لە خولی نایابی کوردستان ئەمڕۆ ھەولێرو زێرەڤانی ، ئارارات و زاخۆ ،شێروانە و کەرکووک بەیەک دەگەن، سبەش پێشمەرگەی ھەولێرو برایەتی، دھۆک و گارە بەھێزترین یاری ئەنجام دەدەن

لە خولی نایابی کوردستان ئەمڕۆ ھەولێرو زێرەڤانی ، ئارارات و زاخۆ ،شێروانە و کەرکووک بەیەک دەگەن، سبەش پێشمەرگەی ھەولێرو برایەتی، دھۆک و گارە بەھێزترین یاری ئەنجام دەدەن
کارزان کانەبی
لەمیانی یارییەکانی گەری سێ یەمی خولی نایابی یانەکانی کوردستان بڕیارە ئەمڕۆ پێنج شەممە و سبەی ھەینی لە چەند یاریگایەکی شارەکانی کوردستان لە ھەردوو کۆمەڵەکەی خولەکە چەند یارییەکی گرنگ بەرێوە بچێت، لە کۆمەڵەی یەکەم لە سەر یاریگای یەکەمی یانەی وەرزشی ھەولێر لە ھەولێری پایتەخت ھەردوو یانەی ھەولێرو زێرەڤانی لە لوتکەی یارییەکانی ئەم ھەفتەیە ڕووبەرووی یەکتری دەبنەوە بۆ ئەم یارییەش یاریزانانی ھەردوو تیپ ئامادەکارییەکی باشیان کردوە بە ئامانجی بەدەستھێنانی ئەنجامی شایستە و سێ خاڵی یارییەکە ، چونکە لە ھەفتەی ڕابردوو ھەردوو تیپەکە یەک خالێان بەدەستھێناوە بۆیە تاکە ئامانجی ھەردوو تیپ سەرکەوتنە لە یارییەکە، یانەی ئاراراتی برینداریش بەبێ بوونی ڕاھێنەری سەرەکی لە سەرمای پیرمام میوانداری یانەی زاخۆی دەلال دەکات، بۆ ئەم یارییەش یاریزانانی ئارارات ھەموو ھەولێکیان دەخەنە گەڕ بۆ ئەوەی بتوانن سێ خاڵی یارییەکە بکەنە دیاری ھاندەران و قەرەبووی شکستی ھەفتەی ڕابردوو بکەنەوە، زاخۆییەکانیش بە ئامانجی بەدەستھێنانی ئەنجامی شایستە و سێ خاڵی یارییەکە ھاتۆتە پیرمام و پێش بینش دەکرێ یارییەکی بەھێز بێت لە نێوان ھەردوو تیپ، لە قەزای کەلاریش لە گەرمیان ھەردوو یانەی شێروانە و کەرکووک ڕووبەرووی یەکتری دەبنەوە ، شێروانە بە پاڵپشتی ھاندەران و یاریگا دەیانەوێ بە سێ خاڵ لە یاریگا بێنە دەرەوە ، کەرکووکییەکانیش دەیانەوێ بە ھەمان ریتمی ھەفتەی پێشوو بتوانن سێ خاڵی یارییەکە لە یانەی میواندار وەربگرن سەرکەوتن لەم یارییەش بۆ ھەردوو تیپ گرنگی خۆی ھەیە، سبەی ھەینیش لە کۆمەڵەی دووەم چەند یارییەکی بەھێز ئەنجام دەدرێت، لە ھاوینە ھەواری پیرمام لە یارییەکی بەھێز و گرنگدا ھەردوو یانەی پێشمەرگەی ھەولێرو و برایەتی بە سەرپەرشتی ھەردوو ڕاھێنەران سەمیر بابۆ و فاتیح حمە خان ڕووبەرووی یەکتری دەبنەوە بۆ ئەم یارییەش یاریزانانی ھەردوو تیپ لە ئامادەکارییەکی باشدان ، پێشمەرگەی ھەولێر بەھیوای قەرەبوو کردنەوەی شکستی ھەفتەی ڕابردوو یاری دەکات بۆ ئەوەی بتوانێ بەسەر یانەی برایەتی سەربکەوێت، برایەتیش بۆ بەدەستھێنانی سێ خاڵی یارییەکە دەچێتە پیرمام و ھەردوو تیپیش چاویان لە بەدەستھێنانی ئەنجامی شایستەیە، لە کەرکووکیش ھەردوو یانەی سۆلاڤ و نەورۆز ڕووبەرووی یەکتری دەبنەوە ، ھەردوو یانەش تامەزرۆی بەدەستھێنانی سەرکەوتن کە لە دوو ھەفتەی ڕابردوو نەیانتوانیوە سەرکەوتن بەدەست بھێنین بۆیە ھەموو ھەولێکی ھەردوو ڕاھێنەران سەلام مەجید و ئەرسەلان جەلال سێ خاڵی یارییەکەیە، لە دێربی شاری دھۆکیش ھەردوو یانەی دھۆک و گارە ڕووبەرووی یەکتری دەبنەوە بۆ ئەم یارییەش یاریزانانی ھەردوو تیپ ئاستیان تاڕادەیەک وەکو یەکە و ژمارەی خاڵەکانیان وەکو یەکە بۆیە ھەردوو تیپ بەوپەری ئامادە باشیانەوە ڕووبەرووی یەکتری دەبنەوە ئامانجی ھەردووتیپیش سێ خاڵی یارییەکە و قایمتر کردنی پێشەنگی یانەکانە و پێش بینیش دەکرێ یارییەکەی بەھێز بێت لە نێوان ھەردوو تیپ، لە ھەردوو کۆمەڵەکەش یانەکانی زاخۆ و گارە لە پێشەنگی یانەکان دێن ، سەرجەم یارییەکانیش لە کاتژمێر٢ی دوای نیوەرۆ بەرێوە دەچێت.
Top