هەولێر ئۆردوگای مەشقی لە دهۆك ئەنجام دەدات
سائیر ئەحمەد راهێنەری یانەی هەولێر لە لێدوانێكیدا گوتی: وا بڕیارە ئەمرۆ هەینی بەرەو شاری دهۆك بەرێبكەوین بۆ ئەنجامدانی ئۆردوگایەكی مەشقی كورت بۆ ماوەی سێ رۆژ، لەم ئۆردوگایە دوو یاری دۆستانە ئەنجام دەدین، رۆژی شەممە یەكەم یاری خۆمان لەگەڵ یانەی گارە ئەنجام دەدین لە یاریگەی گارە و رۆژی یەكشەممە لە یاریگەی دهۆك دووەم یاری دۆستانەی خۆمان بەرانبەر یانەی دهۆك ئەنجام دەدین و هەمان رۆژ دەگەرینەوە شاری هەولێر.
لە درێژەی قسەكانیدا سائیر ئەحمەد گوتی: پاش ئەم ئۆردوگایە و پێش دەستپێكردنی یارییەكانی خولی نایابی عێراق هەوڵ دەدین یارییەك یان دوو یاری دۆستانە-ی تر ئەنجام بدەین بۆ ئەوەی بەتەواوی ئامادەكارییەكانمان تەواو بێت.
جێگەی باسە یانەی هەولێر تا ئێستا چوار یاری دۆستانە ئەنجامداوە لەگەڵ یانەكانی (گارە دوو یاری، هێرش، یانەی زانكۆی جیهان).
رێبین رەمزی
