یاریزانێك لە ماوەی هەفتەیەكدا وازهێنانی یەكجاری و گەرانەوەی خۆی راگەیاند

یاریزانێك لە ماوەی هەفتەیەكدا وازهێنانی یەكجاری و گەرانەوەی خۆی راگەیاند
دوای ئەوەی كچە یاریزانی پایسكلسواری یانەی نەورۆز و هەڵبژاردەی عێراق سۆزی دلشاد لە بەیجی خۆی لە تۆرە كۆمەلاتیەكان وازهێنانی خۆی لە یاری پایسكلسواری راگەیاند، ئەو كاتە وازهێنانەكەی بەهۆی سەرقالبوونی بە خوێندن گەراندەوە، بەڵام دوای كەمتر لە هەفتەیەك یاریزانی ناوبراو دووبارە گەرانەوەی خۆی بۆ یاری پایسكلسواری راگەیاند، لە لێدوانێكی تایبەتدا سۆزی دلشاد گوتی: هۆكاری وازهێنانەكەم تەنیا خوێندن نەبوو، بەلكو چەندین بابەتی تری لە دواوەی هەبوو، من 6 ساڵە یاریزانی پایسكلسواریم لەم ماوەیەدا لەگەڵ یانەی نەورۆز و هەڵبژاردەی عێراق ئەنجامی زۆر باشم بە دەستهێناوە، بەڵام جێگەی داخە لە كوردستان هیچ بایەخێك بە یاری پایسكلسواری نادرێت بەتایبەتی كچان، بۆیە كەمتر لە یەك مانگ سێ كچە یاریزانی لە یاری پایسكلسواری وازهێنانی خۆیان لەم یارییە راگەیاند، كە تیاییدا دوو یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق بوون و ئەنجامی باشیان هەبوو.
لە درێژەی قسەكانیدا سۆزی دلشاد گوتی: لەم باروودۆخەدا بێزار بووم، كە هیچ بایەخێك یاخود پاڵپشتیمان ناكرێت، بۆیە ئەم بڕیارم دا، بەڵام ئەگەر هەندێك گرنگی بە ئێمە بدەن ئێستا پاڵەوانی ئاسیا بووین، نەوەك تەنیا پاڵەوانی عەرەب.
لە كۆتایی قسەكانیدا سۆزی دلشاد گوتی: هۆكاری گەرانەوەم بۆ یاری پایسكلسواری بۆ ئەوە دەگەرێتەوە، كە سەرۆكی یەكێتی پایسكلسواری عێراق حاجی مەحمود عەزیز
پەیوەندی پێوە كردم و باسی كێشە و گرفتەكانمان كرد لەسەر داوای بەرێزیان دووبارە گەرامەوە بۆ ئەنجامدانی ئەم یارییە و ئێستا من كاپتنی هەڵبژاردەی عێراقم لەم یارییە و هەروەها بە سوپاسەوە راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق مامۆستا كەنعان سەردانی ماڵی ئێمە كرد و تەئكیدی لەوە كردووە، كە پێویستیان بە ئاستی من هەیە.
جێگەی باسە لە ماوەی رابردوودا كچە پاڵەوانی عێراق و عەرەب نیان یاسین بەهۆی سەرقالبوونی بە خوێندن بریاری دا یاری پایسكلسواری جێبهێڵێت و هەروەها یاریزان لاڤان ئەحمەد هەمان بڕیاری دا.
رێبین رەمزی
Top