دوای ئەوەی وەرزی ڕابردوو یانەی نەورۆز وەرزێكی سەركەوتووی لەگەڵ ئەرسەلان جەلال-ی ڕاهێنەری تیپی تۆپی پێی یانەكەی بەسەربرد و توانی بۆ یەكەم جار لە مێژووی یانەكە پلەی سێیەمی ریزبەندی یانەكانی خولی نایابی یانەكانی كوردستان بەدەستبهێنێت، بۆیە ئەم وەرزە دەستەی كارگێڕیی یانەی وەرزشی نەورۆز خوازیاری ئەوە بوون هەرچی زووە بتوانن ئەرسەلان جەلالی ڕاهێنەری هەڵبژاردەی لاوانی كوردستان ڕازی بكەن بە مانەوەی لە یانەی نەورۆز و بەدەستهێنانی ئەنجامی گەورەتر لە خولی نایابی یانەكانی كوردستان، لە ئێستاشدا یانەی نەورۆز و ڕاهێنەری ناوبراو تاڕادەیەك گەیشتوونەتە رێككەوتن بۆ ئەوەی بتوانن وەرزی داهاتووش ڕابەرایەتی تیپەكە بكات لە خولەكانی كوردستان. لە بارەی نوێكردنەوەی گرێبەستەكەشی ئەرسەلان جەلال بۆ گۆڤاری گوڵان وتی: «وەكو مەبدەئی لەسەر زۆربەی بابەتەكان رێكەوتووم لەگەڵ یانەی نەورۆز بۆ ئەوەی لە وەرزی نوێ خولی نایابی یانەكانی كوردستان وەكو ڕاهێنەر سەرپەرشتی مەشقی یانەكە بكەمەوە، دوای ئەوەی وەرزی ڕابردوو بە هیممەتی هەموو لایەك توانیمان ئەنجامێكی باش بەدەست بهێنین كە پلەی سێیەم بوو، بۆیە ئەوانیش بەفەرمی داوایان لە من كرد بۆ ئەوەی گرێبەستیان لەگەڵ نوێ بكەمەوە و بتوانین لە وەرزی نوێ كاری باشتر بۆ یانەی نەورۆز بكەین، دەستەی كارگێڕیی یانەی نەورۆزیش لەسەر زۆربەی ئەو مەرجانەی من هەمبووە ڕازی بوون كە جێبەجێی بكەن و بڕیاریشە ئەوان كۆبوونەوەیەكی خۆیان بكەن بۆ ئەوەی لەسەر هەموو بابەتەكان قسەی دوایی بكەن، ئەو شتانەی داواشم كردووە زیاتر بۆ هێنانی یاریزانانە و هیچ شتێكی وام بۆ خۆم داوا نەكردووە، حەزیش دەكەم خزمەتی یانەی نەورۆز بكەم بۆ ئەوەی وەرزی داهاتووش هەموومان بەیەكەوە بتوانین كارێكی باش بۆ داهاتووی یانەكە بكەین و هەمیشە لە پێشەوەی یانەكانی تر بێت، دەستەی كارگێڕیی یانەكەش وەرزی ڕابردوو پشتگیریی باشی ئێمەیان كرد وەكو دەستەی ڕاهێنەران و تیپەكە هیچ گرفتێكمان نەبووە.