نەكردنەوەی پاڵەوانیتی گرفتە بۆ وەرزش

نەكردنەوەی پاڵەوانیتی گرفتە بۆ وەرزش
ریما عەبدولحەمید یاریزانی گۆڕەپان و مەیدانی یانەی هەولێر:


تیپی گۆڕەپان و مەیدانی كچانی یانەی وەرزشی هەولێر یەكێكە لەو تیپانە كە ماوەیەكی زۆرە بۆتە قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانانی ئاستی تەمەن بچووك، چەندین یاریزانیی بەتواناش لەم یانەیە لەسەر دەستی ڕاهێنەری تیپەكە مامۆستا رێبوار جەباری دروست بوون، كە ساڵانە چەندین ئەنجامی باشیان لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق و ئاسیاش بەدەستهێناوە، یەكێك لە یاریزانانی بەتوانای یانەكەش كە ئەو هێشتا تەمەنی بچووكە، بەڵام خاوەن خەونی گەورەیە لە ژیانی وەرزشیدا، ئەویش ریما عەبدولحەمیدـە، ناوبراو لە دایكبووی ساڵی 2001ـە، ماوەی دوو ساڵیشە لە ریزی یانەی هەولێر یاری دەكات، ئێمەش لە نزیكەوە چەند پرسیارێكمان ئاراستەی كرد و بەمجۆە وەڵامی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.

دیمانە: كارزان كانەبی


* چۆن بوو خۆت لە یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان دۆزییەوە؟
- وەرزش لای من زۆر خۆشەویست بوو، هەر ئەوەش وای كرد من زیاتر كاتی خۆم بۆ وەرزش دابین بكەم و خۆم لە یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان دۆزییەوە.
* لە ئێستادا بە گشتی ئاستی یاریی گۆڕەپان ومەیدان چۆن دەبینی؟
- یاریی گۆڕەپان و مەیدان گرنگی باشی پێدراوە لەلایەن یانەكانی كوردستان بەگشتی، ئێمەش لە یانەی هەولێر زۆر گرنگیمان پێدراوە، بەتایبەتی ڕاهێنەری یانەكەمان مامۆستا رێبوار هەردەم هۆكار بووە بۆ پێشكەوتنی ئاستی ئێمە، بەڵام ئەگەر خول و پاڵەوانێتیی بەردەوام نەكرێتەوە، ئەوا ئەم یارییەش نابێتە هۆكار بۆ پێشكەوتنی زیاتر.
* وەكو یاریزانێك پێت باشە چۆن پەرە بە یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان بدرێت؟
-ئاستی یاریی گۆڕەپان و مەیدان بەوە بە پێش دەكەوێت، كە لەلایەن یەكێتییە وەرزشییەكان خول و پاڵەوانیتی و یاریگای تایبەت بكرێتەوە بە بەردەوامی و رێگە نەدەن گرفت لەم یارییە هەبێت و ساڵانە تەنیا یەك خول وپاڵەوانێتی بكرێتەوە ئەوە نابێتەوە هۆكار، جگە لەوەش قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان باشترین هۆكارە بۆ پێشكەوتنی یارییەكە كە یانەی هەولێر یاریزانی ئاستی تەمەنەكانی هەیە.
*گرفتی یارییەكانی گۆڕەپان و مەیدان لە چیدا دەبینی؟
- نەكردنەوەی پاڵەوانێتی، ئەمە گرفتە جگە لەوەش كە ئێستا گرفتی دارایی هەیە لەسەرجەم كوردستان و ئەوەش كاریگەری كردۆتە سەر ئاستی وەرزش، یارییەكانی گۆرەپان و مەیدانیش لێ بەدەر نەبووە.
* وەكو كچە یاریزانێك خەونی وەرزشیت چییە؟
- بە هیوای ئەوەم بتوانم ئەنجامی شایستە بەدەست بهێنم و گرنگیی زیاتر بەتواناكانی خۆم بدەم وەكو یاریزان، بۆ ئەوەی سەری یانەكەم و شارەكەمان بەرز بكەینەوە لە پاڵەوانێتییەكانی دەرەوە.
* ئایا تا ئێستا لە هەڵبژاردەی عێراق داواكراویت؟
- بە هۆی بچووكی تەمەنم تا ئێستا بانگهێشت نەكراوم، بەڵام بە ئاستی خۆم هەوڵدەدەم بگەمە ریزی هەڵبژاردەی عیراق.
* خۆت بە قەرزاری كێ دەزانی وەكو یاریزانێك كە ئاستی تۆی بەرز كردۆتەوە؟
- بە سوپاسەوە مامۆستا رێبواری ڕاهێنەرم و خانەوادەكەم و خوشكەكەم زۆر هاوكارم بوون بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی یاریكردنی من.
* چی بەو خانەوادانە دەڵێیت كە رێ لە كچەكانیان دەگرن لە وەرزشكردن؟
-ئەوە زۆر جار لە كۆمەڵگەكان ئەو كارانە روودەدات، كە رێگە لە رۆڵەكانیان بگرن لە رووكردنە وەرزش، بەڵام سوپاس بۆ خوای گەورە من تاكو ئێستا كاری لەم جۆرەم تووش نەبووە و خانەوادەكەشم هۆكارم بوون بۆ پێشخستنی ئاستی من.
* ئیدارەی یانەی وەرزشی هەولێر وەكو پێویست هاوكاریتان دەكات؟
- لە ماوەی ڕابردوو هیچ كەم و كوڕییمان نەبووە وەكو یاریزانان، بەڵام ئێستا قەیرانی دارایی هەموو لایەكی گرتۆتەوە، یانەكەی ئێمەش بێبەش نەبووە.
* لە نێوان وەرزش و خوێندن چۆن هاوسەنگیت دروست كردووە؟
-ئەگەر تۆ بتەوێت ئامانجی خۆت بپێكێت، دەبێت بەرنامەیەك بۆ كاری خۆت دابنێیت، منیش بە پێی بەرنامەكانی خۆم هەردوو كار لە یەك كاتدا ئەنجام دەدەم.
* ئەگەر لە كۆتاییدا شتێكت مابێ ؟
- سوپاسی گۆڤاری گوڵان دەكەم كە بە بەردەوامی خزمەتی بواری وەرزشی دەكەن و و گرنگی بە سەرجەم وەرزشكارانی شارەكان بەبێ جیاوازی دەدەن، لە كۆتاییشدا هیوادارم گرفتی داراییش چارەسەر بێت و وەرزش ببووژێتەوە.
Top