پاڵەوانی عێراق بەشداری خولی نایابی فوتساڵی عێراق ناكات

پاڵەوانی عێراق بەشداری خولی نایابی فوتساڵی عێراق ناكات
لەگەڵ ئەوەی تیپی فوتساڵی كچانی ئافرەتانی هەولێر وەرزی ڕابردوو نازناوی خولی فوتسالی یانە پلە نایابەكانی عێراقی هێنایەوە پایتەختی كوردستان، بەڵام لە ئێستادا ئەم تیپە ئامادەكاری بۆ بەشداریكردن لە خولی عێراق نەكردووە و بڕیاری ئەوەشیان داوە كە بەشداری هیچ یارییەكی خولی عێراق ناكەن بەهۆی ئەم گرفتە قولەی دارایی كە دووچاری یانەكە هاتووە، ژمارەیەك لە یاریزانانی یانەكەش هەڕەشەی جێهێشتنی تیپی فوتساڵی یانەكەیان كردووە. لەبارەی هۆكاری بەشداری نەكردن لە خولی عێراق و رۆیشتنی ژمارەیەك لە یاریزانانی یانەكە مەزن محەمەد ڕاهێنەری تیپی فوتساڵی ئافرەتانی هەولێر بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: بارودۆخی تیپەكە لەوپەڕی خراپیدایە، چونكە كۆمەڵێك گرفت دەوری تیپی ئافرەتانی هەولێری داوە، وەك نەبوونی مووچە و گرێبەست و یاریگا ئەوانە هەمووی هۆكارن كە تیپەكە روو لە خراپییە، ئەم بارودۆخە خراپەی دارایی وای لە ئێمە كردووە كە پاڵەوانی خولی عێراقین بەشداری خولی فوتساڵی نایابی عێراقی نەكەین، تەنیا بەشداری لە خولی كوردستان دەكەین ئەوەیش لەبەر ئەمەیە تەنیا دانەبەزین بۆ خولی پلە یەكی كوردستان، بۆیە بەرنامەیەك دادەنین بۆ ئەوەی مەشق بكەین بۆ خولی كوردستان، هیچ كەسیش هاوكاری نەكردووین، جگە لە سەرۆكی یانەكەمان كە ئەو زۆر لەگەڵ تیپەكە ماندووە.» لە بارەی رۆیشتنی یاریزانانی یانەكەش، مەزن گوتی: «ئێمە قسەمان لەگەڵ كردوون بۆ ئەوەی بەردەوام بن، بەڵام ئەوان داوای مافی خۆیان دەكەن و نەڕۆیشتوون، بەڵام لەم چەند رۆژەدا چەندین یاریزانمان ریزی تیپەكە جێدەهێڵن بە ئاشكرا ئەوەیان بە ئێمە گوتووەو داوای مافی خۆیان كردووە، ساڵی ڕابردوو بۆ ماوەی شەش مانگ نیوەی مووچەكانمان وەرگرتووە، ئەمە بۆ نۆ مانگیش دەچێت هیچ مووچەیەكمان وەرنەگرتووە، بەم بارودۆخە خراپەش ناتوانین هیچ ئەنجامێكی شایستە بەدەست بهێنین لە خولی نایابی كوردستانیش، بۆیە داواكارین بەرپرسانی شارەكە هاوكاریی تیپەكە بكەن و بۆ ئەوەی لە پاڵەوانێتییەكاندا ناوی هەولێر بە بەرزی بهێڵینەوە.
Top