بە ئاڵای كوردستان بەشداری لە پاڵەوانێتیەكان دەكەم و لە 18 پاڵەوانێتیش پلەی یەكەمم بەدەستهێناوە

بە ئاڵای كوردستان  بەشداری لە پاڵەوانێتیەكان دەكەم و لە 18 پاڵەوانێتیش پلەی یەكەمم بەدەستهێناوە
مەتین ئیدریس:
یاریزانی وشوكۆنفۆی پێشمەرگەی هەولێر
یاریی وشوكۆنفۆ یەكێكە لەو یارییانەی كە یاریزانان بە زۆری رووی تێ ناكەن، بەڵام شاری هەولێر هەموو كات بەوە بە ناوبانگ بووە كە لە یارییە تاكەكان چەندین یاریزانی بەتوانای هەبووە و لە پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەكاندا خاوەنی ژمارەی پێوانەیی و مەدالیای ئاڵتونی بوون، یەكێك لەم یاریزانانەی كە بەتەمەن بچووكە، بەڵام ئەو هیوای زۆری هەیە بە دواڕۆژی خۆی بۆ ئەوەی بتوانێ ئەنجامی شایستە لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق و جیهانیش بەدەست بهێنێت، مەتین ئیدریس ـە لەیاریی وشوكۆنفۆی یانەی پێشمەرگەی هەولێری سەر بە ناحیەی پیرمامی سەر بە پارێزگای هەولێر. ناوبراو لە دایكبووی ساڵی 1998ی شارۆچكەی پیرمامە و یاریزانی هەڵبژاردەی پارێزگای هەولێریشە، ئەو لەسەر ئاستی وڵاتانی دەرەوە و ناوخۆی كوردستان چەندین ئەنجامی شایستەی بەدەست هێناوە، ئێمەش لە دەرفتێكدا چەند پرسیارێكمان ئاڕاستەی كردو بەمشێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵان-ی دایەوە.
دیمانە: كارزان كانەبی

* لە نێو ئەم هەموو یارییە وەرزشییە چۆن بوو یاری وشكۆنفۆت هەڵبژارد؟
- منیش وەكو هەموو یاریزانێكی جیهان حەزێكی تایبەتی خۆم هەبوو بۆ ئەم یارییە، ئەم حەزەش منی هاندا بۆ ئەوەی لەنێو سەرجەم یارییەكان ئەم یارییە هەڵبژێرم.
* كێ وەكو یاریزان بەهرەی تۆی دۆزییەوە؟
- بە پلەی یەكەم باوكی خۆشەویستم، دواتریش ڕاهێنەری خۆم ئەحمەد ئیبراهیم كە هەوڵی زۆرم لەگەڵ دەدات بۆ ئەوەی زیاتر بەرەو پێش بچم لەم یارییە و توانای من بەرز بكاتەوە لە وشوكۆنفۆ.
* ئاستی یاریی وشو كۆنفۆ لە شارەكانی كوردستان لە چ ئاستێكدا دەبینی؟
- هەرچەندە شارەكانی كوردستان یاریزانی زۆر باشی تێدایە، بەڵام من هیچ بەرپرسێك نابینم، زیاتر گرنگی بەم یارییە بدات و بەرەو پێشی ببات، بۆیە من لە ئاستێكی زۆر بەرزی نابینم.
* هەست ناكەی ئێستا یاریزانان كەمتر روو لەم یارییە شەڕانگیزانەدەكەن؟
- لە ڕاستیدا ئەوەی من لەم یارییە فێری بووم رێز و خۆشەویستی و وەفادارییە، ئەم یارییە فێرمان دەكات كە یارمەتی خەڵكی بدەین، بەتایبەتی خەڵكی بێ توانا، فێرمان دەكات كە هەرگیز شەڕ نەكەین.
* بۆچی لەگەڵ یانەی ئارارات بەردەوام نەبووی و رووت لە یانەی پێشمەرگەی هەولێر كرد؟
- ئەوەی ڕاستی بێت ئەوە بوو كە من پێشووتر لە ریزی یانەی ئارارات بووم، بەڵام ئەوان نەیانتوانی بە پێی پێویست گرنگیم پێ بدەن، هەر بۆیە منیش ریزی ئەو یانەیەم بەرەو یانەی پێشمەرگەی هەولێر جێهێشت، بەهیوای ئەوەم لەم یانە بتوانم زیاتر گرنگی بەخۆم بدەم.
* كێشەی ئێوە لەم یارییە چییە ؟
- هەر چەندە ئاستی ئەم یارییە لە كوردستان بەگشتی باشە، بەتایبەتی ئاستی هەڵبژاردەی هەولێر و یانەی پێشمەرگە بەتایبەت لە پاڵەوانێتییەكانی دەرەوە، بەڵام زۆر بەداخەوە تا ئێستا لایەنی بەرپرس گرنگیی بەم یارییە نادات.
* چی بكرێت باشە بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە زیاتر بەرەو پێش بچێت؟
- وەكو یاریزانێك پێشنیارم بۆ لایەنەكانی بەرپرس ئەوەیە كە گرنگیی زۆر بەم یارییە بدەن، چونكە ئێمە بە ئاڵای كوردستان بەشداری لە پاڵەوانێتیەكانی دەرەوە دەكەین ئەنجامی زۆر باشیش بەدەست دەهێنین.
* لە هەڵبژاردەی عێراق داواكراوی؟
- هەرگیز لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق یاریم نەكردووە و یاریش ناكەم، چونكە من یاریزانێكی كوردم وەكو كوردیش بەشداری لە پاڵەوانێتییەكان دەكەم.
* وەكو یاریزانێك لەم یارییە هیوا و ئاواتت چییە؟
- هیواو ئاواتم ئەوەیە كە بەشداری لە هەموو پاڵەوانێتییەكانی دەرەوە بكەم، ئەنجامی باش بەدەستبهێنم بە ئاڵای كوردستانەوە ببەمە یەكەمی جیهان.
* وەكو یاریزان بۆ داهاتوو بەرنامەت چییە ؟
- بۆ پاڵەوانێتیەكانی داهاتوو خۆم ئامادە بكەم، كە بڕیارە لە مانگی هەشت لە پاڵەوانێتییەك بەشداربم لە وڵاتی توركیا، بەهیوای ئەوەم لایەنی بەرپرس یارمەتیمان بدەن.
* باشترین ئەنجامەكانت وەكو یاریزان چین؟
- لە پاڵەوانێتییەكانی ناوخۆ لەسەر ئاستی هەولێر و دەوروبەری پلەی یەكەمم بەدەستهێناوە لە كێشی 56كگم، لە پاڵەوانێتیی بەلقانی ئەوروپا لەسەر ئاستی جیهانی لە وڵاتی توركیا پلەی دووەمم بەدەستهێناوە، لە پاڵەوانێتی باتمانی نێودەوڵەتی پلەی یەكەمم بەدەستهێناوە، لە 18 پاڵەوانێتی پلەی یەكەمم بەدەستهێناوە.
* بۆ زیاتر بەرەو پێشبردنی ئەم یارییە داواكاریت بۆ لایەنی بەرپرس چییە؟
- داوكاریم بۆ لایەنی بەرپرس ئەوەیە كەوا زیاتر گرنگی بەم یارییە بدەن لە كاتی بەشداریكردن لە پاڵەوانێتیەكانی دەرەوە لە رووی مادییەوە یاریمەتیمان بدەن، بۆ ئەوەی لە كاتی ئەنجامی باش دڵخۆشمان بكەن بۆ ئەوەی زیاتر خۆمان بەرەو پێش ببەین.
* بە چ یاریزانێكی جیهانی زۆر سەرسامی؟
- لە سەر ئاستی جیهانی بە رامبۆ سەرسامم، لە یاری وشوساندا بە یاریزانی بەتوانای جیهان موحسین سەیفی سەرسامم و حەز دەكەم بگەمە ئاستی ئەو.
* لە كۆتاییدا ئەگەر شتێكت ماوە ؟
- بەهیوای ئەوەم زیاتر گرنگی بە یاریزانانی یارییە تاكەكان بدرێت، خزمەتی زیاتری یاریزانانی كورد بكرێت بۆ ئەوەی زیاتر گرنگی بە تواناكانی خۆیان بدەن، سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵانیش كە هەمیشە پێشەنگ بووە لە بەسەركردنەوەی یاریزانان لە شارەكانی كوردستان بەبێ جیاوازی.
Top