دوو راهێنەر تەنیا 72 كاتژمێر بوونە راهێنەری هەڵبژاردەكانیان

دوو راهێنەر تەنیا 72 كاتژمێر بوونە راهێنەری هەڵبژاردەكانیان
دوای تەواوبوونی قۆناغی دووەمی یارییەكان پاڵاوتن بۆ جامی جیهانی 2018 و جامی نەتەوەكانی ئاسیا لە ئیمارات بۆ تۆپی پێی، كیشوەری ئاسیا ژمارەیەكی پێوانەیی بۆ خۆی تۆماركرد، كاتێك دوو راهێنەر ئەركی راهێنەرایەتی دوو هەڵبژاردەیان بۆ ماوەی 72 كاتژمێر وەرگرت دواتر وازیان لە پۆستەكەیان هێنا.
عەبولغەنی شەهد راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق رەزامەندی نیشاندا لە شوێنی یحیی عەلوان راهێنەری پێشووی هەڵبژاردەكە كار بكات، بەمەرجێك تەنیا بۆ یەك یاری.
راهێنەری ناوبراو پێش ئەنجامدانی یارییەكی چارەنووساز بەرانبەر هەڵبژاردەی ڤێتنام بە 72 كاتژمێر ئەركی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەكەی وەرگرت و توانی سەركەوتن لەم یارییە گرنگە بە دەست بهێنێت و هەڵبژاردەكەی بگەێنێتە قۆناغی سێیەم و كۆتایی یارییەكانی پاڵاوتن بۆ جامی جیهانی، پاش تەواوبوونی یارییەكە راستەوخۆ عەبدولغەنی شەهد تەئكیدی لەوە كردووە، كە لەگەڵ هەڵبژاردەی لە قۆناغی داهاتوو بەردەوام نابێت، چونكە ناتوانێت لە یەك كاتدا لە ریزی دوو هەڵبژاردە كاربكات.
لە هەمان كاتدا یەكێتی تۆپی پێی ئوردن گرێبەستی لەگەڵ راهێنەری بەناوبانگی ئینگلیزی هاری ریدناب مۆركرد بۆ سەرپەرشتیكردنی هەڵبژاردەی ئوردن لە یارییە چارەنووسازەكەی بەرانبەر هەڵبژاردەی ئوسترالیا.
هاری ریدناب دوای گەیشتنی بۆ ئوردن سەیری یاری هەڵبژاردەی ئوردن و بەنگلادیش-ی كرد پاشان راستەوخۆ لەگەڵ هەڵبژاردەی ئوردن بەرەو ئوستراڵیا بەرێكەوتن، لەم یارییە تووشی دۆرانێكی گەورە هاتن، كاتێك بە ئەنجامی (5-1) گۆڵ بەرانبەر ئوستراڵیا دۆران و ماڵئاواییان لە یارییەكانی پاڵاوتن كرد.
لەمباریەوە هاری رێدناب سەبارەت بەم شكستە گوتی: لە هەڵبژاردەی ئوردن هیچ یاریزانێكی وەكو میسی یاخود كریستیانۆم نییە، تاوەكو بتوانم دەستكەوت بە دەستبهێنم.
سەبارەت بە دوا رۆژی لەگەڵ هەڵبژاردەكە هاری ریدناب گوتی: ئەركی من لەگەڵ هەڵبژاردەی ئوردن تەواو بوو، هۆكاری وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایوتی هەڵبژاردەی ئوردن بۆ ئەو پەیوەندییە دەگرێتەوە، كە لە نێوان من و ئەمیر عەلی بن حوسێن هەیە.
ئەمەش هاری ریدناب ژمارەیەكی پێوانەیی تۆماركرد، كە بۆ ماوەی 72 كاتژمێر سەرپەرشتی هەڵبژاردەی ئوردن-ی كرد و ماڵئاوایی لە گرنكترین پاڵەوانێتی لەسەر ئاستی جیهان كرد، ئەوەیش یارییەكانی پاڵاوتن بۆ جامی جیهانی بوو.
رێبین رەمزی
Top