یانەی وەرزشی سلێمانی بڕی 200ملیۆن دینار قەرزارە

یانەی وەرزشی سلێمانی بڕی 200ملیۆن دینار قەرزارە
لەگەڵ ئەوەی لە ئێستادا قەیرانی دارایی سەرجەم جومگەكانی گرتۆتەوە لە هەرێمی كوردستان، بواری وەرزشیش بەدەر نەبووە لەم قەیرانە داراییەی كە لە ئێستادا یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان بڕیاری بە مەرجی وەرگرتنی مینحەی وەرزشی داوە لەسەر وادەی دەستپێكردنەوەی وەرزی نوێی خولی نایابی یانەكانی كوردستان كە دەبێت لە 20ی مانگی 11ی ئەمساڵ دەستپێبكات. بەڵام زۆرێك لە یانەكانی كوردستان تاكو ئێستا هیچ تیپێكیان كۆنەكردۆتەوە بۆ بەشداریكردن لە وەرزی نوێی كێبڕكێیەكانی خولەكە، یانەی سلێمانیش یەكێكە لەم یانانەی كە تاكو ئێستا وادەی دەستپێكردنەوەی مەشق و كۆكردنەوەی یاریزانانی دیاری نەكردووە و هیچ راهێنەرێكی بۆ تیپی كوردستانیش دەستنیشان نەكردووە، جێگری سەرۆكی یانەكەش ئاماژەی بەوە داوە كە وەرزش بە بێ پارە بەڕێوە ناچێت و وتیشی: ئێمە بڕی 200ملیۆن دینار قەرزاری یاریزانانین، لە بارەی ئەم بڕە پارەی كە قەرزارن و ئامادەكارییەكانیان بۆ خولەكە، هەردە رەئوف جێگری سەرۆكی یانەی وەرزشی سلێمانی بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: تاكو ئێستا هیچ ئامادەكارییەكمان نەكردووە بۆ تیپی تۆپی پێی یانەكەمان بۆ خولی نایابی كوردستان، ئەم قەیرانە داراییەشی هەموو هەموو لایەكی گرتۆتەوە هەتا بگرە كاری بازرگانییەكانیش بە هەمان شێوەی ئێمە دووچاری قەیران بوون، لایەنی پێوەندیداریش لە پارێزگاری شارەكەمان هاوكاریی تیپەكەی ئێمەیان نەكردووە، ئێمە زیاتر لە 200ملیۆن دینار قەرزی یاریزانانمان لا ماوە هی گرێبەستەكانی ساڵی ڕابردوو، بۆیە ئەگەر تیپەكە كۆبۆوە، دەبێت گرێبەست و مووچەكانیان بۆ دابین بكەین، بەوەش ئێمە زیاتر بارمان قورس دەبێت، بەڵام ئەگەر تیپی تۆپی پێی یانەكەمان گەیشتە ئەو ڕادەیەی كە دەتوانن بە مووچەیەكی كەم یاری بكەن، ئەوە دەست بە ئەویش دەكەینەوە، هەردە وتیشی: ئێمە جگە لە تیپی تۆپی پێی سەرجەم تیپەكانی ترمان بەردەوامن لە چالاكییەكانیان بەهیوای ئەوەشین هاوكاریمان بكەن .
Top