ئەكادیمیایی هەولێر لە پێگەیاندنی یاریزانان بەردەوامە
لەمباریەوە د.ئەكرم بەرێوەبەری ئەكادیمیای یانەی هەولێر لە لێدوانێكیدا گوتی: تا ئێستا ئەكادیمیای یانەی هەولێر بەردەوامە لە پێگەیاندنی یاریزانان بەشێوەیەكی زانستی و بەسەرپەرشتی راهێنەری ئیتاڵی، لەم ماوەیەدا توانیمان لە رێگەی ئەكادیمیای یانەی هەولێر تیپی تازەپێگەیشتووانی یانەی هەولێر دروست بكەین بۆ ئەوەی بەشداری لە یارییەكانی خولی نایابی كوردستان بكەین، ئەمەش خۆی لە خۆیدا سەركەوتنێكی گەورەیە بۆ ئەكادیمیایی هەولێر هەژمار دەكرێت.
لە درێژەی قسەكانیدا د.ئەكرەم گوتی: بۆ ئەوەی بەشداربووانی ئەكادیمیای یانەی هەولێر لە رووی خوێندن بێ بەش نەبن یاخود تووشی گرفت نەبن، ئێمە بڕیارمان دا لەگەڵ دەستپێكی وەرزی خوێندن مەشقی رۆژانی ئەكادیمیای یانەی هەولێر ببێتە 3 رۆژ، كە رۆژانی شەممە و دووشەممە و چوارشەممە كاتژمێر 6ی ئێوارە تا 8ی ئێوارە لە یاریگەی دووەمی شەهید فرەنسۆ هەریری مەشقی خۆیان ئەنجام دەدەن.
لە كۆتایی قسەكانیدا د. ئەكرەم گوتی: بەنیازین لەم نزیكانە پاڵەوانێتیەك بكەینەوە بە بەشداریكردنی تیپەكانی تازەپێگەیشتووان لەسەر ئاستی بنكە وەرزشیەكانی سنوری پارێزگای هەولێر بۆ یاریزانانی ئەكادیمیا بەتوانن بچنە نێو كەش و هەوای ركابەرییەكان و لە رووی زانستیەوە لەكاتی پاڵەوانێتیەكان ئامادە بكرێن، هەرچەندە تا ئێستا كات و شوێن و چۆنیەتی بەرێوەچوونی پاڵەوانێتیەكە دیاری نەكراوە، بەڵام بەم نزیكانە دەست پێدەكات.
جێگەی باسە تا ئێستا ناونووسین لە ئەكادیمیای یانەی هەولێر بەدەوامە و رۆژانە خەڵكێكی زۆر سەردانی یانەكە دەكەن بەمەبەستی ناونووسینی كورەكانیان لەم ئەكادیمیایە.
رێبین رەمزی
