لەگەڵ ئەوەی یانەی زێرەڤانی ساڵ بە ساڵ هەنگاوی باشتر دەهاوێت لە خولی نایابی یانەكانی كوردستان كە رێگەی بە هیچ یانەیەك نەداوە دەست بۆ نازناوی خولی كوردستان ببات، ئەمساڵیش دەستەی كارگێڕی یانەكە خەونی گەورەتری هەیە بۆ ئەوەی بتوانێ لە رێگەی كوڕانی شارەكەی بەشداری خولی یانەكانی عێراقیش بكات، هەر چەندە ئێستا گرفتی دارایی بەرۆكی سەرجەم یانەكانی كوردستانی گرتووە، ئەوەش كاریگەری لەسەر هەموو یانەكان دروست كردووە و یانەی زێرەڤانیش گرفتی دارایی هەیە، بەڵام پشتی بە كوڕانی شارەكەی قایمە بۆ هەردوو خولەكە. لە بارەی ئامادەكارییەكانیان و بەشداریكردنیان لە خولی عێراق عەبدولخالق حەسەن سەرۆكی یانەی وەرزشی زێرەڤانی بۆ گۆڤاری گوڵان وتی: « ئێمە بڕیاری ئەوەمان داوە لە خولی عێراقی بەشداری بكەین، لەگەڵ تەواوبوونی یاریگاكەشمان بەشداری یارییەكانی خولی عێراقی دەكەین و هەوڵیش دەدەین وەكو خولی كوردستان لەم خولەش بتوانین ئەنجامی باش تۆمار بكەین، جەنابی پارێزگاریش بەڵێنی چارەسەركردنی گرفتی یاریگاكەی ئێمەی داوە، سەرچاوەی داهاتی ئێمەش گرفتی هەیە و داهاتێكی كەممان هەیە لە فەرماندەیی و بەو پارەیە بەڕێوەدەچین و ماوەی چەند مانگێكە بە خۆبەخش كار دەكەین لە دەستەی كارگێڕی یانەكە، ئەمساڵیش بەهۆی رۆیشتنی ژمارەیەك لە یاریزانانی تیپەكەمان، ژمارەیەكی زۆری یاریزانانی تیپی لاوانمان سەرخستووە بۆ تیپی یەكەم، ئێمە توانای ئەوەمان نییە بڕی پارەی پێویست بە یاریزانەكانمان بدەین وەكو یانەكانی تر، بۆیە یاریزانانیش تیپەكەی ئێمە جێ دەهێڵن». گوتیشی: «گرفتی ئێمە تەنیا نەبوونی یاریگای پێویستە لەگەڵ گرفتی دارایی، بۆیە نووسراومان بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی وەرزش كردووە بۆ ئەوەی هاوكاریمان بكەن كە تاكو ئێستا هاوكاری كەسی نەكردووە.