چەند روونكردنەوەیەك لە یەكێتی تۆپی پێی عێراق

چەند روونكردنەوەیەك لە یەكێتی تۆپی پێی عێراق
دوای ئەوەی یارییەكانی هەفتەی یەكەمی خولی نایابی عێراق بۆ تۆپی پێی ئەنجامدرا، لە چەند یارییەك چەند كێشەیەك سەبارەت بە ئەنجامدانی گۆرانكارییەكان، كە تیاییدا لە یاری هەولێر و ئەمانە بەغداد یانەكان چوار گۆرانكاریان ئەنجامدا و لە یاری دهۆك و نەفتی جنوب هەمان كێشە دووبارە بووە و لە یاری مینا و زاخۆ، یانەی مینا نارەزایی دەربری سەبارەت بە ئەنجامدانی سێ گۆرانكاری و رێگەری كردنیان لە لایەن ناوبژیوانی چوارەم لەسەر ئەنجامدانی گۆرانكاری چوارەم، دوای تەواوبوونی یارییەكەی هەولێر و ئەمانە بەغداد، یانەی میوان نارەزایەكی پێشكەش بە یەكێتی تۆپی پێی عێراق كرد سەبارەت بە بابەتە.
لەمباریەوە عەلی جەبار جێگری سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی عێراق گوتی: داوا لە گشت یانە بەشداربووەكانی خولی عێراق دەكەین، كە لە یارییەكانی هەفتەی دووەمی خولی نایابی عێراق پابەندی رێنماییەكانی یەكێتیەكە و لێژنەی پێشبركی یەكێتی تۆپی پێی عێراق بن، كە دەبێت لە هەر یارییەك سێ گۆرانكاری ئەنجام بدرێت و هەر یاریزانێك سێ كارتی زەرد وەربگرێت یارییەك رادەگیریت.
سەبارەت بە رووداوەكانی ئەم هەفتەیە بە تایبەتی نارەزایی یانەی ئەمانە بەغداد، عەلی جەبار گوتی: ئەمە هەڵەی سەرپەرشتیار و دەستەی ناوبژیوانی یارییەكەیە، چونكە ئەوان زانیاریان لەسەر گۆرانكاری نوێیەكانی لێژنەی پێشبركی و لێژنەی ناوبژیوان سەبارەت بە خولی عێراق نەبوو بۆیە ئەنجامی یارییەكە وەكو خۆی دەمینێتەوە و هیچ گۆرانكارییەك ئەنجام نادرێت.
رێبین رەمزی
Top