بچم، دواتریش لە یاریی بالە خزمەتی وەرزشوانانی شارەكەم بكەم.
* چی بە رپرسانی وەرزشی دەڵێی؟
-من بەرپرسێك نابینم خزمەتی وەرزش بكات لە كوردستان بەتایبەتی لە تۆپی بالە.
* هەوڵت نەداوە قوتابخانەیەكی پێگەیاندنی یاریزانان بكەیتەوە؟
-هیوا و ئاواتم ئەوەیە قوتابخانەیەكی پێگەیاندنی یاریزانان بكەمەوە، گەرچی ئێستا ناتوانم لە بەر یارییەكانی خۆم ئەو كارە ئەنجام بدەم، بەڵام لە داهاتوو هەوڵی تەواوی بۆ دەدەم.
* ئەگەر شتێكت مابێت؟
- بەهیوای ئەوەم بەرپرسان زیاتر گرنگی بە وەرزشەكان بدەن بە هەموو یارییەكانەوە، سوپاسی گوڤاری گوڵانیش دەكەم كە بەبێ جیاوازی خزمەتی سەرجەم وەرزشكارانی شارەكانی كوردستان دەكات، ئەوەش گەورەترین شانازییە.
