هەرێم بورهان گرێبەستی پێشكەشكراوە

هەرێم بورهان گرێبەستی پێشكەشكراوە
دوای ئەوەی وەرزی ڕابردوو هەرێم بورهان نەیتوانی لەگەڵ یانەی سلێمانی بەردەوام بێت بەهۆی كێشەكانی لەگەڵ یانەكە و لە وەزری ڕابردووشدا لە نێو وەرزی یارییەكانی خولی نایابی یانەكانی كوردستان بێبەش بوو بەهۆی ئەوەی كە نەیتوانی كێشەكانی لەگەڵ یانەكە چارەسەر بكات، بۆیە كێشەی ناوبراو بە هەڵوەسراوەیی مایەوە، لە ئێستاشدا هەرێم بورهان جگە لەوەی گرێبەستی پێشكەشكراوە، بڕی پارەی پێویستی خۆیشی لە یانەی سلێمانی وەرنەگرتووە، بۆیە لە چاوەڕوانی ئەوەدایە كە بتوانێ بۆ وەرزی نوێ خولی نایابی یانەكانی كوردستان چارەسەری كێشەكەی بكرێت و بگەڕێتەوە یاریكردن لە خولەكانی كوردستان، لەم بارەشەوە هەرێم بورهان بۆ گۆڤاری گوڵان وتی: «من لە دوای قۆناغی یەكەمی خولی نایابی یانەكانی كوردستان تاكو ئێستا بۆ یانەی سلێمانی یاریم نەكردووە. هەر چەندە من داوای دەستبەرداربوونم كرد لە یانەی سلێمانی، بەڵام ئیدارەی یانەكە ئەوەی ڕەتكردەوەو ئامادە نەبوون مافی دەستبەرداربوونم پێ بدەن، لەگەڵ ئەوەشدا من ئامادە نەبووم بگەڕێمەوە یانەكە، ئێستاش چاوەڕوانی مافی خۆمم لە یانەی سلێمانی.»وتیشی: «ئەمساڵ لە چەندین یانە گرێبەستم پێشكەشكراوە، بەڵام بەهۆی وەرنەگرتنی مافی دەستبەرداربوون نەمتوانیوە بچمە هیچ یانەیەك»، لە بارەی بڕی گرێبەستەكەشی وتی: «هەر چەندە گرێبەستی من لەگەڵ یانەی سلێمانی 27ملیۆن دینار بووە، بەڵام لە سەرجەم ئەو بڕە پارەیە تەنیا شەش ملیۆن و 500 هەزار دینارم پێدراوە، كە ئەوەش تەواوی مافی خۆم نییە، جگە لەوەش ڕاهێنەری یانەی سلێمانی ئەوەی بە من راگەیاند كە سوود لە تواناكانی من نابینن، بۆیە ناتوانن لەگەڵم بەردەوامبن، دەبوایە دوای ئەم قسانە من سەرجەم مافەكانی خۆم وەربگرتایە لە گرێبەست و مافی گواستنەوەم، بەڵام جارێكی تر رێگرییان لێ كردم.»
Top