لەگەڵ ئەوەی وەرزی ڕابردوو یانەی وەرزشی زاخۆ كۆمەڵێك یاریزانی هێنایە ریزی یانەكەی لە یاریزانانی عەرەب و پیشەگەر، بەڵام نەیتوانی ئەنجامی شایستە بەدەست بهێنێت، ئەمساڵیش جیاواز لە ساڵان یانەی زاخۆ بە ژمارەیەكی گەورەتر دەركەوتوون و تاكو ئێستا سێ یاریزانی پیشەگەری رۆمانی و چەندین یاریزانی عەرەبی شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقی هێناوەتە تیپەكەی، لەگەڵ ڕاهێنەری بەتوانای رۆمانی ستان بۆ ئەوەی ئەمساڵ بتوانێ ئەنجامێكی جیاوازتر لە ساڵانی ڕابردوو بەدەست بهێنێت، یانەی زاخۆ لە ئێستادا بڕی زیاتر لە یەك ملیار دینار قەرزدارە، بەڵام ئومێدی زۆری بەم پرۆژە بازرگانییانەی یانەكە هەیە بۆ ئەوەی بتوانن گرێبەستی یاریزانانی پێ دابین بكەن. لە بارەی بڕی ئەو پارەی كە یانەكە قەرزدارە، خەلیل ئەحمەد سكرتێری یانەی وەرزشی زاخۆ بۆ گۆڤاری گوڵان وتی: «ئێمە بەرنامەی تایبەتیمان هەیە بۆ ئەوەی بتوانین خۆمان لەسەر پێی خۆمان ڕابگرین، هەر چەندە ئێمە بە هۆی گرێبەستەكانی ساڵی ڕابردووە بڕی زیاتر لە یەك ملیار دینار قەرزدارین، ئەوەش بۆتە گرفت بۆ ئێمە، بەڵام بە هیمەتی هەموو لایەك دەتوانین ئەمساڵیش تیپەكە لە سەر پێ ڕابگرین و بتوانین ئەنجامی شایستە بەدەست بهێنین»، وتیشی: «گەرچی ئەو بڕە پارەیەش قەرزارین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە ژمارەیەك شوێنی بارزگانیمان هەیە و بە پارەی ئەوەش هەندێك لە گرفتەكانمان چارەسەر دەبێت، ئەمساڵیش چاومان لەوەیە كێبڕكێ لەگەڵ یانە گەورەكان بكەین لە خولی نایابی عێراقی، بە هیوای ئەوەشین حكومەتی هەرێم هاوكاری ماددیمان بكات بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر گرنگی بە تیپەكە بەدەین.»