نزار نوری: ڕاهێنەری لاوانی یانەی برایەتی كێشەی سەرەكیمان نەبوونی یاریگایە بۆ تیپی لاوان

نزار نوری: ڕاهێنەری لاوانی یانەی برایەتی  كێشەی سەرەكیمان نەبوونی یاریگایە بۆ تیپی لاوان
تیپی تۆپی پێی لاوانی یانەی وەرزشیی برایەتی بە یەكێك لە تیپە بەهێزەكانی خولی لاوانی یانەكانی كوردستان هەژماردەكرێت، ئەم تیپە ساڵانە چەندین یاریزانی بەتوانا و تازە پێگەیشتوو بۆ تیپی یەكەمی یانەكەی ئامادە دەكات، یانەی برایەتیش یەكێكە لەم یانانەی كە گرنگیی زۆر بە تیپەكانی لاوان و تازە پێگەیشتووان دەدات بە ئامانجی دروست كردنی بەرهەمی كوردی خۆماڵی بۆ ئەوەی لە ساڵانی داهاتوودا چاوی لە یاریزانانی تری یانەكان نەبێت، نزار نوری مەولود یەكێك لەو ڕاهێنەرانەی كە ماوەی زیاتر لە دە ساڵە لە ریزی یانەی برایەتی وەكو ڕاهێنەر لە ئاستی تەمەن بچووك كار دەكات و شوێن پەنجەی لە خولەكانی كوردستان دیار بووە لە پێگەیاندنی ژمارەیەكی زۆری یاریزانان بۆ یانەی برایەتی و بۆ یانەكانی تر، نزار لە دایكبووی ساڵی 1976ی شاری هەولێرەو پێشتریش لە چەندین تیپی میللی وەكو گۆڵپارێز پارێزگاری لە گۆڵەكان كردووە و لەگەڵ هەریەك لە یانەكانی میدیا و برایەتی كاری ڕاهێنەرایەتی كردووە، ئێمەش لە نزیكەوە چەند پرسیارێكمان لێكرد ئەمیش وەڵامی پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.

دیمانە/ كارزان كانەبی

* ئەم ساڵ ئاستی خولی لاوانی یانەكانی كوردستان چۆن دەبینی؟
- ئەوەی ڕاستی بێت ئەمساڵ خولی لاوانی نایابی یانەكانی كوردستان زۆر بە باشی دەبینم، چونكە كێبڕكێی زۆر هەیە لە نێوان یانەكانی بەشدار لە خولەكە و ئاستیان زۆر لە یەكتری نزیكە، ساڵ بە ساڵیش ئاستی خولی لاوان بەرەو پێشتر دەچێت.
* خاڵی لاوازی ئەم خولە لە چی دەبینی؟
- ئەوەی من تێبینم كردبێت زۆر جار خولەكان دوا دەخرێت بە هۆكاری جۆراجۆر، ئەمساڵیش خولەكە دواخرا ئەم دواخرانەش دەبێتە هۆی بێزاری ستافی ڕاهێنەر و یاریزانانی تیپەكان.
* چی بكرێت باشە بۆ بەرەو پێشبردنی ئەم خولە؟
- ئەگەر بمانەوێ ئاستی خولەكان بەرز بێتەوە پێویستە خولەكان لە كاتی خۆیان بەڕێوە بچن، خولەكە بۆ سەرتاسەری هەرێمیش بەیەكەوە بەڕێوە بچێت باشترە نەك وەكو ئەمساڵ بێت، بەهیوای ئەوەی گرنگیی زیاتر بە یاریزانانی لاو بدرێت لە یانەكانی كوردستان پێداویستیەكانیان دابین بكرێ.
* بە بۆچوونی تۆ كردنەوەی ئەم خولانە ساڵانە نەبۆتە ئەوەی كە تەنیا بەشداری كردن و هیچ خەڵاتێك نییە بۆ ئەوەی تیپی پاڵەوان بچێتە دەرەوە بۆ بەشداری كردن لە پاڵەوانێتییەكە؟
- من و گشت ڕاهێنەرانیش وامان پێ باشترە كە یەكەمی خولەكە خەڵاتێكی زۆر گەورەی هەبێت لەگەڵ سەفەرێكی دەرەوەی وڵات بۆ ئەوەی هەمووان ئەوە بزانن كە یەكەمی خولەكە تایبەتمەندیی خۆی دەبێت بۆ ئەوان و كێبڕكێیەكە زیاتر بەهێز دەبێت.
* كێشەو گرفتی ئێوە چییە وەكو لاوانی یانەی برایەتی؟
- ئەوەی ڕاستی بێت كێشەو گرفتمان هەیە، بەڵام بە بەراورد ئێمە لەگەڵ هەندێك تیپی تری لاوان باشترین، كێشەی سەرەكیی ئێمە نەبوونی یاریگایە.
* ساڵانە ژمارەیەك یاریزان دەهێنیتە ریزی تیپەكەت، لەسەر چ بنەمایەك یاریزانان دیاری دەكەیت؟
- ئێمە هەموو ساڵێك وەكو بەرنامەی خۆمان بەدوای یاریزاناندا دەگەڕێین لە تیپە میللیەكان و گەڕەكەكان دەستنیشان كردنی یاریزانانیش لای ئێمە چەند پێوەرێكی هەیە، وەكو ڕەوشت بەرزی و ئاستی یاریزان و ئەنجامی لەگەڵ ئەو تیپانەی یاری بۆ كردوونە، خۆشبەختانەش ساڵانە ژمارەیەك یاریزانی بەتوانا پێ رادەگەیەنین و دەیدەین بە تیپی یەكەم.
* پێشبینی چی دەكەی بۆ ئەنجامی تیپەكەم لەم وەزرە؟
- هەر چەندە لە یارییەكانی كە ئەنجاممان داون ئاستی باشمان پێشكەش كردووە، پەنا بەخوا هەوڵدەدەین زیاتر خۆمان پێش بخەین لە یارییەكانی داهاتوو و كێبڕكێ لەسەر بەدەستهێنانی نازناوی خولەكەش بكەین.
* بیستوومانە زۆر پۆستت پێدراوە لە یانەكەتان،بەڵام ڕەتت كردۆتەوە هۆكاری چییە؟
- ئەوەی ڕاستی بێت من نزیكەی دە ساڵ دەبێت لە ریزی یانەی برایەتی كار دەكەم، زۆر بە دڵسۆزی كارەكانی خۆم ئەنجام داوە لەم ماوەیە وەكو ڕاهێنەر خەمخۆری ئەم یانەیەم، بەڵام زۆرترین كاری من وەكو ڕاهێنەری تۆپی پێ بوویمە لەم یانەیە، بۆیە ناتوانم لەم یانەیە داببڕێم.
*بەرنامەت چییە بۆ گرنگی دان یە یاریزانانی لاو؟
- بەرنامەی زۆرباشمان ئامادەكردووە بۆ تیپی لاوان، بەڵام بەهیوای ئەوەین ئەم كێشەیەی دارایی هەرێم باش بێت بۆ ئەوەی ئێمەش سوودمەندبین و بەرنامەكانی خۆمان ئەنجام بدەین بۆ پێشخستنی تیپەكەمان.
*بیرت لەوە نەكردۆتەوە فێرگەیەكی پێگەیاندنی یاریزانان بكەیتەوە؟
- بەڵێ دەمێكە بیرم لێكردۆتەوە، بەڵام ئەو یانەیەی كە كاری تێدادەكەم تەنانەت زۆر جار لاوان بێبەش دەبێت لە مەشقی رۆژانە بەهۆی یاریگا، بەڵام من كاری تر دەكەم بەوە ناوەستم زیاتر لە 25 یاریزانی دەوروبەری یاریگای یانەكەمان هەفتانە مەشقیان پێ دەكەم بۆ ئەوەی پشتگیرییان بكەم وەكو گەنج، خۆشمان وەكو یانەی برایەتی لێیان سوودمەند بین، هەر كاتێكیش دەرفەت لە بار بێت ئەوە بیرۆكەی منە زیاتر خزمەت بە كردنەوەی فێرگەی تایبەت بە یاریزانان دەدەم.
* ساڵانە ژمارەیەك یاریزانت دەدەیتە تیپی یەكەم، بەنیازی ئەمساڵیش یاریزانان بەرهەم بهێنیت بۆ تیپی یەكەمتان؟
- بەڵێ ئێمە ساڵانی ڕابردووش چەند یاریزانێكمان داوە بە تیپی یەكەم، بۆ ئەمساڵیش زیاتر لە پێنج یاریزانمان ئامادە كردووە بۆ ئەوەی پێشكەشی تیپی یەكەمی یانەكەمانی بكەین.
* هیواو ئاواتت لە وەرزش كردن چییە؟
- هیواو ئاواتم ئەوەیە یەكەم جار خزمەت بە وەرزشی شارەكەم بكەم، دواتریش بە هەرێمی كوردستان، هیواداریشم دەستكەوتی باش بۆ یانەی برایەتی و بۆخۆشم وەكو ڕاهێنەر بەدەست بهێنم ژمارەیەك یاریزانی بەتواناش لە سەر دەستی من پێبگات.
* ساڵانە پاڵەوانێتیی نۆر وای كوپ هەیە لە نەرویج، بەڵام ئەوەی تێبینی كراوە، بۆ ڕاهێنەری هەڵبژاردەكە پەنا بۆ ڕاهێنەری خولی نایاب دەبەن لە بری خولی لاوان و تازە پێگەیشتووان تۆ چی دەڵێیت، ئەمە بە راست دەزانی؟
-ئەوەی ڕاستی بێت وەڵامی ئەم پرسیارە لای منیش نییە، من وەكو ڕاهێنەرێك پێم باشە ڕاهێنەری هەڵبژاردەی لاوان لە تیپەكانی لاوان دەستنیشان بكرێت، بەهیوای ئەوەم لە ساڵانی داهاتوودا چاوێك بەم بڕیارانە بخشێندرێتەوە.
*یانەی برایەتی تا چەند هاوكارتانن لە بەرەو پێشبردنی تیپی لاوان و دابین كردنی پێداویستی بۆت؟
- دەستەی كارگێڕیی یانەی برایەتی هەموو كات هاوكاری تیپەكەمان بووە لە رووی داراییەوەش بە پێی پێویست هاوكارن، بەڵام وەكو یاریگا بە جۆرێك بێبەشین، بە شێوەیەكی گشتی كەمتەرخەمیان نەكردووە بۆ ئێمە.
* ئەگەر لە كۆتاییدا شتێكت مابێت؟
- لێرەوە دەمەوێ سوپاسی هەموو ئەو كەسانە بكەین كە هاوكارمانن، سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵانیش كە بەردەوام هاوكاری تیپەكانی كردووە لە بەسەركردنەوەیان، بە سەركردنەوەی یاریزانانی لاویش زۆر پێویستە.
Top