یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان سەرجەم چالاكییەكانی راگرت

یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان سەرجەم چالاكییەكانی راگرت
سكرتێری یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان ئاشكرایكرد، سەرجەم چالاكییەكانیان راگرت، بەهۆی ئەوەی وەزارتی دارایی پارەی یەكێتییەكە نادات، هەرچەندە سەرۆكایەتی حكوومەتی كوردستان رەزامەندیی لەسەرداوە.
سەلام حوسێن رایگەیاند: بڕیارمان دا سەرجەم چالاكی و پاڵەوانیەتییەكانمان رابگرین و هیچ چالاكییەك بەڕێوەنابەین، تاكو وەزارەتی دارایی حكوومەتی كوردستان ئەو بڕەپارەیەمان بۆ خەرج نەكات، كە رەزامەندیی سەرۆكایەتی حكوومەتی لەسەردراوە.
سكرتێری یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان روونیكردەوە: بۆ چالاكییەكانی وەرزی 2014-2015 حكوومەتی كوردستان رەزامەندی لەسەر بڕی یەك ملیار دینار دابوو، لەو پارەیەش، تەنیا بڕی 250 ملیۆن دینارمان وەرگرت و بڕەكەی دیكە، كە 750 ملیۆن دینارە، لەلایەن وەزارەتی داراییەوە خەرجنەكراوە و ئامادەش نین ئەو بڕە پارەیەمان پێ بدەن، بۆیە ئێمەش رایدەگەیەنین كە سەرجەم چالاكی و خولەكانمان رادەگرین تاكو ئەو پارەیەمان بۆ خەرج نەكرێت.
یەكێتیی تۆپی پێی كوردستان چالاكترین یەكێتیی وەرزشییە لە كوردستانە و هەموو ساڵێك زۆرترین چالاكی و خول و پاڵەوانیەتیی تۆپی پێ لەسەر ئاستە جیاوازەكان رێكدەخات، جیا لەوەی چەندان خولی پێشخستنی ئاستی راهێنەران و ناوبژیوان ئەنجامدەدات و سەرپەرشتی هەڵبژاردەی كوردستانیش دەكات بۆ بەشداریكردن لە خولەكانی دەرەوە.
ريبين رمزى
Top