كچانی ئەكاد چاویان لە نازناوی پاڵەوانی عێراقە
بنێتا شمایل یاریزانی تیپی باسكەی كچانی ئەكاد لە بارەی ئامادەكارییەكانیان بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «ئێمە ماوەیەكە بە بەرنامەیەكی زۆر باش ئامادەكارییەكانمان دەستپێكردووە، ئومێدی زۆرمان بە خۆمان هەیە، كە بتوانین ئەنجامی شایستە بە دەست بهێنین، ئەمساڵیش ئێمە جیاوازین، چونكە تیپێكی تەواو لاوین و دەتوانین كێبڕكێ لەسەر بەدەستهێنانی ئەنجامی گەورە بكەین لەم وەرزەدا، دەستەی ڕاهێنەرانیش بە شێوەیەكی زۆر تۆكمە ئێمەیان ئامادە كردووە، ئەمساڵیش یانەكانی كوردستان بە شێوەیەكی باش بەشداری دەكەن، بۆیە ئێمەش دەمانەوێ كێبڕكێ لەگەڵ تیپی تر بكەین لە خولی كوردستان، گرفتی داراییش لە زۆربەی یانەكانی كوردستان هەیە، بەڵام سوپاس بۆ دەستەی كارگێڕی و سەرۆكی یانەكەمان كە نەیانهێشتووە و هیچ كەم و كورتییەكەمان هەبێت.
رەنا جەمیل یاریزانی تیپی باسكەی كچانی ئەكادـەو ئەویش لە بارەی ئامادەكارییەكان وتی: هەموو ساڵێك كێبڕكێی بەهێز هەیە لە نێوان تیپە بەشداربووەكانی خولی نایابی باسكەی عێراقی، ئێمەش هەموو ساڵێك بەشداریمان كردووە و ئەنجامەكانیشمان لەسەر ئاستی عێراق بەرچاو بووە، ئەمساڵیش بە ڕاهێنەرێكی بەتوانا ئامادەكارییەكانمان دەست پێكردووە و بە پشتگیری دەستەی كارگێڕی یانەكەمان كە هەموو كات پشتی ئێمە بووە، بۆ ئەوەی ئەنجامی باش بەدەست بهێنین، ئەمساڵیش تیپەكەمان هەمووی كچە یاریزانانی لاوی شارۆچكەی عەنكاوەین و چاومان لەوەیە كە بتوانین ئەنجامی گەورە لە سەر عێراق بەدەست بهێنین و ببینە پاڵەوانی خولی نایابی یانەكانی عێراقی، ئامادەكاری زۆر چڕیشمان كردووە بۆ ئەوەی بە تەواوی ئامادە بین بۆ كێبڕكێیەكان،» لە بارەی گرفتەكانیش رەنا گوتی: «هیچ گرفتێكی ئەوتۆمان نییە، تەنیا ئەوە نەبێت كە ئێستا گرفتی دارایی هەموو لایەكی گرتۆتەوە، ئومێدەواریشین لایەنی بەرپرس هاوكاریی ئێمە بكات بۆ ئەوەی ئێمەش وەكو نوێنەری كچانی هەولێر بتوانین بە ئەنجامە باشەكانمان سەری یانەكەمان و شارەكەمان بەرز بكەینەوە، ئەو ئومێدەش لەسەرجەم یاریزانانی تیپەكەمان و دەستەی ڕاهێنەران هەیە، بۆیە دڵنیاین لە بەدەستهێنانی نازناوی خولەكە».
رومراما نەنۆ یاریزانێكی دیكەی باسكەی ئەكادە و ئەویش لە بارەی ئامادەكارییەكانی تیپەكەی گوتی: «دەستەیەكی ئاست بەرزی ڕاهێنەران سەرپەرشتیمان دەكەن رۆژانە مەشقی چڕمان كردووە و تەكنیكە نوێیەكانیان بە ئێمە گوتووە، ئێمەش وەكو دەستەی یاریزانان بە تەواوی رێنمایی و پلانەكانی دەستەی ڕاهێنەران جێبەجێ دەكەین. تیپە بەشداربووەكانی ئەمساڵیش ئاستیان باشە و ئێمەش وەكو یاریزانان بەڵێنی بەدەستهێنانی نازناوی خولی باسكەی عێراقیمان داوە و پەنا بەخوا ئەم نازناوە دەهێنینەوە بۆ شاری هەولێر، سوپاسی دەستەی كارگێڕیی یانەكەشمان دەكەین كە هاوكاری بەردەوامی تیپەكە بوون.»
یەزین شەریف ڕاهێنەری پیشەگەری بە ڕەگەز سووریی تیپی قوتابخانە و كچانی باسكەی ئەكاد لە بارەی بەشداری كردنیان لە خولی باسكەی عێراق بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «ئامادەكارییەكانمان زۆر باشە بۆ پاڵەوانێتیی خولی باسكەی كچانی یانەكانی عێراقی، وەكو دەستەی ڕاهێنەران ماوەیەكە لەگەڵ ئەم تیپەین بۆ ئەوەی تیپێكی تۆكمە ئامادە بكەین بۆ بەشداریكردن لەم خولە، سوپاسی دەستەی كارگێڕیی یانەكەمان دەكەین كە ئەوان بەردەوام پشتیگری تیپی كچانی یانەكەیان كردووە، بە سوپاسەوە رۆژانە لە مەشقەكان سەرجەم یاریزانان ئامادەی مەشقەكان دەبن و ئێمەش رێنماییەكان و پلانەكانیان لەسەر جێبەجێ دەكەین، سوپاسی خانەوادەی یاریزانانیش دەكەین كە بەم گەرمایە رۆڵەكانیان دەنێرن بۆ ئەوەی هەموومان بە یەكەوە ناوی یانەی ئەكاد بەرز بكەینەوە.» لە بارەی بەدەستهێنانی نازناوەكەش گوتی: «ئێمە ئامادەكاری ئەوەمان تێدایە كە كێبڕكێ لەگەڵ سەرجەم یاریزانانی تیپەكانی تر بكەین بۆ ئەوەی ئەنجامی گەورە لەسەر ئاستی عێراق بەدەست بهێنین، هیچ كێشەو گرفتێكیشمان نییە لە ریزی یانەی ئەكاد، بۆیە بە پشتیوانی هەموو لایەك دەتوانین ببینە پاڵەوانی یانەكانی عێراق، لەوێشەوە ببینە نوێنەری یانەكانی عێراق لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئاسیا».
