هەرگیز لەگەڵ ئەوە نیم یاریزان و راهێنەری بیانی بهێنن

هەرگیز لەگەڵ ئەوە نیم یاریزان و راهێنەری بیانی بهێنن
ئەرپاك وریا یاریزانی شەترەنجی هەڵبژاردەی عێراق:
ئەرپاك وریا قانع یەكێكە لە یاریزانە بەتواناكانی یاری شەترەنجی یانەی خانزاد و هەڵبژاردەی نیشتمانیی عێراقییە. ئەو یاریزانە لە بنەماڵەیەكی دیاری كوردستانن كە زۆربەیان خەریكی ئەنجامدانی یاری شەترەنجن. ئەرپاك بۆ هەریەك لە یانەكانی ئاسۆ و سیروانی نوێ و سەرچنار و برایەتی و ئارارات و خانزاد و هەڵبژاردەی عێراقی یاری كردووە. ناوبراو لە دایكبووی ساڵی 1970یە و دەرچووی پەیمانگای تەندروستییە و لە ئێستادا بۆ هیچ تیپێك یاری ناكات، بە هۆی سڕكردنی لەلایەن یەكێتی ناوەندی شەترەنجی عێراقی، سەڕەرای ئەوەش چەندین گرێبەستی لەلایەن یانە عەرەبییەكان پێشكەش كراوە بۆ یاریكردن، ئێمەش لە نزیكەوە چەند پرسیارێكمان ئاڕاستەی كرد و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.

دیمانە: كارزان كانەبی
* لە ئێستادا ئاستی یاری شەترەنج چۆن دەبینی؟
- لە ئێستادا ئاستی یاری شەترەنج باش نابینم، كەسانێك لە كوردستان شەترەنج بەڕێوە دەبن كە شەترەنجی نین تەنیا گیرفان پڕكەرن، بە بۆچوونی من دەبوایە مرۆڤی شیاو بۆ شوێنی شیاو دابنرێت، تاكو ئێستا لە كوردستان یاریزانی باش درووست نەبووە كە بتوانێن كێبڕكێ بكات لە پاڵەوانیتیەكان، لەلایەكی تریشەوە بارودۆخی دارایی كوردستان بە تەواوی وەرزشی شلۆق كردووە.
* ئەنجامدانی پاڵەوانێتی كەم تا چەند دەبێتە هۆكار بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە بەرەو پێش نەچێت؟
- بێگومان بەشداری نەكردنی یاریزان لە پاڵەوانێتی دەبێتە هۆی ئەوەی ئاستی یاریزان دابەزێت، پێویستە یاریزان بەردەوام بێت و ئاگای لە هەموو شتە نوێیەكان بێت، چونكە شەترەنج زانستە و رۆژ بە رۆژ لە گۆڕاندایە.
* بۆچی ئێستا لە یانەی خانزاد دووری ؟
- من بە هیچ شێوەیەك یانەی خانزادم جێنەهێشتووە، بەڵام دوای ئەوەی سڕكرام لەلایەن یەكێتی شەترەنجی عێراقی، ئیتر نەمتوانی لە پاڵەوانیتی یانەكانی عێراق بەشداری بكەم.
* پێت باشە چی بكرێت بۆ یاری شەترەنج بۆ ئەوەی ئاستی بەرز ببێتەوە؟
-بەرزبوونەوەی ئاستی شەترەنج پێوەندی بە بارودۆخی وڵات و خودی یاریزانەكە و ئەو چوارچێوە هەیە كە لەگەڵی دەژی. بەرزبوونەوەی ئاستی یاریزان پێوەندی هەیە بەوانەی كە لەم بوارە كاردەكەن، هەروەها پێوەندی بە باری ئابووری یاریزانەكەشەوە هەیە. زۆر پاڵەوانێتی نێودەوڵەتی هەیە كە دەكرێتەوە، بەڵام یاریزان ناتوانێت بەشدار بێت، چونكە پارەی پلێتی فڕۆكە و هوتێل و خواردنی نییە و هەمووی لەسەر گیرفانی خۆیەتی، من و كوڕەكەم كە یاریزانین بەم دواییە كە دەعوتێكمان بۆ هات لە توركیا حیسابمان دەكرد، نزیكەی2500دۆلار-مان دەڕوات، بۆیە بەشداریمان نەكرد، بە بڕوای من لە ئێستادا هەموو قەیرانەكان بەرۆكی كوردستانییانی گرتووە، لە مووچە و جەنگ و گەندەڵی و لە ئێستاشدا هیچ ناكرێت.
* گرفتی یاری شەترەنج زیاتر لە چیدا دەبینی؟
- لەوەدا دەیبینم كە ئەوانەی لەم بواردە كاردەكەن وەرزشدۆست نین، لە گیرفان پڕكردن زیاتر هیچی دیكە نازانن، ئەمە بە پلەی یەكەم، بە پلەی دووەم كەمیی كردنەوەی پاڵەوانێتییە، سێیەمیش خواردنی مافی یاریزانە. بۆنموونە كوڕەكەی من پاڵەوانی عێراق بوو لە تەمەنی 6 ساڵیدا، بەڵام سەرۆكی یەكێتی شەترەنجی عێراق كوڕەكەی خۆی نارد بۆ دەرەوە كە دووەم بوو، بەم جۆرە مافی كوڕەكەی منیان خوارد.
* لەهیچ یانەیەك گرێبەستت پێشكەش كراوە؟
- بەر لەوەی سڕبكرێم چەندین یانەی كوردستان و عێراقیش گرێبەستیان پێشكەش كردبووم.
* بۆ داهاتووی خۆت بەنیازی چیت؟
- داهاتووی من وەك داهاتووی هەر یاریزانێكی وەرزشییە كە روو لە تەمەن دەكات، من بڕیارم داوە چیتر بۆ عێراق یاری ناكەم، چونكە ئەوانەی ئەو یارییە بەڕێوە دەبن، دیكتاتۆرن، ئەوانە هیچ لە شەترەنج تێنەگەیشتوون، رەنگە لە داهاتوو وەك فێركار بەردەوامی بە ژیانی شەترەنج بدەم، من رۆژانە چەندین كەس داوام لێ دەكەن فێری ئەم یارییەیان بكەم، هەر لەبەر ئەمە لە هەر شوێنێك بم وانەی هونەر و زانستی شەترەنج بە دەوروبەرەكەم دەڵێمەوە.
* لەگەڵ ئەوەی یانەكانی شەترەنج یاریزان و راهێنەری بیانی بهێنێت؟
- نەخێر، لەگەڵ ئەوە نیم هەرگیز یاریزانی بیانی و فێركاری بیانی بهێنن، ئەمە جگە لە بەهەدەردانی سامانی گشتی، من هیچ شێوەیەكی تری نابینم، بۆیە پێم باشە پشت بە یاریزانەكانی خۆمان ببەستین و گرنگی بە یاریزانەكانی خۆمان بدەین.
* ئێوە بە خێزانی وەرزشوانن. چی وای لە ئێوە كردووە بۆ ئەوەی هەمووتان روو لە یاری شەترەنج بكەن؟
- ئێمە لە بنەماڵەیەكی ئەدیب و وەرزشدۆست هاتووینەتە دونیاوە، هەمووشمان یاری شەترەنجمان هەڵبژاردووە، چونكە باوكمان لەم بوارە شارەزایی هەبووە، دواتر خوشەكەكانم بەتایبەتی فرمێسكی خوشكم بۆ چەندین ساڵ پاڵەوانی عێراق و عەرەب بوو، ئەم ئەنجامە باشانە وایكرد هەموومان روو لەم یارییە بكەین، ئێستاكەش كوڕەكەی من لە چەندین پاڵەوانێتی منداڵانی كوردستان پلەی یەكەمی بەدەستهێناوە.
* بۆچی لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق بەردەوام نیت و بە هۆی چی سڕكراوی؟
-من لە ساڵی 2013 لە هەڵبژاردەی عێراق بووم، بەڵام لە ساڵی 2014 لەبەر ئەوەی سڕكراوم بێبەش بووم لە بەشداریكردنم، ئێستا رۆژانە یەكێتی شەترەنجی عێراق پێوەندیم پێوە دەكەن بۆ ئەوەی داوای لێبوردن بكەم، لەو یارییەی لەگەڵ یاریزانێكی ئیسرائیلی ئەنجامم داوە، بەڵام من هەرگیز داوای لێبوردن ناكەم.
* داواكاری و پێشنیارت بۆ لایەنی بەرپرس چییە؟
- داواكارم لایەنی بەرپرس لێپرسینەوە لەگەڵ گەندڵەكاران بكەن، بۆ ئەوەی سنوورێك بۆ گەندەڵییەكانیان دابنرێت، من گلەییم هەیە لە بەڕێوەبەرایەتی وەرزشی كوردستان، چونكە ئەوان لە پشت ئەو گەندەڵییانەن كە لە كوردستان دەكرێت، لە بواری وەرزشی شەترەنج. بۆ دوو ساڵ دەچێت یانەی خانزاد پارەی گرێبەستەكەی منی خواردووە، چەندین جار داوام لێ كردوون، هەر جارەو بیانوویەك دەدۆزنەوە .
* ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتاییدا دەتوانی باسی بكەی؟
-زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان كە پێشەنگ بوون لە خزمەتكردن بە وەرزشی كوردستان و بەسەركردنەوەی وەرزشكاران لە هەموو یارییەكان، سوپاس بۆ هەموو وەرزشدۆستێك كە بۆ خزمەتكردنی وەرزش بێنە مەیدان و سەری نەتەوەكەیان بەرز بكەنەوە.
Top