سەرەڕای هێنانی ڕاهێنەرێكی عەرەب دهۆكییەكان سوورن لەسەر گرنگیدانیان بە یاریزانانی كورد
محەمەد عەلی لە راگەیاندنی یانەی وەرزشی دهۆك بۆ گۆڤاری گوڵان وتی: «دەستەی كارگێڕی یانەكەمان دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ حازم ساڵح -ی ڕاهێنەری پێشووی تیپەكە نەگەیشتە رێككەوتن، بۆیە بە فەرمی گرێبەستیان لەگەڵ سائیر جەسامی ڕاهێنەری پێشووی یانەی شورتە بۆ ماوەی سێ وەرز مۆر كرد. سائیر تەنیا لە خولی نایابی یانەكانی عێراقی سەرپەرشتی مەشقی یانەی دهۆك دەكات». وتیشی: «ئێمە ئەمساڵ سەرەڕای ئەوەی گرفتی داراییمان هەیە و زیاتر لە چوار ملیار دینار قەرزارین، هیچ كەسێكیش هاوكاری یانەی دهۆكی نەكردووە، ئەوەش گرفتێكی گەورەیە بۆ ئێمە، بۆیە داوامان لە لایەنی پێوەندیدار ئەوەیە هاوكاری یانەی وەرزشی دهۆك بكات، چونكە بارودۆخمان باش نییە». لە بارەی دەستبەرداربوونی یاریزانانیش عەلی وتی: «تاكو ئێستا مافی دەستبەرداربوونمان بە هیچ یاریزانێك نەداوە، ئەمساڵیش بەردەوام دەبین و لە هەفتەی داهاتووش لەگەڵ سەرجەم یاریزانانی تیپەكەمان كۆدەبینەوە بۆ كاركردن لەسەر خولی عێراق و كوردستان بۆ وەرزی داهاتووی خولەكان و بەردەوامیش دەبین لەسەر خستنی یاریزانانی كورد و گرنگیدانیان بە یاریزانانی پارێزگای دهۆك، ئێمە قسەشمان لەگەڵ ڕاهێنەر كردووە كە مەرجی سەرەكیی ئێمە گرنگیدانە بە یاریزانانی كوردو پێشخستنیان وەكو بەرنامەی ساڵی ڕابردوومان كە زۆر سوودمان لێیان بینی، ئەمساڵیش بڕیاری ئەوەمان داوە هیچ یاریزانێكی عەرەب نەهێنین و پشت بە تواناكانی یاریزانانی كوردی شاری دهۆك ببەستین، ئەگەر ڕاهێنەریش داوای یاریزان بكات، ئێمە توانای ئەوەمان هەیە تەنیا 3 یاریزانی پیشەگەری ئەوروپی بهێنین و بە هیچ جۆرێك یاریزانی عەرەب ناهێنین». لە بارەی بڕی گرێبەستی ڕاهێنەری ناوبراو عەلی وتی: «تەنیا بە گرێبەستێكی كەم ڕازی بووە بۆ ئەم وەرزەی خولی عێراقی و لە خولی كوردستانیش ڕاهێنەری خۆمان سەرپەرشتی مەشقی دهۆك دەكات و هیوامان زۆرە بە خۆمان و لەوانەشە ئەنجامی دڵخۆشكەر بەدەست نەهێنین، بەڵام بتوانین لە خولی عێراق بمێنینەوە.
