زێرەڤانی متمانەی بە راهێنەرانی بەخشییەوە

زێرەڤانی متمانەی بە راهێنەرانی بەخشییەوە
لەگەڵ ئەوەی وەرزی رابردوو یانەی وەرزشی زێرەڤانی بە رابەرایەتی سلێمان رەمەزان -ی راهێنەری یانەكەی بە شایستەیی نازناوی خولی نایابی یانەكانی كوردستانی بەدەستهێنا بۆ سێ یەم وەرز لەسەر یەك، بۆ ئەم مەبەستەش دەستەی كارگێڕی یانەی وەرزشی زێرەڤانی بە ئامانجی درێژەدان بە ئەنجامە باشەكانی لە وەرزی نوێی خولی نایابی یانەكانی كوردستان كە تاكو ئێستا بەهۆی گرفتی دارایی وادەی دەستپێكردنەوەی وەرزی نوێی خولی نایابی كوردستان دیاری نەكراوە، بەڵام بۆ ئەم وەرزەش كارگێڕانی یانەی وەرزشی زێرەڤانی چاویان لەوەیە بتوانن ئەنجامی شایستە بەدەست بهێنن، دەستەی كارگێڕی یانەی زێرەڤانی دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ ستافی راهێنەرانی یانەكەی بۆ وەرزێكی دیكەش گرێبسەتی لەگەڵ ستافی راهێنەرانی یانەكەی كە پێكهاتبوو لە هەریەك (سلێمان رەمەزان، غەزوان محەمەد، مەعن ئیبراهیم) نوێ كردەوە، لە بارەی نوێكردنەوەی گرێبەستەكەشی سلێمان رەمەزان راهێنەری تیپی تۆپی پێی یانەی وەرزشی زێرەڤانی بۆ گوڵان گوتی: «ئێمە زۆر خۆشحاڵین كە بۆ وەرزی نوێ گرێبەستمان لەگەڵ یانەی زێرەڤانی نوێ كردۆتەوە، كە ئێمە سێ وەرزی سەركەوتوومان لەگەڵ ئەو یانەیە بەڕێكردوە، ئامانجی زیاتریشمان هەیە لەگەڵ زێرەڤانی، بۆ ئەمساڵیش هەوڵدەدەین پێكهاتەیەكی تۆكمە دروست بكەین و بچینە نێو كەش و هەوای وەرزی نوێی خولی نایابی یانەكانی كوردستان، لەم هەفتەیەش یانەكەمان كراوەیە بۆ هەر كەسێك بیەوێت ببێتە یاریزانی یانەی زێرەڤانی هەوڵدەدەین یاریزانانی تازە كۆبكەینەوە بۆ تیپی یەكەمی یانەكەمان پشت بە یاریزانانی بەتوانای عێراق و پیشەگەریش دەبەستین بۆ وەرزی نوێ خولی كوردستان، سوپاسی دەستەی كارگێڕی یانەی زێرەڤانیش دەكەین، كە ئەوان بەردەوام هاوكاری یاریزانان و دەستەی راهێنەرانی تیپەكە بوون بۆ ئەوەی ئەنجامی شایستە بەدەست بهێنین.»
Top