كێشە و گرفتی سەرەكی ئێمە نەبوونی هۆڵی تایــبەت و كەلوپەلی یاری جیمناستیكە
یاریی جیمناستێك لە ئێستادا وەكو پێویست جێگای بایەخ نییە بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی كە بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووە و لەگەڵ ئەوەشدا كەمیی پاڵەوانێتییەكان كاریگەریی كردۆتە سەر ئاستی ئەم یارییە لە كوردستان و بگرە لە شاری هەولێریش، هەرچەندە هەولێر بەوە بە ناوبانگ بووە كە لەم یارییەدا خاوەنی چەندین یاریزانی بەتوانایە لەسەر ئاستی كوردستان و عێراقیش، یەكێك لەم یاریزانانەش بێلاف سەركەوت-ـە. ئەو یاریزانە لە دایكبووی ساڵی 1990ی شاری هەولێرە و خاوەنی چەندین ئەنجامی شایستەیە لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق، ناوبراو لە ریزی یانەكانی قەڵای توركمانی و ئارارات و بنكەی وەرزشی و لاوانی هەولێر یاری كردووە، ئێستاش یاریزانی یانەی پێشمەرگەی هەولێر و هەڵبژاردەی كوردستانە، ئێمەش لە نزیكەوە چەند پرسیارێكمان ئاراستەی كرد و ئەویش بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵان-ی دایەوە.
دیمانە: كارزان كانەبی
* ئاستی یاریی جیمناستیك لە ئێستادا چۆن دەبینی، سەرەڕای ئەم بارودۆخەی رووی لە وەرزشی كوردستان كردووە؟
- جمناستیك لە كوردستان بەرەو لەناوچوونە و خەریكە ئەو یارییە هەر هیچ وجوودی نەمێنێت، هۆیەكەشی لەبەر نەبوونی هۆڵی تایبەتە بە یارییەكانی جیمناستیك.
* بۆ ئەوەی زیاتر ئاستی یاریی جیمناستیك لە كوردستان پێشبكەوێت، پێت باشە چی بكرێت؟
-ئەگەر بمانەوێ ئاستی ئەم یارییە پێش بكەوێت، پێویستە هۆڵی تایبەت بە یاریی جیمناستێك بكرێتەوە، چونكە ئێستا ئێمە مەشقەكانمان لە بنكەی وەرزش و لاوانی هەولێر ئەنجام دەدەین، لەگەڵ ئەوەشدا هۆڵەكە بچووكە و ناتوانین یاری لەم هۆڵە بكەین، هەرچەندە مەشقی خۆمان ئەنجام دەدەین، بەڵام وەكو پێویست نییە، چونكە كەلوپەلەكانی و هۆڵەكەش وەكو پێویست نییە.
* پێتوانییە كە ئێستا یاریی جیمناستیك لە هەولێر خەریكە نامێنێت؟
- ڕاستە، چونكە زۆر لاواز و بێ هێز بووە، لەبەر نەبوونی هۆڵ ئاستی زۆر دابەزیوە، خەریكە هەموو یاریزانە بەتواناكان واز لە یاریكردن دەهێنن و لە بری وەرزش كردن خەریكی كاری تر دەبن.
* نەكردنەوەی پاڵەوانێتی تاچەند كاریگەڕی لەسەر ئاستی ئێوە هەیە؟
- نەكردنەوەی پاڵەوانێتیی لەسەر ئاستی یاریزان كاریگەریی زۆری هەیە، هۆكارەكەشی زیاتر بە هۆی ئەو قەیرانە داراییە بووە كە وای كردووە پاڵەوانێتی نەكرێتەوە. لێژنەی ئۆڵۆمپی هەرێمی كوردستانیش زیاتر بایەخ بە یارییە كۆمەڵەكان دەدەن و پێویستە بایەخ یارییە تاكەكانیش بدرێت تاكو پێش بكەوێت.
* وەكو یاریزانێك بۆ پێشخستنی تواناكانی خۆت بەرنامەت چییە؟
- وەكو یاریزان هیچ بەرنامەیەكم نییە، چونكە لە كوردستان هیچ بەرنامەیەك پێشبینی ناكەم. یارییەكە خەریكە لە ناو دەچێت و دەبێت یاریزانانی ئەم یارییە بۆ بژێوی ژیانی خۆیان كاری تر بدۆزنەوە.
* كێشەو گرفتی ئێوە زیاتر لە چی ڕەنگ دەداتەوە؟
- كێشە و گرفتی سەرەكیی ئێمە نەبوونی هۆڵی تایبەت و كەلو پەلی یاریی جیمناستیكە، چونكە یاریزانی زۆر باش هەیە و دەتوانین ئامادەیان بكەین، ئەگەر هۆڵ و كەلوپەلی باش هەبێت، دەتوانین ڕكابەریی بكەین لەسەر ئاستی ئاسیاش نەك تەنیا عێراق لەتواناماندا هەیە یاریی جیمناستیك زۆر بەرەو پێش ببەین، چونكە ڕاهێنەری زۆر باشمان هەیە.
* ماوەیەكە زۆر ناتبینین و لە یاریگاكان ونی، هۆكاری ئەوە چییە؟
- ماوەیەكی زۆرە دوورم لە بەشداریكردن لە پاڵەوانێتییەكانی كوردستان و عێراق، چونكە پاڵەوانێتیی لەسەر ئاستی كوردستان ناكرێتەوە لەبەر بارودۆخی دارایی، لە پاڵەوانێتییەكانی عێراقیش بەشداری ناكەین لەبەر بارودۆخی ئەمنی شارەكانی عێراق، بۆیە ماوەیەكە دەرنەكەوتووم.
* لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق بەردەوامی؟
- نەخێر، هیچ پێوەندیم بە هەڵبژاردەی عێراق نەماوە، تەنیا لەگەڵ هەڵبژاردەی كوردستانم، هۆكاری درووكەوتنەوەشم لە هەڵبژاردەی عێراق بە هۆی ئەوەیە كە ناتوانم بەشداری مەشقەكانی هەڵبژاردەكە بكەم لە شاری بەغدا، لە ئێستاشدا نەك تەنیا من هیچ یاریزانێكی كوردی تێدا نەماوە.
* بە چ یاریزانێكی نێودەوڵەتی لە یاریی جیمناستیك سەرسامی؟
- بە یاریزانی بەناوبانگ ماراین زۆر سەرسامم و حەزدەكەم بگەمە ئاستی ئەو، هەر چەندە تەمەنیشم وا بەسەر دەچێت.
*هیوا و ئاواتت لەم یارییە چییە؟
- بەهیوای ئەوەم تاكو لە ژیان ماوم لە ناو هۆڵێكی تایبەت بە یارییەكانی جیمناستیك یاری بكەم، لە داهاتوودا ببمە ڕاهێنەرێكی بەتوانا و یاریزانی بەتوانا بۆ كوردستان پێگەیەنم بۆ ئەوەی هەموو وڵاتانی جیهان بزانن كە یاریی جیمناستیك لە كوردستان لە چ ئاستێكدایە، بەهیوای ئەوەشم ئەم یارییەی ئێمە لە ناو نەچێت، چونكە خاوەن هەوادارێكی زۆرە و دەتوانین ئەنجامی شایستەش بەدەست بهێنین، بۆیە پێویستە هاوكاری بكرێن.
* داواكاریت لەلایەنی بەرپرس چییە؟
-بەهیوای ئەوەین لایەنی بەرپرس هاوكاریی بەردەوامی یارییە تاكەكان بێت بۆ ئەوەی ئێمەش بە ئەنجامی دڵخۆشكەر وەڵامیان بدەینەوە، لێرەوەش سوپاسی سەرۆكی لقی هەولێری ئەم یەكێتییە دەكەین كە بەردەوامی هاوكاری یاریی جیمناتسیك بووە بە كردنەوەی خولی جۆراوجۆر و بەشداری پێكردنی ئێمە بۆ ئامادەكاری بۆ پاڵەوانێتییەكانی نێودەوڵەتی كە بڕیارە لە مانگی هەشت و دەی ئەمساڵ بچینە وڵاتانی جۆرجیا وتوركیا.
*ئەگەر لە كۆتاییدا شتێكت مابێت؟
- سوپاسی هەموو ئەو كەسانە دەكەم كە هاوكاریمان دەكەین، بەتایبەتی مامۆستا كامەران شەهاب كە زۆر ماندووە لەگەڵ ئێمە، سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ ئەو گرنگیدانە بەردەوامەی كە بەبێ جیاوازی لە شارەكانی كوردستان بە وەرزشكارانی دەدات.
