دوای ئەوەی وەرزی رابردوو یانەكانی كوردستان دوچاری قەیرانێكی سەختی ئابووری بوون، بەم هۆیەشەوە چەندین یانەی بەشدار لە خولەكانی كوردستان تیپەكانیان هەڵوەشاندەوە، بگرە بەشداری هیچ چالاكییەكی وەرزشییان نەكرد لە وەرزی رابردوو، ئەم وەرزەش چەندین یانە بەڵێنی داخستنی دەرگای یانەكانیان داوە، ئەگەر هاوكاری نەكرێن، بەڵام یانەی پێشمەرگەی سلێمانی پێچەوانەی سەرجەم یانەكان بەڵێنی بەردەوامی سەرجەم تیپە جۆراوجۆرەكانی یانەكەی داوە، بە پێی توانای دارایی یانەكە، ساڵانەش كچان و كوڕانی پێشمەرگەی سلێمانی بەشداری چەندین خولی جۆراوجۆر دەكەن لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق، بۆیە كارگێڕانی یانەكە بڕیاری بەردەوامبوونی داوە، لە بارەی درێژەدان بە چالاكییە وەرزشیەكانیش میران محەمەد بەرپرسی راگەیاندنی یانەی وەرزشی پێشمەرگەی سلێمانی بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: «دەستەی كارگێڕی یانەی پێشمەرگە وەكو هەموو ساڵێك كۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا و بە راوێژكاری بە سەرجەم كارگێڕانی یانەكە، بڕیاری ئەوەمان داوە كە ئەمساڵیش بەشداری سەرجەم چالاكییە وەرزشییەكان بكەین، هیچ تیپێك هەڵناوەشێتەوە لە یانەی وەرزشی پێشمەرگە، یانەكەش بەپێی توانای دارایی خۆی هاوكاری تیپە جۆراوجۆرەكانی یانەكە دەبێت.» لە بارەی تیپی بالەی یانەكەش كە بڕیارە بەشداری لە خولی عێراق بكات، میران گوتی: «بە تەئیكد بەشداری لە خولی بالەی عێراقی دەكەین و هیچ گرفتێكمان نییە وەرزی رابردووش بەشداریمان كرد، بەڵام یاریزانان هیچ گرێبەستێكیان نەبوو، تەنیا مووچە بوو، بۆ تۆپی پێی لە خولی پلە یەكی كوردستانیش بەشداردەبین و وەكو یانەی پێشمەرگە تیپێكی نوێ دەستنیشان دەكەین بۆ ئەوەی بتوانین ئەنجامی شایستە بەدەست بهێنین، مووچە و گرێبەستیش بۆ یاریزانانی تیپی تۆپی پێی دابین دەكەین، بەشداریكردنی هەر چالاكییەكیش بەپێی توانای دارایی یانەكەمان دەبێت، بۆیە هیچ تیپێك پشتگوێ ناخرێت و چالاكییەكانمان بەردەوام دەبێت.»