سەفین کانەبی: بۆ بە دەستهێنانی نازناو دەچینە ئەبخازیا
لەم کۆنگردا سەفین کانەبی بە وردی باسی لە گەشتەکەی کرد و گوتی: لە ساڵی ۲٠۱٥ هەڵبژاردەی کوردستان بەشداری لە هیچ چاڵاکییەکی کۆنیفا نەکرد، بەڵام لە ساڵی ۲٠۱٦ بەشداری لە پاڵەوانێتی کۆنیفا دەکەین لە هەرێمی ئەبخازیا، کە لە رۆژی ۲۸/٥/۲٠۱٦ دەست پێ دەکات و ۱۲ هەرێم بەشداری دەکات، دوای ئەوەی ۱۸ هەرێم ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ بەشداریکردن، بەڵام دوای ئەنجامدانی دەنگدان تەنیا رەزامەندی لەسەر بەشداریکردنی ۱۲ هەڵبژاردە درا، و خۆشبەختانە هەڵبژاردەی کوردستان زۆرترین دەنگی بە دەستهێنا.
لە درێژەی قسەکانیدا سەفین کانەبی گوتی: لە کۆبوونەوەکەدا هەڵبژاردن بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆک و جێگر و سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی کۆنیفا ئەنجام درا، لەم هەڵبژاردنە خۆم وەکو نوێنەری کوردستان بۆ ئەندامیتی مەکتەبی تەنفیزی کۆنیفا هەڵبژارد، دوای هەژمارکردنی دەنگەکان لەم هەڵبژاردنە سەرکەوتوو بووم.
سەبارەت بە ستافی راهێنەرانی هەڵبژاردەی کوردستان، سەفین کانەبی گووتی: لە کۆبوونەوەی داهاتووی یەکێتیەکەمان لە رۆژی شەممە باس لە دەستنیشانکردنی ستافی راهێنەرانی هەڵبژاردەی کوردستان دەکەین، ئێمە لەم پاڵەوانێتیەدا ئەنجامان دەوێت، بۆیە راهێنەری داهاتوو هەر کەسێک بێت بە تەواوی پشتگیری دەکەین و هەموو شتێکی بۆ دابین دەکەین بۆ بە دەستهێنانی ئەنجام و هەروەها لە دەستنیشانکردنی یاریزانیش سەربەستی دەکەین، بە هیچ شێوەیەک وەکو یەکێتی تۆپی پێی کوردستان دەست لە کارووباری راهێنەر وەرنادەین.
لەم قەیرانە داراییەدا، چۆن هەڵبژاردەی کوردستان بەشداری لەم پاڵەوانێتیە دەکات، سەفین کانەبی گووتی: ئێمە لەم کۆبوونەوەیدا باسمان لە قەیرانی دارایی کرد و باسی شەری داعشمان کرد و قورسیی بەشداریکردنی هەڵبژاردەی کوردستان لەم پاڵەوانێتیە، لێژنەی میوانداری ئەم پاڵەوانێتیە لە ئەبخازیا دوو ئاسانکارییان بۆ کردین، ئەوەیش بڕیاریان دا خەرجی ۲٥ کەس لە شاندی کوردستان بۆ هۆتێل و خواردن و گواستنەوە دەکەوێتە ئەستۆی ئەوان، تەنیا بلیتی فرۆکە لەسەر ئێمەیە، ئەمەش بارقورسییەکی زۆریان لەسەر هەڵگرتین.
لەسەر بەشداریکردنی ناوبژیوانان و راگەیاندن سەفین کانەبی قسەی خۆی هەبوو و گووتی: بەسوپاسەوە سەرۆکی لێژنەی ناوبژیوانانی کۆنیفا، کە بە رەگەز ئینگلیزییە بڕیاری دا،کوردستان بە چوار ناوبژیوان بەشداری بکات، بە مەرجێک دوو ناوبژیوان ناوەراست بێت و دووەکەی تر یاریدەدەری ناوبژیوان بن و یەکێکیان زمانی ئینگلیزی بزانێت، بۆیە وەکو یەکێتی تۆپی پێی کوردستان ئەم ئەرکە دەدینە لێژنەی ناوبژیوانانی کوردستان بۆ دەستنیشانکردنی ناوبژیوانەکان بە پێی ئیستحقاقی خۆیان، لە هەمان کاتدا رەنگە دوو رۆژنامەنووسیش یاوەری شاندەکە بن، ئەوەیش لێژنەی راگەیاندن لەگەڵ لێژنەی رۆژنامەنووسانی کوردستان بەم کارە هەڵدەستن، تاکە مەرجی ئێمە ئەوەیە، کە دەبێت کەسی دەستنیشانکراو رووماڵی خولەکانی کوردستان بکات.
لە کۆتایی قسەکانیدا سەفین کانەبی باسی لە موژدەیەکی خۆشیکرد و گووتی: لە وڵاتی ئیتاڵیا بووین، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەوروپا دلاوەر ئاژگەیی پەیوەندی پێوەکردم و پێی راگەیاندم، کە بەم نزیکانە کۆبوونەوەیەکەمان لەگەڵ یەکێتیەکانی تۆپی پێی لە ئەوروپا بۆ رێک دەخات، بەمەبەستی کردنەوەی دەرگایەک بۆ ئەندامبوونی کوردستان لە فیفا، ئێمە لە هەوڵەکانی خۆمان بەردەوام دەبین.
هەر لەم کۆنگردا بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان شوان رەئوف، سەبارەت بە تیروپشکی پاڵەوانێتیەکە گووتی: تا ئێستا کاتی تیروپشکی پاڵەوانێتیەکە دیاری نەکراوە، بەڵام هەڵبژاردە بەشداربووەکان بەسەر چوار گرووپ دابەش دەکرێت و لە گرووپێک دوو هەڵبژاردە سەردەکەوێت بۆ قۆناغی هەشت و یارییەکان لە رۆژی ۲۹/٥ دەست پێ دەکات تا ٥/٦/۲٠۱٦ بەردەوام دەبێت.
رێبین رەمزی
