یانەی نەورۆز خــــۆی نوێ دەكاتەوە

یانەی نەورۆز خــــۆی نوێ دەكاتەوە
دوای ئەوەی وەرزی ڕابردوو یانەی نەورۆز پلەی سێیەمی خولی نایابی یانەكانی كوردستانی بەدەستهێنا، بۆ ئەم وەرزەش یانەكە سەڕەرای ئەوەی كە قەیرانی دارایی بەرۆكی گرتووە، بەڵام نایەوێت بەدەستی بەتاڵ لە خولەكە بێتە دەرەوەو نەتوانێ كێبڕكێ لەگەڵ یانەكانی دیكە بكات. یانەی نەورۆز جیاواز لە یانەكانی دیكەی شاری سلێمانی سەرقاڵی مەشق و ڕاهێنانە بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی تۆكمە ریزەكانی بەهێز بكات. هەرچەندە یانەكە دەستەبەرداری ژمارەیەك لە یاریزانانی خۆی بوووە، بەڵام كۆمەڵێك یاریزانیشی لە یانەكانی سلێمانی و پێشمەرگەی سلێمانی و چەمچەماڵ هێناوەتە ریزی تیپەكەی بۆ ئەوەی ئەم بۆشاییەی كە لە پێكهاتەی تیپەكە هەبوو پڕ بكاتەوە. لە بارەی ئامادەكارییەكانی یانەكەش ئەرسەلان جەلال ڕاهێنەری تیپی تۆپی پێی یانەی نەورۆز بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: لە ئێستادا ئامادەكارییەكانمان دەستپێكردووە، ئێمە ئەمساڵ چاومان لەوە نییە كە بتوانین ئەنجامی باش بەدەست بهێنین، بۆیە كارگێڕانی یانەكە ئەوەیان بە ئێمە گوتووە كە تەنیا شەڕی مانەوە بكەن لە خولی نایابی یانەكانی كوردستان، چونكە گرفتی دارایی بۆتە كێشە بۆ سەرجەم یانەكانی كوردستان، ئێمەش ناتوانین بە قەیرانی داراییەوە بچین شەڕی بەدەستهێنانی ئەنجامی گەورە بكەین، ئەم وەرزە ئێمە جیاوازین، چونكە ژمارەیەك لە یاریزانانی بەتوانامان دەستنیشان كردووە لە یانەكانی سلێمانی و پێشمەرگەی سلێمانی و چەمچەماڵ و هەندێك یاریزانانی خۆشمان سەرخستووە بۆ تیپی یەكەم، یاریزانانیش (هەرێم بورهان،یاسین كەریم گۆڵچی،گۆران یاسین، رێباز مەحمود، رێبوار جەمال) لە یانەی سلێمانی و (ئاكۆ نوری، شكار عادل) لە پێشمەرگەی سلێمانی و(هاوكار عومەر،هاوكار یەحیا) لە یانەی چەمچەماڵمان هێناوەتە یانەكە و چاویشمان لە ئەنجامە لەگەڵ ئەم پۆلە یاریزانانە.
لە بارەی گرێبەستەكانیش ئەرسەلان گوتی: ئێمە بە هەمووی تەنیا 200ملیۆن دینارمان لەبەر دەستە بۆ ئەوەی بەشداری خولی نایاب بكەین، لە ئێستادا تەنیا بڕی 25ملیۆنمان لە ژێردەستە و بڕی 175 ملیۆنمان خەرج كردووە بۆ هێنانی یاریزانان بۆیە 25ملیۆنمان ماوە بۆ ئەوەی یاریزانانی دیكە بهێنین، حەوت یاریزانیش ریزی یانەكەیان جێهێشتووە، بۆیە بە هێنانی ئەم یاریزانانە دەتوانین شوێنیان پڕبكەینەوە.
Top