دهۆك مووچە بە هیچ یاریزانێكی نادات

دهۆك مووچە بە هیچ یاریزانێكی نادات
قەیرانی دارایی ئەمساڵ رێگەی لە یانەكان گرتووە كە دەستیان كراوە بێت لە بەرامبەر یاریزانانی یانەكەیان بۆ ئەوەی بتوانن مووچەی مانگانەی یاریزانانیان دابین بكەن. یانەی دهۆك ئەمساڵ جیاوازە لە یانەكانی دیكە و تەنانەت سیستەمی پێدانی مووچەی بە یاریزانان نییە، جگە لە مۆركردنی گرێبەست و دابینكردنی بڕی پارەكان بە شێوازی قیست، مووچە بە یاریزانانیان نادات. یانەی دهۆك وەك تیپەكانی دیكە زیاتر یاریزانانی شارەكەی لە بەرچاو گرتووە. بۆ ساڵی دووەم لەسەر یەك كوڕانی شارەكەش دەبنە پاڵپشت بۆ تیپی تۆپی پێی یانەكە و ئەمساڵیش یانەكە تەنیا سێ یاریزانی پیشەگەری هێناوەتە ریزی خۆیەوە و سەرجەم یاریزانەكانی كوردی كوردستانن. سائیر جەسام سەرپەرشتی مەشق و ڕاهێنانی یانەكە دەكات.
محەمەد عەلی بەرپرسی راگەیاندنی یانەی دهۆك لە بارەی پێنەدانی مووچەی یاریزانانی یانەكەیان بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «ئەمساڵ ئێمە تەنیا گرێبەستمان لەگەڵ یاریزانان هەیە، بەڵام بە هیچ شێوەیەك مووچە بە هیچ یاریزانێك نادرێت لەلایەن یانەی دهۆكەوە، جگە لەوانەش سەرجەم یاریزانەكانی تری خۆمان لە یانەكە ماونەتەوە گرێبەستیان مۆركردووە و ئێمەش بە چوار بەش سەرجەم گرێبەستەكانیان پێ دەدەین، بەڵێنیشمان لە پارێزگاری دهۆك و حكومەت وەرگرتووە كە پارەی گرێبەستی یاریزانان دابین بكەن، بڕیاریشە پارێزگار پارەمان بۆ دابین بكات بۆ ئەوەی بەشی یەكەمی گرێبەستەكان بۆ یاریزانان دابین بكەین»، گوتیشی: « ئێمە سێ یاریزانی پیشەگەرمان هەیە، ئەوانیش داوای پارەی خۆیان دەكەن و ئەگەر پارەكانیان پێ نەدرێت، ئەوا ناتوانن لەگەڵ یانەی دهۆك بەردەوام بن. ئەمساڵیش ئامانجی ئێمە لەم وەرزەدا تەنیا بەشداری كردنە لە خولی نایابی عێراقی و پێگەیاندنی یاریزانانی كوردی یانەكەمانە و بۆ كێبڕكێ كردن یاری دەكەین دەمانەوێ تیپێكی بەهێز بین، بەڵام بۆ نازناو و یاری ناكەین، گرفتی ئێمە تەنیا كێشەی داراییە، ئەگەر ئەوە چارەسەر بكرێت گرفتی ئەوتۆمان نامێنێت.»
Top