ئافرۆدێت پلەی‌ دووەمی‌ عێراقی‌ بەدەست هێنا

ئافرۆدێت پلەی‌ دووەمی‌ عێراقی‌ بەدەست هێنا
تاکە نوێنەرەکەی‌ کوردستان بەسەربەرزی‌ و بە ئاڵای‌ کوردستانەوە بووە خاوەنی‌ پلەی‌ دوەمی‌ خولی‌ تۆپی‌ دەستی‌ کچانی‌ یانەکانی‌ عێراق و چەند یاریزانێکیشی‌ بانگهێشتی‌ ریزی‌ هەڵبژاردەی‌ عێراق کران.
رۆژی‌ شەممە 29- 8 لەشاری‌ حلە و لە هۆڵی‌ (حەمزە نوری‌) یاری‌ کۆتایی‌ پاڵەوانێتی‌ تۆپی‌ دەستی‌ کچانی‌ یانەکانی‌ عێراق لەنێوان فەتاتی‌ نەجەف و ئافرۆدێتی‌ نوێنەری‌ کوردستان ئەنجامدرا، ئافرۆدێت سەرجەم یاریزانەکانی‌ کوردن و دانیشتوی‌ شاری‌ سلێمانین، بەڵام فەتاتی‌ نەجەف پێنج یاریزانی‌ شاری‌ هەولێر و یاریزانێکی‌ شاری‌ کەرکوکی‌ لەخۆگرت بوو، کەکچەهەولێرییەکان هەڵگری‌ نازناوی‌ وەرزی‌ رابردوون بەناوی‌ ئافرەتانی‌ هەولێرەوەو خاوەن ئەزمونێکی‌ باشی‌ خولەکەبوون، لەگەڵ فیکەی‌ دەست پێکدا ئاست بەرزی‌ یاریزانانی‌ هەردوولا دەرکەوت و بەخێرایی‌ دەگەشتنە سەرگۆڵی‌ یەکتر و لەیەکتری‌ دوورنەدەکەوتنەوە، بەڵام تیپەکەی‌ ئافرۆدێت زۆری‌ پێ نەچوو دوو لەیاریزانە باشەکانی‌ کە (کاڵی‌ رەوف و بانو کامیل) بوون دووچاری‌ پێکانی‌ قورس هاتن و برانە دەرەوەی‌ یاریگا، ئەمەش تارادەیەک دابەزینی‌ ئاستی‌ تیپەکەی‌ بەخۆوە بینی‌، بۆیە ئەو تایمە 8 بە 3 گۆڵ بۆ نەجەف بوو، لەتایمی‌ دوەمدا کچەکانی‌ ئافرۆدێت ئاستێکی‌ بەرزتریان پیشانداو شەش گۆڵیان لێ تۆمارکردن و لەبەرامبەردا 4 جار تۆڕی‌ گۆڵەکەیان هەژێندرا، بەوەش سەرەنجام یارییەکە بەجیاوازییەکی‌ کەم و بە 12 بەرامبەر بە 9 گۆڵ لەبەرژەوەندی‌ فەتاتی‌ نەجەف کۆتایی‌ پێ هات و ئافرۆدێتیش بۆ یەکەم جار لەمێژوی‌ خۆیدا بوو بەخاوەنی‌ پلەی‌ دوەمی‌ تۆپی‌ دەستی‌ عێراق و لەماوەی‌ داهاتوشدا لەپاڵەوانێتیە دەرەکییەکانی‌ عێراقدا بۆی‌ هەیە بەشداری‌ بکات.
جێی‌ باسە بەهۆی‌ ئاست بەرزی‌ یاریزانەکانی‌ ئافرۆدێتەوە، راهێنەری‌ هەڵبژاردەی‌ تۆپی‌ دەستی‌ عێراق شەش لەوکچە یاریزانانەی‌ بانگهێشتی‌ ریزی‌ هەڵبژاردەی‌ عێراق کرد.
کاروان شێخ زیرەک – حلە
Top