رومراما ئیسماعیل یاریزانی باسكە: لەسەرەتاوە بەهرە و توانای خۆم لە یانەی ئەكاددا دۆزیوەتەوە
دیمانە: كارزان كانەبی
*لەنێوان ئەم هەموو یارییە وەرزشییەدا چۆن بوو یاریی باسكەت هەڵبژارد؟
-یاریی باسكە تایبەتمەندیی خۆی هەبووە لە ژیانی من، ئەم یارییە لە گشت یارییەكانی تر زیاتر خولیای بووم، بۆیە هەر لە سەرەتاوە دەمزانی لەم یارییەدا سەركەوتوو دەبم، بۆیە منیش ئەم یارییەم هەڵبژارد.
*ئاستی یاریی تۆپی باسكە لە ئێستادا چۆن دەبینی؟
-بەشێوەیەكی زۆر باشی نابینم، بە هۆی نەبوونی پاڵەوانێتی كە ئەویش هۆكارە بۆ ئەوەی كە ئێمە وەكو یاریزانان نەتوانین بە شێوەیەكی چڕ مەشقەكانمان ئەنجام بدەین، ئەوەش گرفتە بۆ سەرجەم یاریزانانی تیپەكە كە نەتوانن گرنگی بە تواناكانی خۆیان بدەن.
* بۆ ئەوەی ئاستی تۆپی باسكە لە كوردستان بەرز ببێتەوە، پێویستە چی بكرێت ؟
-بەر لە هەموو شتێك كردنەوەی پاڵەوانێتیی بەردەوام هۆكارێكی باشە بۆ ئەوەی بتوانین گرنگی بەم یارییە زیاتر بدرێت، جگە لەوەش كردنەوەی قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان لە شار و شارۆچكەكان و دابینكردنی هۆڵ و كەل و پەلی پێویست، ئەمانە هەمووی هۆكارن بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی ئەم یارییە لە كوردستان.
*نەكردنەوەی پاڵەوانێتی لە ماوەی رابردوودا تاچەند كاریگەریی لەسەر ئاستی ئێوە هەبووە؟
-بە دڵنیاییەوە كاریگەریی زۆری هەیە ئەگەر هیچ پاڵەوانێتییەك نەبێت، بێگومان ئاستی یاریزانان دادەبەزێت. بۆیە پێویستە لەسەر بەرپرسانی وەرزشی خول و پاڵەوانێتی بكەنەوە؟
* بە شێوەیەكی گشتی گرفتی ئەم یارییە لە چیدا دەبینی؟
-لە ئێستادا لە شاری هەولێر تەنیا یانەی ئەكاد گرنگی بەردەوام بە یارییە وەرزشییەكان دەدات، بەتایبەتی یاریی باسكەی كچان، بۆیە لەسەر لایەنی بەرپرس پێویستە زیاتر گرنگی بە تواناكانی كچان بدات و هۆڵ و پێداویستیی وەرزشییان بۆ دابین بكات.
* چی بكرێت بۆ ئەوەی كچان زیاتر روو لە وەرزش بكەن؟
-پشتگیریكردنی كچان بە دابینكردنی پێداویستییەكانە بۆ ئەوەی ئەوانیش زیاتر روو لە وەرزش بكەن، پێویستە هان بدرێن و خانەوادەكانیش هاوكاریان بن، جگە لەوەش هۆڵی زیاتر بكرێتەوە بۆ كچان بۆ ئەوەی ئەوانەی بەهرەیان هەیە بتوانن بەهرەكانی خۆیان لە یانەكان تاقی بكەنەوە، ناردنە دەرەوەی كچە یاریزانان بۆ دەرەوەی وڵات، ئەوانە هەمووی هۆكارە بۆ باشتربوونی ئاستیان.
*دەستەی كارگێڕیی یانەی وەرزشی ئەكاد چۆن هاوكاریتان دەكەن؟
-سوپاسی دەستەی كارگێڕیی یانەكەمان و دەستەی راهێنەران دەكەین كە بەردەوام هاوكاری ئێمەیان كردووە بۆ ئەنجامدانی مەشق و پاڵەوانێتییەكانی دەرەوەی تیپەكەمان.
* هیواو وئاواتت وەكو كچە یاریزانێك چییە؟
- بە هیوای ئەوەم بتوانم لە داهاتوودا زیاتر پەرە بە تواناكانی خۆم بدەم و بتوانم چەند نازناوێك لەگەڵ یانەكەم بەدەستبهێنم و یانەكەشمان لە سەر ئاستی عێراق و دەرەوەش نازناوی گەورە بەدەست بهێنێـت.
* تۆ قوتابی زانكۆیت، ئایا وەرزش گرفتت بۆ دروست ناكات؟
- نەخێر چونكە من كاتەكانی خۆم دابەش كردووە بۆ هەردوو لا، بۆ وەرزشەكەم و خوێندنەكەشم، دەمەوێ لە هەردوو لایەندا سەركەوتوو بم.
* بەرنامەت بۆ داهاتووی خۆت چییە؟
- بەهیوای ئەوەم بتوانم لە داهاتوو زیاتر خزمەت بە وەرزشی یاریی باسكە بكەم و بتوانم تواناكانی خۆم لەم یارییە سەرف بكەم و سوود بە هەموو لایەك بگەیێنم.
*ئەگەر شتێكت مابێت؟
- بەهیوای ئەوەم زیاتر گرنگی بە یارییەكانی كچان بدرێت لە یاریی باسكە پاڵەوانێتییەیان بۆ بكرێتەوە و ئەم قەیرانە داراییە چارەسەر بێت، سوپاسی گۆڤاری گوڵان-یش دەكەم بۆ ئەم خزمەتە بەردەوامەی بە یاریزانانی شارەكانی كوردستان دەكات.
