هەتا قەیرانی دارایی نەهات، گرنگیی یاریزانە كوردەكانیان نەزانی
یونس شوكر یەكێك لە یاریزانە بەتواناكانی شاری كەركووكە و بگرە لەسەر ئاستی عێراقیش لە خولەكانی عێراق و كوردستان بە یەكێك لە هێرشبەرە ترسناكەكان دەژمێردرێت. یونس ماوەی سێ وەرزە لە ریزی یانەی زاخۆ یاری دەكات و لە هەردوو خولی عێراق و كوردستان ئاستی شایستەی پێشكەش كردووە، چەندین جار بە گۆڵە جوانەكانی سەرنجی تیپەكانی تری بۆ خۆی ڕاكێشاوە، ئەو پێشووتر بۆ ریزی هەریەك لە یانەكانی كەركووك و هەولێرو تەڵەبە و شوڕتە و زاخۆ و هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی عێراق یاری كردووە، ئەمساڵیش سەڕەرای ئەوەی چەندین گرێبەستی پێشكەش كرابوو، بەڵام بە هۆكاری خێزانی گەڕایەوە زێدی خۆی كە شاری كەركووكە و لەگەڵ یانەی گازی باكوور گرێبەستی مۆركرد. یونس لە دایكبووی ساڵی 1983ی شاری كەركووكە، ئێمەش لە نزیكەوە چەند پرسیارێكمان ئاڕاستەی كرد.
* دوای چەندین ساڵ یاریكردن لەگەڵ یانەی زاخۆ، كە زۆر جار فریادەڕسی یانەكە بوویت لە تۆماركردنی گۆڵ، چۆن بوو ریزی ئەو یانەیەت جێهێشت؟
- بەلێ زۆر راستە، من زۆر جار گۆڵی یەكسان بوون، یان سەركەوتنم بۆ یانەی زاخۆ تۆماركردوە لە هەردوو خولی عێراق و كوردستان، لەم وەرزشە 17گۆڵم بۆ یانەكە تۆماركردووە، بەڵام هۆكاری سەرەكیم بۆ جێهێشتنی یانەكە، خێزانی بوو، لەبەر ئەوەی خانەوادەكەشم زۆر پێویستیان بە من بوو. بۆیە ئەم بڕیارەم دا. یانەی زاخۆش دەستبەرداری من نەبووە تاكو ئێستا، هەركاتێك حەزم لێ بێت بۆ یانەی زاخۆ دەگەڕێمەوە، بەڵام كە هۆكارەكەی خێزانی بێت ئەوە شتێكی ترە.
* بیستوومانە گرێبەستی باشت بۆ هاتبوو لە لایەن یانەكانی شاری بەغداو باشووری عێراق بۆچی لەگەڵ ئەوان رێكنەكەوتی؟
- بەڵێ هەتا ئێستاش پێم دەڵێن لە یانەكانی بەغدا و باشووری عێراقیش گرێبەستم پێشكەش كراوە، بەڵام من بڕیاری ئەوەم نەداوە بچمە ئەوێ بژیم.
* بۆچی لەگەڵ هەولێر نەگەیشتیتە رێككەوتن؟
- لەگەڵ یانەی هەولێر هیچ كێشەیەكم نەبوو، بەڵام ئەوان یاریزانی كوردیان بە هەرزان دەوێت منیش لەم یاریزانانە نەبووم كە خۆم هەرزانفرۆش بكەم، من خۆم پێوەندیم بە یانەی هەولێر كردو ئەوانیش دەڵێن بەتەنیا مووچەوە وەرە یاری بكە منیش ڕەتم كردەوە.
* تەنیا بۆ پارە چوویتە یانەی گازی باكوور، بڕی گرێبەستەكەت چەندە؟
- نەخێر، پارە دوایین شتە كە من بیری لێ بكەمەوە، بەڵام ئەوە پیشەی منە و هەموو یاریزانێك قەدری خۆی دەزانێت، لەگەڵ گازی باكووریش گرێبەستەكەم زۆر باشە لە خوا بەزیاد بێت.
* ئەی بۆچی نەگەڕایتەوە یانەی كەركووك كە ئێستا لە قەیرانی دارایە، كەچی تۆ لەوێ پێگەیشتی؟
- زۆر راستە دەبێت بگەڕێمەوە یانەی كەركووك، بەڵام ئەوان زۆر كێشەیان هەیە، بەرپرسانی یانەكەش هیچ پێوەندییان بەمنەوە نەكردووە، تاكو قسەیەك لەسەر ئەم بارودۆخە بكەین بۆ گەڕانەوە بۆ یانەكەیان.
* تاچەند لەگەڵ هاتنی یاریزانانی عەرەبی بۆ یانەكانی كوردستان؟
- من زۆرجاری تر ئاماژەم بەوە داوە كە یاریزانانی كورد ئاستیان باشە، بەڵام هەتا قەیرانی دارایی نەهات، گرنگیی ئەم یاریزانە كوردانەیان نەزانی، ئێمە هەمیشە حەزمان بە یاریزانانی خۆماڵی و كورد نییە، بەڵكو دژایەتییان دەكرێت هەتا سەرنەكەوێت، من ئەگەر كاتی خۆی نەچووبامە شاری بەغدا و لە یانەكانی تەڵەبە و شوڕتە و هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی عێراقی یاریم نەكردبا، پێش نەدەكەوتم، ئەوان گرنگی بە یاریزانی باش دەدەن، بەڵام لە كوردستان هیواكانیان لە گۆڕ دەنێن.
* ئەمساڵ یانەكانی كوردستان پشتیان بە یاریزانانی كورد بەستووە، تاچەند بڕوات وایە یانەكانی كوردستان دەتوانن ئەنجامی باش بەدەست بهێنن؟
- دەبوایە زۆر لە مێژە ئەو كارەیان بكردایە، بەڵام ئەوان دواكەوتوون، بڕوا ناكەم بگەنە ئەنجامی باش، بەڵام هیوام وایە براكانم لە یانەكانی كوردستان كە یاری دەكەن ئەنجامی شایستە بەدەست بهێنن.
* بەهیوای چیت لە ژیانی وەرزشیت؟
- هیوام كانم، بەهیوای ئەوەم ببمە سەرۆك یانە، یان جێگری یانە بۆ ئەوەی كاری باش بكەم، بەهیوای ئەوەم بگەمە هەڵبژاردەی عێراق، لەگەڵ یانەی گازی باكووریش بتوانم ئەنجامی شایستە پێشكەش بە دەست بهێنم.
* هاندەری كام یانەیت لە عێراق و هەڵبژاردەی جیهانی؟
- یانەی شورتەی عێراقی و هەڵبژاردەی بەڕازیل.
*بەچ یاریزانێك سەرسامی لەسەر ئاستی عێراق و جیهان؟
- لە عێراق ئەحمەد ڕازی و لە جیهانیش رۆناڵدۆی بەڕازیلی.
* ئەگەر لە كۆتاییدا شتێكت مابێت؟
- دەستخۆشی لە گۆڤاری گوڵان دەكەم، كە بەبێ جیاوازی وەرزشكارانی كوردستان بەسەردەكاتەوە لە سەرجەم قەزا و ناحیە و پارێزگاكان ئەگەر ئێوەش نەبوونایە ئێمەش دەنگمان بە خەڵك نەدەگەیشت.
