بەفەرمی... هەولێر بەشداری لە خولی نایابی كوردستان دەكات

بەفەرمی... هەولێر بەشداری لە خولی نایابی كوردستان دەكات
یانەی وەرزشی هەولێر بەفەرمی بڕیاری دا بەشداری لە خولی نایابی كوردستان بۆ تۆپی پێی بكات.
لە لیدوانێكی تایبەتدا محەمەد خۆشناو سەرپەرشتیاری تیپی دووەمی یانەی هەولێر بەشداربوو لە خولی كوردستان گوتی: بەفەرمی تیپەكەمان بەشداری لە وەرزی ئەمساڵی خولی نایابی كوردستان بۆ تۆپی پێی دەكات و لە رۆژانی داهاتوو دەستەی كارگێری یانەكە كۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دەدات بەمەبەستی پێكهینانی لێژنەیەك بۆ مۆركردنی گرێبەست لەگەڵ یاریزانەكانی ئەم تیپە.
لە درێژەی قسەكانیدا محەمەد خۆشناو گوتی: هەرچەندە تیپەكەمان تا ئێستا ئۆردوگایەكی مەشقی لە دەرەوە ئەنجام نەداوە، بەڵام دەستەی راهێنەرانی تیپەكەمان مەشقەكانیان چركردیتەوە و تا رادەیەك بە باشی خۆمان بۆ وەرزی ئەمساڵ ئامادە كردووە و هیچ كێشەیەكەمان لە هێڵەكانی بەرگری و ناوەڕاست و هێرشبەر نییە.
خۆشناو لە قسە كردن بەردەوام بوو و گوتی: ئێمە لەگەڵ دەستەی راهێنەرانی تیپی تۆپی پێی بەشداربوو لە خولی عێراق كۆبوونەوەیەكەمان ئەنجام دا بۆ ئەوەی سوود لە هەندێك یاریزانی ئەم تیپە وەربگرین تاوەكو لە مەشق و یارییەكان لەگەڵ تیپی تۆپی پێی بەشداربوو لە خولی كوردستان یاری بكەن، چونكە لەگەڵ تیپی یەكەم تا ئێستا هیچ یارییەكیان ئەنجام نەداوە، دوای گفتوگۆكردنی هەردوو لا رێكەوتین لەسەر ئەوەی هەر سێ یاریزان ( نیاز مەغدید، ساڵح محەمەد، فەرمان ئیسماعیل) لەگەڵ تیپەكە بەشداری لە خولی كوردستان بكەن و لە هەمان كاتدا راهێنەر سائیر ئەحمەد و ستافەكەی چاودێری ئاستی ئەم یاریزانانە بكەن لە خولی كوردستان.
لە كۆتایی قسەكانیدا محەمەد خۆشناو گوتی: هیوادارم بە هەموو لایەك پاڵپشتی ئەم تیپە بكەن بۆ ئەوەی بتوانن ئاستێكی باش پێشكەش بكەن و زۆربەی یاریزانەكانی تیپەكەمان لاون واتە دوارۆژی یانەكەمانە.
رێبین رەمزی
Top