دوای ئەوەی وەرزی ڕابردوو یانەی سلێمانی نەیتوانی هیچ ئەنجامێكی شایستە لە خولی نایابی یانەكانی كوردستان بەدەستبهینێت، ڕزگار عەلی ڕاهێنەری پێشووی یانەكەش گەرەنتی مانەوەی نەداوە بە دەستەی كارگێڕیی یانەی وەرزشی سلێمانی، بۆیە لە ئێستادا یانەی سلێمانی بەنیازی ئەوەیە شوێنگرەوەیەك بۆ سەرپەرشتی كردنی مەشقی یانەكەی بدۆزیتەوە لە یارییەكانی وەرزی نوێی خولی كوردستان تیپەكە بەڕێوە ببات، ئەمساڵیش یانەی سلێمانی دەیەوێت ببێتە ژمارەیەكی گەورە لە خولی كوردستان، بۆیە لەئێستادا دەنگۆی پێدانی ئەركی ڕاهێنەرایەتیی یانەی سلێمانی بە خەسرۆ گوروون لە ئارادایە بۆ ئەوەی بتوانێ ببێتە فریادەڕسی یانەی سلێمانی لە خولی كوردستان و یانەكەش بكاتە ژمارەیەكی گەورە لە خولی كوردستان، لە بارەی ئەگەری پێدانی ئەركی ڕاهێنەرایەتیی یانەی سلێمانی بە خەسرۆ گوروونی ڕاهێنەری پێشووی سلێمانی بێوەی ئەحمەد لە راگەیاندنی یانەی وەرزشی سلێمانی بە گۆڤاری گوڵانی راگەیاند و گوتی: ڕاستە دەنگۆی هاتنی خەسرۆ گوروون بۆ ڕاهێنەرایەتی یانەكەمان لە ئارادایە، بەڵام تاكو ئێستا شتێكی فەرمی نەبووە لە نێوان دەستەی كارگێڕیی یانەی وەرزشی سلێمانی و ڕاهێنەری ناوبراو، بۆیە ئێمە لە ئێستادا دەمانەوێ تیپەكە رێك بخەینەوە و تیپێكی تۆكمە دروست بكەین بۆ وەرزی نوێی خولی نایایی یانەكانی كوردستان، ئەوەش ئاشكرایە ساڵ بە ساڵ خولی نایابی كوردستان بەهێز دەبێت ئێمەش دەمانەوێ ببینە تیپێكی بەهێز لە خولی نایابی یانەكانی كوردستان لەم وەرزەدا.