دوای ئەوەی لە هەفتەی ڕابردوو پاڵەوانێتی باسكەی نایابی كچانی یانەكانی عێراقی لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، دوای ئەنجامدانی چەندین یاری لە نێوان تیپە بەشداربووەكانی خولەكە كچانی یانەی سیروانی نوێ شاری سلێمانی توانییان لەسەرجەم تیپەكانی بەشدار لە خولەكە ببەنەوە و بۆ یەكەمجار لە مێژووی عێراق و شاری سلێمانی كچانی سیروانی نوێ نازناوی خولی باسكەی عێراقیان بردەوە، بڕیاریشە كچانی سیروانی نوێ بە نوێنەرایەتی عێراق بەشداری لە جامی یانەكانی وڵاتانی عەرەبی بكەن لە قاهیرەی پایتەختی وڵاتی میسر كە بڕیارە یارییەكانی لە 15ی مانگی داهاتوو بەڕێوەبچێت.» لەبارەی بەدەستهێنانی نازناوی خولەكەش رزگار رەئوف ڕاهێنەری تیپی باسكەی كچانی یانەی سیروانی نوێ بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «ئێمە ئامادەكارییەكی باشمان كردبوو بۆ یارییەكانی خولی نایابی باسكەی یانەكانی عێراقی بە كۆمەڵێك كچە كوردی بەتوانای شاری سلێمانی كە تەمەنیان بچووكە و خاوەن ئاستێكی بەرزی یاری كردنن لە یاری باسكە و لە سەرجەم یارییەكان براوە بووین و بۆ یەكەمجاریش لە مێژووی عێراق یانەیەكی كوردی و بە پێكهاتەیەكی كوردی بووە پاڵەوانی عێراق و بووینە نوێنەری یانەكانی عێراق لە جامی یانەكانی عەرەبی كە بڕیارە لە قاهیرە بەڕێوە بچێت، ئێمەش بڕیاری ئەوەمان داوە ئەگەر بە سواڵكردنیش بێت بەشداری یارییەكانی ئەم پاڵەوانێتیە بكەین، یانەی سیروانی نوێ بە فەرمی نووسراوی بەشداری كردنیان بۆ كردین بۆ ئەوەی وەكو نوێنەری عێراق وەكو كچە كوردەكانی شارەكەمان بەشداری ئەم پاڵەوانێتیە بكەین، بڕیاریشە لە رۆژانی داهاتوو بە بەرنامەیەكی تۆكمەوە دەست بە مەشقەكانی تیپەكەمان بكەینەوە بۆ ئەوەی بۆ پاڵەوانێتی یانەكانی عەرەبی ئامادەكاری بكەین، ئەم تیپەش تەنیا هی من و شاری سلێمانی نییە، هی هەموو كوردستانە .»