پشتیوانیی خانەوادەكەم هاندەری یەكەمی سەركەوتنی منە

پشتیوانیی خانەوادەكەم هاندەری یەكەمی سەركەوتنی منە
دنیا سەدرەدین گۆڵپارێزی ئافرەتانی هەولێر:

تیپی فوتساڵی ئافرەتانی هەولێری پاڵەوانی خولی نایابی یانەكانی عێراقی وەرزی ڕابردوو یەكێكە لە تیپە بەهێزەكانی سەر ئاستی كوردستان و عێراق، ئەم تیپە چەندین یاریزانی بەتوانای لە دەوری خۆی كۆكردۆتەوە، ئەوەی جێگای سەرنجە تیپەكە ئەم وەرزە دووچاری قەیرانی دارایی قورس بۆتەوە، بۆیە ناتوانێ بەشداریی خولی عێراق بكات، بەڵام یاریزانانی یانەكە بەردەوام لە ئامادەكاریین بۆ بەشداریكردن لە خولی نایابی یانەكانی كوردستان، یەكێك لە یاریزان و گۆڵپارێزە بەتواناكانی یانەكەش دنیا سەدرەدین-ـە، ئەو لە دایكبووی ساڵی (1994)ی شاری هەولێرە و ماوەی زیاتر لە پێنج وەرزە لەم یانەیە بەردەوامە و ئەنجامی شایستەی بەدەست هێناوە و پاشەڕۆژێكی باش چاوەڕوانی ئەم كچە یاریزانە دەكات. ئێمەش لە نزیكەوە چەند پرسیارێكمان ئاڕاستەی كرد، كە بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵان-ی دایەوە.

* بە شێوەیەكی گشتی ئاستی یاریی فوتساڵ چۆن دەبینی؟
-ئەگەر پشتگیری هەبێت، ئاستی ئەم یارییە لە كوردستان زۆر بەرزە و بەرزتریش دەبێت، بەڵام كە پشتیگری نەبێت، بێگومان ئاستی بەردەوام باش نابێت، شارەكانی كوردستانیش تیپی بەهێزیان هەیە و چەندین یاریزانی بەتوانایان لە خۆ گرتووە.
* لە نێوان ئەم هەموو یارییە وەرزشییە بۆچی یاریی فوتساڵت هەڵبژارد؟
- وەرزش هەمووی گرنگە كە مرۆڤ ئەنجامی بدات، بەڵام من لە وەرزشدا توانیم لە یاریی فوتساڵ تواناكانی خۆمی لێ بدۆزمەوە، بۆیە ئەم یارییەشم هەڵبژارد كە دەتوانم لە رێگەی هەنگاوی گەورەتر بهاوێم لە ژیانی وەرزشیمدا.
* وەكو كچە یاریزانێك زیاتر گرفتی یاریی فوتساڵ لە چیدا دەبینی؟
-نەبوونی یاریگا هەموو كات گرفتە بۆ سستبوونی ئەم یارییە و نەبوونی پشتگیریش كێشەیەكی ترە، ئەگەر پشتگیری و پێداویستی باش هەبێت بێگومان دەتوانین بەسەر گرفتەكاندا زاڵبین، لە هەمان كاتدا نەبوونی مووچە و گرێبەست ئەوەش وا لە یاریزانان دەكات كە لە وەرزشكردن سارد ببنەوە.
* چی بكرێت باشە بۆ ئەوەی ئاستی یاریی فوتساڵ بەرز بێتەوە؟
- بەردەوام هاوكاری ئافرەتان بكرێت لە وەرزشكردن بە دابینكردنی هۆڵی تایبەت و پێداویستییەكانیان و ڕاهێنەری بەتوانا بۆ ئەوەی ئەوانیش بەردەوامبن لە وەرزشكردن، هەروەها كردنەوەی قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان لە ئێستادا من بە پێویستی دەزانم بۆ ئەوەی ئەو یاریزانانەی كە لە وەرزش دووردەكەونەوە كەسانی تر شوێنی ئەوان پڕبكەنەوە.
* خەونی وەرزشیت وەكو یاریزان چییە؟
- بەهیوای ئەوەم ببم بە یاریزانێكی بەتوانا بۆ ئەوەی خزمەتی وەرزشی كوردستان بكەم و هەڵبژاردەی كچانی كوردستانیش دابمەزرێ منیش یەكێك بم لە یاریزانانی ئەم هەڵبژاردەیە.
*ئایا تا ئێستا لەلایەن یانەكانی دیكەوە هیچ گرێبەستێكت پێشكەش كراوە؟
- بەڵێ گرێبەستم هەبووە، بەڵام من لە ئافرەتانی هەولێر زۆر ئاسوودەم و حەز دەكەم زیاتر لەم یانەیە پەرە بەتواناكانم بدەم.
*زۆربەی ئافرەتانی وەرزشكار گرفتیان بۆ دروست دەبێت لە وەرزشكردن ئایا تاكو ئێستا ئەم گرفتە ڕووبەڕووی تۆ بۆتەوە؟
- نەخێر، بە سوپاسەوە تاكو ئێستا خانەوادەكەم هیچ كات رێگرییان لێ نەكردووم لە ژیانی وەرزشیم، بگرە هۆكاریش بوون بۆ بەرزیی ئاستی من.
* بە چ گۆڵپارێزێك زۆر سەرسامی لەسەر ئاستی كوردستان و جیهان؟
- بە هەردوو گۆڵپارێز سەرهەنگ موحسین گۆڵپارێزی یانەی هەولێر و ئیكەر كاسیاس-ی یانەی ریال مەدرید، زۆریش حەز دەكەم بگەمە ئاستی كاسیاس.
*ماوەیەكی تر بەشداریی خولی كوردستان دەكەن، تا چەند ئومێدی سەركەوتنتان لەم خولەدا هەیە؟
- ئێمە وەرزی ڕابردووش ئاستی باشمان پێشكەش كرد، هەرچەندە ئەمساڵ گرفتی دارایی رێگر بووە لە بەردەممان، بەڵام ئێمە سوورین لەسەر بەدەستهێنانی ئەنجامی باش، چونكە خاوەن ڕاهێنەرێك و دەستەیەكی یاریزانانی بەهێزین لەسەر ئاستی كوردستان.
*لەو بڕوایەدایت ببنە پاڵەوانی كوردستان؟
- ئەو هیوایە لە هەموومان بەدی دەكرێت، بەڵام كە قەیرانی دارایی هەبێت، ڕەنگە نەتوانین ئەم ئامانجە بەدەست بهێنین، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە سوور دەبین لەسەر نازناوی خولەكە.
* دەتەوێت لە كۆتاییدا چی بڵێیت ؟
-سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ بەسەركردنەوەی یاریزانان، بەهیوای ئەوەین بەرپرسان زیاتر گرنگی بە یاریی فوتساڵ بدەن و هاوكاری یاریزانان و یانەكان بن.
Top