شاری هەولێر هەموو كات چەندین ئەستێرەی بە ناوبانگی لێ هەڵكەوتووە كە پاشەڕۆژێكی باش لە چاوەڕوانی ئەو یاریزانانەدایە، لە ماوەی ڕابردووشدا یاریزانانی ناوبراو گەورەیی و بەهێزیی ئاستی خۆیان نواندووە لە خولەكانی كوردستان و عێراق و ئاسیادا، میران خەسرۆ یەكێك لە یاریزانەكانی هێڵی ناوەڕاستی یانەی هەولێرەو لە ماوەی ڕابردوودا توانی ئاستێكی بەرز لە یارییەكانی جامی یەكێتیی ئاسیا و خولی نایابی یانەكانی عێراقی پێشكەش بكات و بۆتە هۆی چاوتێبڕینی لەلایەن یانەكانی تری بەشدار لە خولەكانی عێراق و كوردستان، دوای هەڵوەشانەوەی تیپەكان لەلایەن یانەی هەولێرەوە یاریزانەكانی هەولێر لە ئێستادا لە نێوان دوو ئەگەردان یان لە یانەكە بمێننەوە یاخود یانەیەكی تر هەڵبژێرن، چونكە تاكو ئێستا یانەی هەولێر چارەنووسی خۆی دیاری نەكردووە لەگەڵ یاریزانانی كوردی یانەكەی. لە بارەی دیاریكردنی چارەنووس و ئەو گرێبەستانەی بۆ یاریزان میران خەسرۆ هاتووە، ناوبراو بۆ گۆڤاری گوڵان وتی: لە دوای ئەوەی ئێمە لە خولی عێراق نەمانتوانی بگەینە چوارگۆشەی زێڕین، ئێمە دانیشتووین، لە ئێستادا من چەندین گرێبەستم لەلایەن ژمارەیەك لە یانەكان پێشكەش كراوە، بەتایبەتی لە شاری بەغدا و لە باشووری عێراق و لە یانەكانی كوردستانیش گرێبەستم پێشكەش كراوە بۆ ئەوەی لە وەرزی نوێی خولی نایابی یانەكانی عێراقی یارییان بۆ بكەم، جگە لەمەش لە خولی كوردستانیش گرێبەستم بۆ هاتووە، بەڵام من بڕیاری كۆتاییم نەداوە لە سەر یاریكردنم بۆ هیچ یانەیەك، چونكە یانەی هەولێر بە فەرمی تیپەكانی هەڵوەشاندۆتەوە، منیش لە چاوەڕوانی ئەوەم بزانم یانەی هەولێر بەرنامەی چی دەبێت، ئەوكات منیش بڕیاری كۆتایی خۆم دەدەم.
لە بارەی دیاریكردنی ناوی ئەو تیپانەی گرێبەستیان پێشكەش كردووە، میران وتی: «جارێ نامەوێ ناوی هیچ یانەیەك دیاری بكەم تاكو كاتی خۆی. سەبارەت بە پشت بەستن بە یاریزانانی كوردیش میران وتی: «من پێم باشە یانەكانی كوردستان پشت بە یاریزانانی خۆمان ببەستن، بەڵام نەك كە پارە نەما، ئەوكات پشت بە یاریزانانی كورد ببەستن، بەداخەوە هەندێك یانە هەر پشت بە یاریزانانی بیانی دەبەستن، گەرچی ئاساییە ئەگەر پشت بە ئەوانیش ببەستن، بەڵام نەك وەكو یانە كوردییەكان یاریزانان بە زۆر پەلكێش بكەن. لە بارەی یانەی هەولێریش میران وتی: «لە ئێستادا یانەی هەولێر تیپی خولی عێراقی هەڵوەشاندۆتەوە و نەك لەگەڵ من، بەڵكو لەگەڵ هیچ یاریزانێك قسەیان نەكردووە، بۆیە هێشتا نازانین بەرنامەیان بۆ ساڵی داهاتوو چییە. من وەكو یاریزانێك پێم باشە متمانە بە یاریزانانی كورد بدەن و ئەو ترسە بشكێ پشتگیریت بكەن، چونكە یاریزانانی كوردیش زۆر بەتوانان و دەتوانن ئەنجامی شایستە پێشكەش بكەن و ناوی یانەكانیان بەرز بكەنەوە.