بۆ بەدیهێنانی خەونەكانم رووم لە هەولێری پایتەخت كردووە
شاری كەركووك هەموو كات جێگەی پێگەیاندنی چەندین یاریزانی بەتوانا بووە لە هەر دوو ئاستی كوڕان و كچان و یانەكانی دەرەوەی شارەكە سوودیان لە توانای رۆڵەكانی ئەم شارە وەرگرتووە. یەكێك لە یاریزانە بەتواناكانی ئەم شارە كچە یاریزانی تیپی فوتساڵی پێشووی یانەی ئافرەتانی كەركووك سۆنیا مەحموودـە كە ئەمساڵ بە پێی رێككەوتنێك رووی لە یانەی ئافرەتانی هەولێر كردووە و كاپتنی یانەكەیە لە خولی فوتساڵی یانەكانی كوردستان و توانیویەتی لە یارییەكانی خولەكە ئاستێكی بەرز پێشكەش بكات. سۆنیا كە لە دایكبووی ساڵی 1991ی شاری كەركووكە و قوتابیی قۆناغی سێیەمی كۆلێژی پەروەردەی وەرزشیشە، پێشووتریش بۆ هەریەك لە یانەكانی كەیوان و ئافرەتانی كەركووك و سۆلاڤی نوێ یاری كردووە، ئەمساڵیش هاتۆتە ریزی یانەی ئافرەتانی هەولێر، ئێمەش لە نزیكەوە چەند پرسیارێكمان ئاراستەی كرد و بەمجۆرە وەڵامی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
* ئاستی یاریی فوتساڵ چۆن دەبینی لە ئێستادا كە خولتان بۆ كراوەتەوە؟
-لە ئێستادا ئاستی یاریی فوتساڵ ڕوو لە باش بوونە، لەم بڕوایەشم كە لەداهاتوو زیاتر بەرەو پێش دەچێت و یاریزانانی زیاتریش دروست دەبن.
* ئەنجامنەدانی پاڵەوانێتی تا چەند دەبێتە هۆكار بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە بەرەوپێش نەچێت؟
- بێگومان ئەنجام نەدانی یاری، وا دەكات كە یاریزانانی ئەم یارییە دووربكەونەوە و بێ ئومێد بن لەم یارییە، ئەمەش دەبێتە هۆكارێك بۆ دابەزینی ئاستی ئەم یارییە لە كوردستان.
* بۆچی یانەكەی خۆت لە شاری كەركووك جێهێشت؟
- بەهۆی پشتگیری نەكردنی یاریزان و پشتگوێ خستنیان، بۆیە منیش بۆ بەرەوپێش چوون و بەدیهێنانی خەونەكانم رووم لە هەولێری پایتەخت كردووە تاكو پەرە بەم حەزەی خۆم بدەم وەكو یاریزانێك.
* پێت باشە چی بكرێت بۆ ئەوەی یاریی فوتسال ئاستی بەرز بێتەوە؟
-ئەگەر بمانەوێ ئاستی ئەم یارییە پێش بكەوێت، پێویستە قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان بكرێتەوە بۆ یاریزانانی تەمەن بچووك بۆ ئەوەی لەم قوتابخانەدا بەهرەمەندەكان دەربكەون و كەل و پەلی پێویستیان بۆ دابین بكرێت.
* گرفتی یارییەكانی فوتساڵ لە چی دەبینی؟
- یەكێك لە گرفتە هەرە سەرەكییەكانی یاریی فوتساڵ ئەوەیە كە تاكو ئێستا هیچ یانەیەك بەشداری پاڵەوانێتیی دەرەوەی وڵاتی نەكردووە، ئەوەش بۆ یاریزانان گرفتە، جگە لەوەش چەندین گرفتی تریش هەیە كە پێویستە چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە، وەك: نەبوونی هۆڵی تایبەت و نەبوونی ڕاهێنەری ئافرەت، ئەمانە هەمووی گرفتی ئەم یارییەن.
* لەهیچ یانەیەك گرێبەستت پێشكەش كراوە؟
- بەڵێ لە زۆربەی یانەكانی كوردستان و عێراق داواكراوم، بەڵام زۆربەیان تەنیا سەرزارەكی بوون، نەك بە شێوەی نووسراو بێت.
* بۆ داهاتووی خۆت بەنیازی چیت؟
- بەنیازم لە دوای تەواو كردنی كۆلێژی وەرزشی دوور بم لە یاری كردن، لە ئێستاشدا هیچ بڕیارێكم نەداوە بەڵام حەز دەكەم ببمە ڕاهێنەری كچان لە شاری كەركووك و خزمەت بە شارەكەم بكەم.
* لەگەڵ ئەوەی یانەكان پشت بە ڕاهێنەر و یاریزانی بیانی ببەستن؟
-من وەكو یاریزانێك لەگەڵ ئەوە نیم كە یانەكان پشت بە ڕاهێنەر و یاریزانانی دەرەوەی عێراق ببەستن، چونكە ئێمەش هیچمان لەوان كەمتر نییە.
* لە خێزانەكەت بە تەنیا تۆ وەرزشوانی، یان كەسانی تریش هەن كە وەرزش دەكەن؟
-جگە لەخۆم برا گەورەكەشم وەرزشوانە و یاریزانی كیك بۆكسینگە، خانەوادەكەشمان بۆ وەرزشكردن پشتیگریمان دەكەن.
* داواكاری و پێشنیارت بۆ لایەنی بەرپرس چییە؟
-لە ئێستادا هیچ داواكارییەك قبووڵ نابێت، چونكە هەموومان ئاگاداری ئەو قەیرانەین كە دووچاری هەرێمی كوردستان بووە، بۆیە هیوادارم قەیرانەكان چارەسەر بن لە كوردستان و زیاتر گرنگی بە وەرزشوانان بدرێت.
* چۆن بوو پێوەندیت بە یانەی ئافرەتانی هەولێرەوە كرد؟
-بەڕێز ڕاهێنەری ئافرەتانی هەولێر داوای لێكردم بۆ ئەوەی یارییان بۆ بكەم و سوود لە تواناكانی من ببینن لەم وەرزەی خولی فوتساڵی یانەكانی كوردستان.
* وەكو یاریزان خەونی وەرزشیت چییە ؟
- خەونی من ئەوەیە كە لە ریزی هەڵبژاردەی عێراق یاری بكەم، ببمە یەكێك لە باشترین یاریزانەكانی عێراق.
*لە هەڵبژاردەی عێراق داواكراوی؟
-بەڵێ داواكراوم.
* هیواو ئاواتت لەم یارییە چییە؟
- بەهیوای ئەوەم كە رۆژێك لە رۆژان ئەوە بە چاوی خۆم ببینم كە وڵاتەكەم بەشداری لە پاڵەوانێتییەكی گەورەی جیهانی بكات.
*بە كام یاریزانی جیهانی و ناوخۆ سەرسامیت؟
- بە هەریەك لە یاریزانان كریستیانۆ رۆناڵدۆی پورتوگالی و یونس مەحموودی یاریزانی شاری كەركووك لە ئاستی كوردستانیش بە زۆربەی یاریزانان سەرسامم.
* ئەگەر لە كۆتاییدا شتێكت مابێت ؟
-زۆر سوپاسی گۆڤاری گوڵان دەكەم كە بەردەوام لە هەوڵی گرنگیدانە بە وەرزشی كچان و وەرزشی ناوخۆ، بەهیوای ئەوەین لە داهاتوو كاری باشتر بكەن.
