ئاواتم ئەوەیە بتوانم جامی (ڤیڤا) لەگەڵ هەڵبژاردەی كوردستان بەدەستبهێنم

ئاواتم ئەوەیە بتوانم جامی (ڤیڤا) لەگەڵ هەڵبژاردەی كوردستان بەدەستبهێنم
ئەرسەلان جەلال راهێنەری هەڵبژاردەی لاوانی كوردستان:
ئەرسەلان جەلال لە دایكبووی ساڵی 1978ی شاری هەولێرە و یەكێك لە راهێنەرە بەتواناكانی شاری سلێمانی و هەرێمی كوردستانە و ماوەیەكی زۆرە لە خزمەتی وەرزشی سلێمانی و دەوروبەری دەكات، وەكو راهێنەر و یاریزانیش چەندین ئەنجامی باشی بەدەستهێناوە، ئەمساڵیش وەكو راهێنەری هەڵبژاردەی لاوانی بۆ یەكەمجار لە مێژووی كوردستان توانی نازناوی جامی نۆروای كوپ بۆ كوردستان لە نەرویج بەدەست بهێنێت. پێشتریش بۆ هەریەك لە یانەكانی برایەتی و سلێمانی و پێشمەرگەی سلێمانی و خەبات یاری كردوە، وەكو راهێنەریش ئەركی هەریەك لە یانەكانی لاوانی پێشمەرگەی سلێمانی و لاوانی یانەی ئازادی و هەڵەبجەی شەهید و یانەی شەهیدان و هەڵبژاردەی لاوانی سلێمانی و یانەی نەورۆز و هەڵبژاردەی لاوانی كوردستانی لە ئەستۆ بووە. ئێمەش لە نزیكەوە چەند پرسیارێكمان لەسەر رەوشی وەرزشی لێكرد، ئەویش بەمشێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵان-ی دایەوە.

دیمانە: كارزان كانەبی
*چی ئێوەی كردە پاڵەوانی جامی نۆر وای كوپ؟
- تەبایی و یەكڕێزی نێوان ستافی راهێنەران و یاریزانەكان، لێك تێگەیشتی ئێمە وەكو راهێنەر لەگەڵ یاریزانەكان و گوێ گرتنیان هۆكاری سەرەكی سەركەوتنەكان بوو.
* تیپێك بە پێنج رۆژ كۆبكەیتەوە ئیرادەیەكی بەهێزی دەوێ بۆ ئەوەی ئەنجامی شایستە بەدەست بهێنێت، خاڵی بەهێزی كوڕانی كوردستان لەم پاڵەوانێتیە لە چیدا بوو؟
- بێگومان هەر بەو كاتە كەمە توانیمان ئیرادەیەكی یەكجار بەهێز و رۆحیەتی كێبڕكێ لە نێو یاریزانەكانمان دروست بكەین، متمانەیەكی زۆریشمان بە یاریزانەكان دا، ئەمە وای كرد لە هیچ رووبەڕووبونەوەیەك سڵ نەكەنەوە، خاڵی بەهێزی كوڕانی كوردستان لەم پاڵەوانێتیە جێبەجێ كردنی فەرمانەكانی ئێمە بوو، دركیان بەوە كردبوو كە ئەركێكی نیشتمانییە بۆ بەدەستهێنانی جامەكە ئامادەبوون بە رۆح خۆیان فیدا بكەن، تا دوا یاری كۆڵیان نەدا.
* بەرنامەتان بۆ داهاتوو و بۆ بەردەوامبوونی ئەم تیپە چییە؟
- ئەوەی راستی بێت، جارێك هیچ بەرنامەیەكمان نییە، خۆیشم دڵنیا نیم و نازانم ساڵێكی دیكە كێ راهێنەرایەتی ئەو تیپە دەكات. دەبێت وەڵامەكەی لە یەكێـتی ناوەندی تۆپی پێی كوردستان وەربگرن. بە بۆچوونی من پێویستە هەڵبژاردەیەكی بەردەوام هەبێت لە كوردستان بۆ ئەوەی هەركاتێ پاڵەوانێتیەك هەبوو، تیپەكە ئامادە بێت.
* لەم ماوەیە كە لە نەرویج وەرزشتان كرد، چ جیاوازییەكی وەرزشیتان لە نێوان ئەوروپا و كوردستان بینی؟
- جیاوازی زۆر هەیە، بەتایبەتی لە شێوازی پەروەردەكردن و بە ئەكادیمی كردنی وەرزش و یاریزان لە ئەوروپا لەگەڵ كوردستان، لای ئێمە بەربەست زۆرە، بۆیە پێشكەوتن زۆر بە كەمی دەڕوات، بەڵام لە ئەوروپا خێرا گەشە دەكات، بەربەست نییە، بەڵام ئەوەی سەرنجی منی راكێشا لەم پاڵەوانێتیە رۆحیەتی وەرزشی و قبوڵكردنی ئەنجامی یاری زۆر لایان شتێكی گەورە بوو، بەڵام بەداخەوە لای خۆمان زۆر بچووكە.
* گرفتی وەرزشی كوردستان لە چی رەنگدەداتەوە؟
- گرفتی وەرزشی لە كوردستان زۆرە، هەر لە بەڕێوەبردن لەلایەن بەرپرسە وەرزشییەكان - هەموویان ناڵێم - تا دەگاتە ئیدارەی یانەكان، ئەمانە بوونەتە گرفتێك كە وەرزشی كوردستان خێرا گەشە نەكات.
* پێت باشە چی بكرێت بۆ ئەوەی وەرزشی كوردستان بچێتە قۆناغێكی نوێوە؟
- سەرەتا پێویستە دەستی حزب لە وەرزش دوور بخرێتەوە، هەموومان مەبەستم ئەو كەسانەی كە وەرزشوانن بەیەكەوە بە بێ جیاوازی دەست بخەینە ناو دەستی یەك و یەكتر قبوڵ بكەین، من زۆر گەشبینم بە ئاسانی بتوانین بچینە قۆناغێكی نوێ، چونكە لە وەرزش زۆر كەسانی پسپۆڕ و كارامەمان هەیە، بەڵام تا ئێستا دەرفەتیان پێنەدراوە بۆ كاركردن لە ناو وەرزش.
* هیچ گرێبەستت پێشكەش نەكرا لە وڵاتی نەرویج بۆ راهێنەرایەتی؟
- نەخێر هیچ شتێكی وا باس نەكراوە لەگەڵ من.
* لەگەڵ یانەی نەورۆز بەنیازی چیت؟
- لە ئێستا من خەونی زۆرم هەیە لەگەڵ یانەی نەورۆز، بەڵام بەربەست زۆرە و هیوام وایە ئەو بەربەستانە نەبنە رێگر بۆ ئەوەی بتوانم خەونەكانم بهێنمەدی. من بە نیازی زۆر شتم، ئەگەر خوای گەورە تەمەنی پێداین.
*كۆمەڵێك گرێبەستت بۆ هاتبوو لەلایەن یانەكانی كوردستان، وەڵامت بۆ ئەوان چی بوو؟
- وەكو ئەركێكی ئەخلاقی تا دواقسە لە یانەی نەورۆز وەرنەگرم لەسەر چارەنووسی خۆم ناتوانم وەڵامی هیچ یانەیەكی تر بدەمەوە، لەگەڵ رێزم بۆ هەموو یانەكانی كوردستان.
* بەرنامەت بۆ خولی نایابی كوردستان چییە؟
- حەز دەكەم ئەمساڵیش لە كێبڕكێ بین بۆ بەدەستهێنانی خولی نایابی یانەكانی كوردستان، بەڵام ئەوە تەنیا بەمن ناكرێ دەبێت دەستەی كارگێڕیش پاڵپشتم بێت بۆ ئەوەی بتوانین كاری باشتر بكەین.
* وەكو راهێنەرێك هیواو ئاواتت چییە ؟
-هەموو راهێنەرێك هیوا و ئاواتی زۆرە، بەڵام هیوا و ئاواتی من ئەوەیە بتوانم جامی (ڤیڤا) لەگەڵ هەڵبژاردەی كوردستان بەدەستبهێنم، بەشداری پاڵەوانێتییەك بكەم كە باوەڕپێكراوی فیفایە، ئەو كاتە خۆم وەكو وڵاتێك بە جیهان بناسێنم لە رووی وەرزشەوە.
* هێنانی یاریزان و راهێنەری عەرەب تا چەند سوود بە وەرزشی كوردستان دەگەینێ؟
- من تا سەر ئێسقان دژی هێنانی راهێنەر و یاریزانی عەرەبم، چونكە لە رابردوو زۆرمان بینی و هیچ سوودیان نەبوو، جگە لە خواردنی كۆمەڵێك پارە، ناڵێم كەسی باشیان نییە، بەڵام ئێمە وەكو كورد بە شێوەیەكی گشتی سوودمان لێیان نەبینیوە.
* ماوەیەكی زۆرە لە سلێمانیت بڕیاری ئەوەت نەداوە بگەرێیتەوە ئەو شارەی كە لێی لە دایك بوویت كە هەولێرە؟
- بەدڵنیاییەوە من هەولێرم لە بیر نەكردووە، ئێستاش كاتێ دەگەڕێمەوە بۆ هەولێر سەردانی ئەو شوێنانە دەكەم كە بەمنداڵی یاریم تێدا كردوون، بەتایبەتی قوتابخانەی پێشەوای بنەڕەتی لە گەڕەكی ئازادی زۆر دڵم خۆش دەكات، بەڵام تا ئێستا بە هۆی ئیش وكارم لە سلێمانی بڕیاری گەڕانەوەم نەداوە، دەبێت ئەوەش بڵێم سلێمانی لای من زۆر خۆشەویستە و كە چەند رۆژێك لێی دوور بم بیری دەكەم .
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتاییدا؟
- سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ بەسەركردنەوەی وەرزشكارانی كوردستان بەبێ جیاوازی، بەهیوای ئەوەم زیاتر خزمەتی وەرزشی كوردستان بكەین.
Top