دوای ئەوەی یەكێتی تۆپی پێی عێراق بەفەرمی بڕیاری دا راهێنەرێكی بیانی وەكو راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق دەستنیشان بكات بۆ ئەوەی لە جامی جیهانی و جامی نەتەوەكانی ئاسیا راهێنەرایەتی ئەم هەڵبژاردەیە بكات، دواتر رۆژی یەكشەممە كاتژمێر 6ی ئێوارە وەكو كۆنگرەی رۆژنامەنووسی بۆ پێشكەشكردنی راهێنەری بۆسنی جەمال حاجی دەستنیشانكرا و لە هەمان كاتدا كاتژمێر 8ی شەو كاتی یەكەم یەكەی مەشقی هەڵبژاردەكە دەستنیشان كرا، بەڵام بەشێوەیەكی سەیر راهێنەری هەڵبژاردەكە بوسنی جەمال حاجی بڕیاری دا شاری بەغداد جێبهێڵێت دوای مانەوەی كەمتر لە 48 كاتژمێر داوای لێبوردنی لە وەرگرتنی ئەركی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەكە كرد.بەپێی سەرچاوەكان هۆكاری جێهێشتنی شاری بەغداد بۆ ئەوە دەگرێتەوە راهێنەری گۆڵپارێز، كە بەرەگەز فەرەنسی خێزانێكی رێگەیان نەداوە لە شاری بەغداد كاربكات و هەروەها راهێنەری گۆڵپارێز، كە بەرەگەز مەغربیە بەهەمان شێوە رێگەیان نەداوە لە شاری بەغداد كار بكات، بۆیە جەمال حاجی ئەوەیش بەهەمان شێوە لە بڕیارەكەی پاشگەز بووە، بەڵام سەرچاوەیەكی باس لەوە دەكات، كە راهێنەری بوسنی جەمال حاجی نامەیەكی هەرەشەی كوشتنی بۆ هاتووە بۆیە داوای لێبوردنی كردووە، تا ئێستا نازاندرێت، كامە چیرۆك راستە.بەمەبەستی چارەسەركردنی ئەم باروودۆخە لەناكاوە یەكێتی تۆپی پێی عێراق كۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا بەفەرمی بڕیاری دا یحیی عەلوان وەكو راهێنەری هەڵبژاردەكە دەستنیشان بكات و نزار ئەشرف وەكو یاریدەدەری راهێنەر و عەبدولكەریم ناعم وەكو راهێنەری گۆڵپارێز دەستنیشان بكات و گۆنزالۆی ئیسپانی وەكو راهێنەری لێهاتووی جەستەیی دەستنیشان كرد.جێگەی باسە ئەمە دووەم راهێنەری بیانییە، كە ئامادە نابێت لە شاری بەغداد لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق كاربكات، دوای ئەوەی پێشتر راهێنەری بەرازیلی لازرۆنی، كە ئەوەیش هاتە شاری هەولێر ئامادە نەبوو بچێتە بەغداد بۆ ئەوەی ئەركی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی عێراق وەربگرێت.رێبین رەمزی