دوو یانەی كوردی دەبنە نوێنەری عێراق لە پاڵەوانێتیی تۆپی سەرمێزی یانەكانی عەرەب

دوو یانەی كوردی دەبنە نوێنەری عێراق لە پاڵەوانێتیی تۆپی سەرمێزی یانەكانی عەرەب
دوای ئەوەی لە شاری بەغدا بەسەرپەرشتیی یەكێتیی ناوەندیی تۆپی سەرمێزی عێراقی و بە بەشداریی ژمارەیەك لە یانەكانی تیپی تۆپی سەرمێزی یانەكانی شارەكانی عێراقی، تیپی تۆپی سەرمێزی یانەی سلێمانی دوای بەدەستهێنانی حەوت سەركەوتنی یەك لە دوای یەكی لە پاڵەوانێتییەكە، بووە پاڵەوانی خولی تۆپی سەرمێزی یانە پلە نایابەكانی عێراقی، بەم ئەنجامەش كوڕانی شاری سلێمانی شان بە شانی كچانی پێشمەرگەی سلێمانی كە پلەی دووەمی ئاستی كچانیان بەدەست هێنا لەگەڵ هەردوو تیپی سناعە و جەیش دەبنە نوێنەری یانەكانی عێراق بۆ بەشداریكردن لە پاڵەوانێتیی تۆپی سەرمێزی یانەكانی عەرەب كە بڕیارە لە مانگی 11ی داهاتوودا لە هاوینە هەواری شەرمئەلشێخ لە وڵاتی میسر بەڕێوە بچێت. تیپی تۆپی سەرمێزی یانەكەش بەبەشداریی چوار یاریزانی كوردی شارەكانی كوردستان بەشداریی كێبڕكێیەكانی كردبوو توانی ئاستێكی بەهێز پێشكەش بكەن. لە بارەی بەشداریكردنیان لە پاڵەوانێتیی عەرەب سەیفەدین فەتاح ڕاهێنەری تیپی تۆپی سەرمێزی یانەی وەرزشیی سلێمانی بە گۆڤاری گوڵانی راگەیاند: ئێستا سەردەمی زێڕینی تۆپی سەرمێزە لە شاری سلێمانی كە خاوەن ئاستێكی بەرزن لەم یارییەدا، ئێمە دوای ئەوەی توانیمان نازناوی تۆپی سەرمێزی كوردستان بەدەست بهێنین، ڕاستەوخۆ بەشداریمان كرد لە پاڵەوانێتیی پارێزگاكانی عێراق و دواتریش خولی نایابی سەرمێزی عێراقی، ئەوەش بۆ ئێمە زۆر باش بوو، بڕیاریشە لە مانگی 11ی ئەمساڵ لە وڵاتی میسر بەشداریی پاڵەوانێتیی یانەكانی عەرەبیش بكەین، ئامادەكاریی بۆ ئەم پاڵەوانێتییەش دەكەین، بە یاریزانانی كوردی شارەكەمان بەڵێنی ئەنجامی شایستە دەدەین بۆ شاری سلێمانی و ناوی سلێمانیش لە ئاسیا و جیهانیش بەرز دەكەینەوە، بەهیوای ئەوەین بەرپرسانی وەرزشی هاوكاریی یانەكەمان بكەن بۆ ئەوەی بتوانین بە پاڵەوانی بمێنینەوە.
Top