هادی كەریم: لێژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان بەرپرسیارە لە بەرێوەنەچوونی خولی نایابی كوردستان

هادی كەریم: لێژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان بەرپرسیارە لە بەرێوەنەچوونی خولی نایابی كوردستان
دوای ئەوەی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان لەگەڵ نوێنەری یانەكانی خولی پلە یەك و نایابی كوردستان كۆبوونەوە و لەسەر چەندین خاڵ رێكەوتن بەمەبەستی دیاریكردنی كاتی بەرێوەچوونی یارییەكانی خولی نایابی كوردستان بۆ وەرزی 2015-2016.
هەر لەم كۆبوونەوەیە باس لە گلەیی سەرۆكی لێژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان سەڵاح حەسەن خەسرەو كرا، كە گوتی: ئێمە ئاگاداری نیین چۆن یەكێتی تۆپی پێی كوردستان پارە بۆ خولەكانی كوردستان وەردەگرێت، بۆیە بڕیار درا نووسراوەیەك ئاراستەی لێژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان بكرێت بەمەبەستی دابینكردنی پارە بۆ بەرێوەچوونی خولەكە، لەمباریەوە هادی كەریم جێگری سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان لە لێدوانێكی دا گوتی: مانگێك پێش ئێستا بەفەرمی نووسراوێكمان ئاراستەی لێژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان كرد بەمەبەستی دابینكردنی پارە بۆ بەرێوەچوونی خولەكانی كوردستان بۆ وەرزی 2015-2016، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا لێژنەی ئۆڵۆمپی و سەرۆكی لێژنەكە بەهیچ شێوەیەك وڵامی نووسراوی ئێمەیان نەدایتوە، چ بە رەزامەندی بۆ دابینكردنی پارە یاخود رەتكردنەوەی دابینكردنی پارە، تا رادەیەك سەرۆكی لێژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان بە شێوەی زارەكیش وڵامی ئێمەی نەدایتوە.
لە درێژەی قسەكانیدا هادی كەریم گوتی: ئەگەر پارە نەبێت چۆن بتوانین خولەكان ئەنجام بدەین، بۆیە لێژنەی ئۆڵۆمپی بەرپرسیارە لە بەرێوەنەچوونی خولەكە، چونكە نە رێگەی بە ئێمە دا خۆمان پارەكە دابین بكەین و ئەوانیش نەیانتوانی پارەی بەرێوەچوونی خولەكە دابین بكەن.
لە كۆتایی قسەكانیدا هادی كەریم گوتی: ئەگەر خولەكە ئەنجام نەدرێت كێ قەربووى یانەكان دادەتەوە، كە لە ئێستاوە خۆیان بۆ بەرێوەچوونی خولەكە ئامادە كردووە و گرێبەستیان لەگەڵ یاریزانان مۆركردووە و مووچەی یاریزانەكانیش دەدەن.
بۆیە ئومێدەوارم لێژنەی ئۆڵۆمپی كوردستان و سەرۆكی لێژنەی ئۆڵۆمپی سەلاح حەسەن خەسرەو بە زووترین كات وڵامی ئێمە بداتەوە بۆ ئەوەی ئێمەش بتوانین وڵامی یانەكان بدەینەوە.
سەرچاوە: ماڵپەری فەرمی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان
Top