كچانی یانەی وەرزشی پێشمەرگەی سلێمانی دەبنە قوتابخانە بۆ پێگەیاندنی یاریزانانی ئاست بەرز

كچانی یانەی وەرزشی پێشمەرگەی سلێمانی دەبنە قوتابخانە بۆ پێگەیاندنی یاریزانانی ئاست بەرز
تیپی تێنسی سەرمێزی كچانی یانەی وەرزشی پێشمەرگەی سلێمانی یەكێكە لەو تیپانەی كە خاوەن ئاستێكی بەرزی یاریكردنن لەسەر ئاستی عێراق پلەی دووەمن و لەسەر ئاستی كوردستانیش پاڵەوانن. دەستەی كارگێڕی بەردەوام گرنگیی بەم تیپە داوە بۆ ئەوەی ببێتە پاڵەوان لەسەر ئاستی دەرەوەش، بۆیە بۆ زیاتر خزمەتكردن بەم یارییە یانەكە قوتابخانەیەكی پێگەیاندنی یاریزانانی بۆ ئاستەكانی تەمەن كردۆتەوە و چەندین یاریزان لەم قوتابخانەیە پێگەیشتوون كە دواڕۆژێكی باشیان لێ چاوەڕێ دەكرێت، بڕیاریشە ئەم تیپە لە سەرەتای مانگی داهاتوو بە نوێنەرایەتی كچانی عێراق بەشداری لە پاڵەوانێتی تۆپی سەرمێزی كچانی یانەكانی عەرەب بكات لە وڵاتی میسر، بۆ ئاگاداربوون لە رەوشی تیپەكەش ئەم ڕاپۆرتەمان ئەنجامدا.
ڕاپۆرتی: كارزان كانەبی

سەرەتا كانی شەوقی یاریزانی بەتوانای یانەكە لە بارەی ئاستی یانەكەیان بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «تیپی تێنسی سەرمێزی یانەكەمان هەموو كات گرنگی باشی پێدراوە لەلایەن دەستەی كارگێڕی یانەكەمان و دەستەی ڕاهێنەران، ئەمساڵیش جیاواز لە ساڵان توانیمان ببینە پاڵەوانی عێراق و دووەمی كوردستان و ئەم دوو دەستكەوتە وەرزشییە بۆ یانەكەمان و شاری سلێمانی بەدەست بهێنین، ئەوەش بەڵگەی بەهێزی یانەكەمان و ئاست بەرزی ئەم یارییەیە لە شاری سلێمانی، جگە لەوەش یانەكەمان بۆتە شوێنگەی پێگەیاندنی چەندین یاریزانانی بەتوانا لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان و قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانانی تەمەن بچووكی هەیە، ئەوەش بۆ دواڕۆژ دەبێتە پێگەیەكی بەهێزی یاریزانان كە دەتوانن یانەكانی تریش سوود لەم جۆرە یاریزانانە و قوتابخانەكەمان ببینن، بەهیوای ئەوەشین یانەكانی تری كوردستانیش چاو لە یانەی پپشمەرگەی سلێمانی بكەن كە بەمشێوەیە گرنگی بە وەرزشی جۆراوجۆر دەدات لەسەر ئاستی یارییە جۆراوجۆرەكان. هەروەها سوپاسی دەستەی كارگێڕی یانەكەمان و دەستەی ڕاهێنەران دەكەین كەوا هەموو هەوڵێكیان خستۆتە گەڕ بۆ ئەوەی ئاستی یاری تیپی سەرمێز بۆ كچان زیاتر بەرز بكەنەوە، بەڵام پێویستمان بە كردنەوەی پاڵەوانێتی زیاترە بۆ یاریزانانی یانەكان تاوەكوو بتوانین زیاتر گرنگی بە تواناكانی خۆمان بدەین، پێویستە لەسەر ئاستی كوردستانیش گرنگیی تایبەت بە وەرزشی كچان بدرێت.»
یاسنا هاوبەش كچە یاریزانی تیپی تۆپی سەرمێزی یانەی پێشمەرگە لە بارەی گرنگیدانی یانەكەی بە یاریزانانی تەمەن بچووك و بەرەو پێش بردنیان بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «ئێمە لە تیپی كچانی پێشمەرگەی سلێمانی گرنگییەكی باشمان پێدەدرێت لە گشت روویەكەوە، جگە لەوەش ئێمە وەكو یاریزانان پێویستمان بە كردنەوەی خول و پاڵەوانێتی زیاترە بۆ ئەوەی ئاستی ڕاستەقینەی خۆمان پێشكەش بكەین،» لە بارەی ئاستی یارییەكەش گوتی: «ئێمە وەكو یاریزانان ئاستی ئەم یارییە لە كوردستان زۆر باش دەبینین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە نییە بڵێی ئاستێكی زۆر بەرزی هەیە، بۆیە پێویستە لەسەر خانەوادەی یاریزانان و دەستەی كارگێڕی یانەكان گرنگی زیاتر بە یاریزانانی ئاست جیاواز بدەن لەسەر ئاستی هەموو شارەكانیش كاری بۆ بكەن و تەنانەت قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانانیان هەبێت، بۆ ئەوەی بتوانن یاریزانی باش بەرهەم بهێنن كە بۆ دواڕۆژی یانەكەش باشترە و دەبنە بناغەیەكی باش بۆ پەروەردەكردنی یاریزانان، ئێمەش كە پاڵەوانی عێراقین دەتوانین ئەنجامی باش لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی بەدەست بهێنین. بە پشتیوانی خوای گەورە ئەم ئەنجامەش بەدەست دەهێنین، سوپاسی دەستەی ڕاهێنەرانی یانەكەشمان دەكەین كە هەموو هەوڵێكی خۆیان خستۆتەگەڕ بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی ئێمە وەكو یاریزانان، گرفتێكی ئەوتۆشمان نییە كە شایەنی باسكردن بێت.»
ماریا كاروان كچە یاریزانێكی هەمان تیپە و ئەویش رایوایە «وەرزشی تۆپی سەرمێزی كچان لە شارەكانی كوردستان لە ئاستێكی باشە، بەڵام پێویستە باشتر بكرێت». گوتیشی: «بە پشتیوانی یەكێتی تۆپی سەرمێز و یانەكان بۆ یاریزانان و كردنەوەی پاڵەوانێتی دەكرێ یاریزانی باش پێبگات و ئاستی وەرزشی كوردستانیش بە زیاتربوونی یاریزانان بەرزدەبێتەوە، لە یانەی پێشمەرگەی سلێمانیش جیاواز لە هەموو یانەكانی تر گرنگیی زۆر بە یاریزانانی یاری تێنسی سەرمێز دەدرێت، جگە لەوەش یانەكەمان بەردەوام یاریزانان بەرهەم دەهێنێت بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتری ئەم یارییە بكرێت، ئێمەش بەرنامەی خۆمان هەیە و بەردەوامین لە مەشقەكانمان بۆ ئەوەی زیاتر ئاستمان بەرزببێتەوە، لەسەر ئاستی عێراقیش كە توانیمان ببینە پاڵەوان، ئێستاش لە ئامادەكاریداین بۆ بەشداری لە جامی یانەكانی عەرەبی، بۆیە بڕیاری ئەوەمان داوە كەوا ناوی خۆمان و شارەكەمان بەرز بكەینەوە، داواكارین لەلایەنی بەرپرس زیاتر گرنگی بە وەرزشی كچان بدەن. سوپاسی دەستەی ڕاهێنەرانیش دەكەین كەوا كاتێكی زۆریان بۆ ئێمە تەرخان كردووە بۆ ئەوەی ئاستی ئێمە بەرزبكەنەوە.»
لە لای خۆیەوە بەڵێن حەیدەر ڕاهێنەری تیپی تۆپی سەرمێزی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی لە ئاستی كچان بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «ئاستی ئەم یارییە لە كوردستاندا لە ئێستادا زۆر باشە نییە، چونكە قەیرانی دارایی هەیە و هەموو جومگەكانی گرتۆتەوە، ئەم وەرزشەش بەدەر نییە لەم قەیرانە، بەڵام ئاستی ئەم یارییە لە شاری سلێمانی زۆر جیاوازترە لە شارەكانی تری كوردستان. ئێمە گرنگیی زۆر بە یاریزانانی خۆمان دەدەین، دواترین ئەنجامیشمان بەدەستهێنانی نازناوی خولی نایابی عێراقی بوو كە بووینە نوێنەری عێراق لە پاڵەوانێتی یانەكانی عەرەبی لە وڵاتی میسر بڕیارە لە مانگی 11 بەڕێوە بچێت، ئێستاش مەشقەكانمان دەست پێكردووە بۆ ئەوەی بتوانین ئامادەكاری باشتر بكەین تاوەكو ئەوكات بۆ ئەوەی لەم پاڵەوانێتییەش یاریزانانمان ئەنجامی شایستە بەدەست بهێنین». گوتیشی: «ئێمە قوتابخانەیەكی پێگەیاندنی یاریزانانمان هەیە و خۆمان سەرپەرشتی دەكەین و چەندین یاریزانی بەتوانمان دروست كردووە كە لە داهاتوو شارەكەمان و یانەكەشمان سوودی زۆری لێ دەبینین و چەندین یاریزانی بەتواناشمان هەیە كە لە ریزی هەڵبژاردەی عێراقن، كە سوودێكی باش دەگەیەنن بە یاریزانە لاوەكانی تیپەكەمان». لە بارەی گرفتەكانیشیان بەڵێن گوتی: «گرفتی ئێمە تەنیا قەیرانی داراییە، ئەگەرنا گرفتی ترمان نییە، بەهیوای ئەوەشین بتوانین گرنگیی زیاتر بە تواناكانی كچە یاریزانانی تیپەكەمان بدەین و یانەكەشمان بە پاڵەوانی بهێڵینەوە لە سەر ئاستی عێراق و كوردستان.»
Top